بێریتان دێرسیم فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیی یەژاستار لەبارەى داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و رۆڵی پەدەکە لەو هێرشە داگیرکەرییانەدا و هەروەها بەرخودانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە ستێرک تیڤی شیکاریی گرنگی خستەڕوو. شیکارییەکانی بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
"پارتی خاکی کوردستانی فرۆشتوە و دەوڵەتی تورک بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوور"
بێریتان دێرسیم رایگەیاند، "دەوڵەتی تورک لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێز وەردەگرێت و لە دژی ئێمە شەڕ دەکات. زۆر جار پارتی زیاتر لە تورکەکان داوای لە دەوڵەتی تورک کردووە بۆ شەڕ لە دژی ئێمە و هانیشیداون، بەڵام بۆ ئەوە دەکات؟ بۆ ئەوەى ئابڕوچوونەکانی پارتی ئاشکرا نەبن و میللەت ئابڕووچوون و تاوانەکانی پارتی نەبینن، بۆیە رۆژەڤ دەگۆڕێت و دەیەوێت گەل چەواشە بکات. ئێستا پەدەکە لە باشوور سیاسەتی ئاکەپە بەڕێوەدەبات. دەیەوێت گەلەکەمان چەواشە بکات، ناڕازییەکانیش دەگرێت و هەڕەشەیان لێدەکات و دەشکوژێت. زۆر کەسی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەری شەهید کردووە. هەروەها هانی تورکیا دەدات، کە بە فڕۆکەى جەنگی گوندەکان و وڵاتپارێزەکان بۆردومان بکات. چەندین هاووڵاتیی مەدەنیی بەو هۆیەوە شەهید بوون. هەموو گوندەکانی حەفتانینیان چۆڵکرد. ئێستاش دەیەوێت گوندەکانی مەتینا چۆڵ بکەن. لە رێگەی کوێخاکانی خۆیەوە دەستیکردووە بە پڕوپاگەندە لە ناو میللەتدا و بە هاووڵاتییان دەڵێن، مەڕۆنەوە بۆ گوندەکانی خۆتان، چونکە بە فڕۆکە بۆردومان دەکرێن. ئەوە بۆ چی دەکات؟ بۆ ئەوەى میللەت لە ناوچەکە بڕوات و تورک بە ئاسانی تیایدا بمێننەوە. پارتی گەل چاوترسێن دەکات و رێگای نادات میللەت بە شێوەیەکی ئازاد لەسەر خاکەکەى خۆیدا بژی.
"هەوڵ دەدات گەلی باشوور بە برسێتی و هەژاری رابهێنێت"
ئێستا خاکی کوردستانی فرۆشتووە. تورک بە قوڵایی ٣٠ کلیۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوور، بەڵام بارزانی دەنگ ناکات، نێچیرڤان و مەسرور دەنگ ناکەن. بەوە رازین. ئەوەى پلانیان بۆ دانا و چاوەڕێی بوون ئەنجامی نەبوو بۆیان، ئۆپراسیۆنەکەیان لە حەفتانین تێکشکا. گەلیش هەندێک ناڕەزایەتییان هێنایە پێشەوە. بە تایبەتی هەڵوێستی گەلی باشوورمان هێژای ستایشکردنە. گەلی باشوورمان دەزانێت کە ئەو داگیرکەرییە چ مانایەکی هەیە، بۆیە لە دژی دەوەستنەوە. ئێستا چ سیاسەتێک لە دژی گەلی باشوور بەڕێوەدەبات؟ دەیانەوێت کارێک بکەن گەنجان ناچار بکەن روو لە ئەوروپا و تورکیا بکەن. دەیانەوێت بیانکەن بە سیخوڕو لە دژی گەلی کورد بەکاریان بهێنن. پارتی وەک ئەردۆغان گەل هەژار و برسی دەکات تاوەکو بۆ خۆی بەکاریان بهێنێت. دوای ئەوەش دەڵێت، "ئەوە مووچەە بۆ تۆ، بەڵام کار بۆ من بکە، لە دژی پەکەکە کار بکە، لە دژی ئەوە بە و بە کورتی بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت". دەیەوێت گەلی باشوور بە برسێتی و هەژاری رابهێنێت. مووچە نادات، پارە نادات، بۆ نمونە تەنانەت گەل بۆ خۆیان کشتوکاڵ دەکەن و دەیانەوێت بڕۆن لە شارەکاندا بەربوومی خۆیان بفرۆشن، بەڵام پارتی رێگرییان لێدەکات. بۆ ئەوە دەکات؟ چونکە دەبێت تەماتە لە تورکیاوە هاوردە بکەن. ئاخر بۆ سەوزە و میوەی تورکیا هاوردە دەکەن، کە کیمیاویی و هۆرموون و دەرمانکراون؟ گەلی باشوور و خاکەکەى ئەو هەموو دەوڵەمەندییەى هەیە، بەڵام بۆ بێ بەهای دەکەن؟ چۆنکە رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا هەیە.
"دەیانەوێت بە رێککەوتنێکی چەپەڵ شەنگال رادەستی ئەو کەسانە بکەن، کە لە فەرمانی سەر ئێزدییەکان بەرپرسیارن"
گەریلا گەلی باشوور دەپارێزێت و کەرکوک، مەخمور و شەنگالی پاراست. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار ئێستاش دەڵێن، ئێمە هێزی پاراستنی گەلین و پێویستیی گەل بە پاراستن هەبێت، جا لە هەر کوێیەک بێت، لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە هەموو شوێنێکدا بۆ پاراستنی گەلی خۆمان ئامادەین. ئێمە ئەوەمان سەلماند. گەل بێ پاراستن و بەرگری نابێت. ئەوان لە شەنگال گەلیان بێ پاراستن و بەرگری کرد، گوایە شەنگال لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بوو. ئێستاش دەیانەوێت بە رێککەوتنی چەپەڵ و قێزەون شەنگال رادەستی ئەو کەسانە بکەن، کە لە فەرمانی سەر ئێزدییەکان بەرپرسیارن. بێگومان گەلی شەنگال ئەوە قبوڵ ناکات. لەو بابەتەدا گەریلا هێزی پاراستنی گەلە. بە دڵنیاییەوە لە هەموو شوێنێکدا گەل و خۆی دەپارێزێت. راستە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای ناتۆ بەکار دەهێنن، بەڵام گەریلاش لە بەرامبەر ئەوانەدا بێچارە نییە. تاکتیکی تایبەتمان هەیە، شێوە و شێوازی خۆمان هەیە، ئێمەش دەستەوەستان نابین، چاوەڕێی فڕۆکەکانی ئەوان نابین.
"دەبێت ئیدی گەلیش لە هەموو شوێنێکدا خۆی بپارێزێت"
لە دەریای رەش تاوەکو ئامانۆس، لە شاهۆ تاوەکو حەفتانین و لە سەرتاسەری کوردستاندا گەریلا هەیە و کوردستان دەپارێزرێت. گەلی کورد فێری خۆپاراستن بووە. گەلی کورد ئیدی بێ پاراستن و بەرگری نییە و هێزی خۆپاراستنی هەیە. ئیدی گەل لە چوارپارچەى کوردستان دەزانێت خۆی بپارێزێت، بۆیە دەبێت خاوەنداری لە هێزی پاراستن بکرێت و گەورە بکرێت. دەبێت گەل بۆ خۆی ببێت بە هێزی پاراستن و لە هەموو شوێنێکدا خۆی بپارێزێت. کاتێک چەتەکان هێرشیان کرد، یان هەوڵێکی داگیرکەری هەبوو، دەبێت گەل لە شوێنێ خۆیدا بەرەنگاریان ببێتەوە.
"با کەس گوندی خۆی چۆڵ نەکات، نەکەوێتە داوی گەمەی دوژمنەوە"
دەبێت گەلی کوردستان فێر بێبت لە ناو دۆخی شەڕدا بژی و شوێنێ خۆی چۆڵ نەکات و رانەکات. گەلی باشوورمان لەو بوارەدا هەندێک شارەزان، لە دۆخی شەڕدا گەورە بوون و لەناو شەڕدا ژیاون و ئەزمونیان هەیە. بۆیە دەبێت دەست لە گوندەکانی خۆیان هەڵنەگرن و نەکەونە داوی گەمەى دوژمنەوە. وڵاتەکەمان بەهەشتە و نابێت دەستبەرداری بن. ئێوە دەڕۆن بۆ کوێ و کێ خاوەنداریتان لێدەکات؟ لەبەر ئەوەش گەریلا تا دوا هەناسەى لە پاڵ گەل دەبێت و دەبێتە پشت و پەنای گەل و پێشەنگایەتی و بۆ گەل دەکات و گەل دەپارێزێت.
ئێمە پێشەنگایەتیی ئەو هەڵمەتە دەکەین، ئێمە دەبینە گەرەنتیی ئازادیی سەرۆکایەتی. ئێمە فیدایی ئاپۆیین. گەل ومیللەتێک فیدایی هەبێت ئەو گەلە لە بن نایەت و ناکەوێت. ئەم گەلە فیدایی هەیە و سوپایەکی فیدایی هەیە. ئەم گەلە لە بن نایەت. بێگومان ناڕەحەتی و سەختی و دژواری دەکێشێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانێت، کە کەسانێکی زۆر هەن خۆیان بۆ ئەم گەلە فیدا دەکەن. لەبەر ئەوەش ئەم گەلە لە بن نایەت. تێکناشێکت و هەرگیز لە بن نایەت. رەنگە قوربانی بدرێت، بەڵام ئازادی بەبێ قوربانیدان نابێت. دەبێت بڕوایان بە خۆیان هەبێت و رێبکەن. هەڵوێستی هیوابڕاوی و لاواز شایستەى گەلی کورد نییە، بەتایبەتی دەبێت گەنجانی کورد ئەو شتانە بە شایستەى خۆیان نەزانن، چونکە گەنجانی کورد چاونەترسن و رێگری و بەربەست قبوڵ ناکەن. دەبێت گەنجان و ژنانی کورد لەو بابەتەدا پێشەنگایەتی بۆ گەلی کورد بکەن.
"سەرۆک ئاپۆ هێزی تێکۆشانە لە دژی کۆیلەیەتیی گەلی کورد"
سەرۆک ئاپۆ هەبوونی گەلی کوردی سەلماند و بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشا. خۆی فیدا کرد. گەورەترین فیدایی گەلی کورد سەرۆک ئاپۆیە. ئەوانەى بە خۆیان دەڵێن، نوێنەری گەلی کوردن، باشە چ فیدایەتییەکان کردووە؟ بە تایبەتی ئەوانەى ئێستا. ئەوانەى دەڵێن، ئێمە نوێنەری گەلی کوردین و ئێمە سەرۆکەکانی گەلی کوردین، چ فیدایەتییەکیان کردووە؟ ئێوە لە کۆشەکەکاندا دەژین و هەموو شتەکانتان خستووەتە خزمەتی خۆتان. سەرۆک کاتێک لە شام بوو خۆی بۆ گەل فیدا دەکرد. ئێمە ئیستا ئەوە تەنها بەهۆی ئیمراڵییەوە ناڵێین، چونکە سەرۆکەکەمان لە شامیش هەموو ژیانی خۆی فیدای ئەم گەلە کرد. سەرۆکمان خولەکێکیش بۆ خۆی نەژیا. خانە بەخانەى هەموو جەسەتە و بوونی بۆ ئەم گەلە تێکۆشا. چونکە ئەوەی بینی، کە کۆیلەیەتی تا چ ئەندازەیەک بۆ گەلی کورد خراپ و زیانبەخشە، بۆیە بە هەموو خانەکانی جەستە و بوونی خۆییەوە لە دژی ئەو کۆیلەیەتییە وەستایەوە و گەلی کوردی گەیاندە ئاستێک، کە کۆیلەیەتییەکەی ببینێت و قەبوڵی نەکات. هێزی تێکۆشانی بە گەلی کورد بەخشی و گەلێکی لە نەبوونەوە ژیاندەوە. لەبەر ئەوەش ناهەقییە سەرۆکمان لە ئیمراڵی بێت. ئەوە بۆ مرۆڤایەتی شەرمە و گەورەرترین شەرمە بۆ کوردان و گەورەترین شەرمیشە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
"دیلکردنی سەرۆک ئاپۆ ئیدی قبوڵ ناکرێت"
لەبەر ئەوەش گەریلا، گەل و دۆستانی گەلی کورد و ئەوانەى لە سەرۆکایەتی تێگەیشتون و خۆشیان دەوێت، دەبێت بە دڵنیاییەوە لە ئیمراڵی بیهێننە دەرەوە. ئەوە باج و قوربانییەکەى چی دەبێت با ببێت، دەبێت ئەو کارە بکرێت. وەکو گەلی کورد دەبێت ئێمە ئەو شەرمبوونەى دیلکردنی سەرۆک ئاپۆ قبوڵ نەکەین. تاوەکو ئێستا داوای چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک دەکرا، بەڵام لەمەودوا نابێت تەنها داواکە ئەوە بێت، ئێستا ئێمە نازانین دۆخی سەرۆکایەتی چۆنە. بۆ ئێمە بە گومان و نیگەرانییەوە نزیک دەبینەوە؟ ئێمە چۆن باوەڕ بکەین، کە سەرۆکایەتی ئێستا لە چ دۆخێکدایە. دەبێت ئەوە بۆ ئێمە کێشە بێت. گۆشەگیری و دیلکردنی سەرۆکایەتی بۆ گەلی کرد قبوڵ ناکرێت. ئەو هەڵمەتە بۆ ئەوەیە، کە ئیدی ئێمە ناتوانین خۆمان لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا رابگرین.
رێگای ئازادیی گەلی کور رێگای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالانە. گەلانی تریش ئەوە دەزانن. گەلی عەرەبیش رزگاریی خۆی لەوەدا دەبینێت. ئەو هەموو مرۆڤە بەشداری شۆڕشەکەمان بوون، لە کەنەداوە، لە چین، لە ئەندۆنیزیایەوە، لە ئەمریکاوە، لە بەریتانیاوە، لە ئوستورالیاوە، لە ئیسپانیاوە، لە ئەڵمانیاوە، لە ئیتالیاوە لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایەوە شەپۆل شەپۆل هاتن و بەشداری شۆڕشەکەمان بوون، بەشداری شۆڕشی گەلی کورد و بەشداری تێکۆشانەکەمان بوون. جاری یەکەمە لە دونیادا، کە شۆڕشێک ئەوەندە سەرنج بۆ خۆی رادەکێشێت، ئەوەندە بە لێشاو و شەپۆل بە شەپۆل بەشداری دەبن. لەبەر چی؟ رزگاریی خۆیان لەوەدا دەبینن. ئێمە بزووتنەوەیەکی جیهانین، بزووتنەوەیەکى گەردونین.
"پارتی لە عەقڵ و مێشکی خۆیدا کوردستانی پارچە کردووە، بەڵام بۆ ئێمە کوردستان یەکپارچەیە"
جگە لە پارتی هەموو کەس لە دژی داگیرکەری دەوەستێتەوە و پارتی دەڵێت "لەبەر ئەوەى پەکەکە لێرەیە" ئەوە روودەدات. باشە پەکەکە تۆ دەپارێزرێت، پەکەکە گەلی خۆی دەپارێزێت، ئەو خاکە خاکی کوردستانە نەک خاکی بێگانە، ئێمە کوردین و لەسەر خاکی خۆمان دەژین. دەڵێن، "بڕۆنەوە بۆ پارچەى خۆتان لە باکوور". پارتی بۆ ئەوە دەڵێت، چونکە لە عەقڵ و مێشکی خۆیدا کوردستانی پارچە کردووە، بەڵام ئێمە نەک کوردستان بە پارچە پارچە نازانین، بەڵکو بە یەکپارچەى دەزانین. من خۆم بۆ گەلی باشوور فیدا دەکەم، من خۆم بۆ گەلی رۆژهەڵاتمان فیدا دەکەم، بۆ رۆژئاوا خۆم فیدا دەکەم، بۆیە تۆ ناتوانیت بە من بڵێیت، تۆ تەنها بەرپرسیاریی گەلی باکووری. تۆ ناتوانیت بە من بڵێیت، بڕۆ تەنها خۆت بۆ گەلی باکوور فیدا بکە. نا، من بۆ گەلی باشووریش خۆم فیدا دەکەم، گەریلا ئەوەى سەلماندووە.
"ئێمە گەلی باشوور و حکومەتی باشوور دەپارێزین"
ئێستاش ئێمە خاکی باشوور دەپارێزین. مێژوو پێچەوانەوە و چەواشە مەکەن، بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆتان سیاسەت نەکەن. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە باشی لەوە تێگەیشتووە. پشتی خۆی دایە گەریلا و پێشمەرگە راست و دروستەکان، بۆیە نابێتە ئامڕاز و کەرەستەى سیاسەتی چەپەڵ، چونکە خاوەنی شکۆ و شەرەف و کەرامەتە. چونکە خۆشیان تیایدا ژیاون، هێشتا ئەنفال و هەڵەبجەیان لە بیر نەچووەتەوە. نزیکترین مێژوو ریفراندۆمە. لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیدا کێی لە هەموو کەس زووتر هاتە سەر سنوور و تانکی هێنایە سەر سنوور؟ کێ ئێران و عێراقی خستە جوڵە و وتی "بڕۆن فریا بکەون، دەوڵەت دروست دەکەن، دەوڵەتەکەیان بەسەردا بڕووخێنن". ئەوە تورک بوو، ئەوە ئەردۆغان بوو. هەموو ئەو شتانەش دەزانن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرامبەر هەمویدا بێ هەڵوێستن. بۆیە دەست دەکەن بە نکۆڵیکردن و ئینکارکردن و دەست بە دووڕوویی دەکەن، بەڵام گەل ئەوانە لە بیر ناکات، گەلی باشوورمان ئەوە لە بیر ناکات. ئیدی ژنان و گەنجانی باشوور فریو نادرێن، ناتوانن فریویان بدەن، چونکە ئەوان لە هەموو کەس باشتر لە راستییەکان تێگەیشتون و هەر گیز نابنە ئامڕاز و کەرەستەی دوژمن.
"با کەس حساباتی هەڵە بەرامبەر بە گەریلا و پەکەکە نەکات"
ئێمە ناڕۆین دەوڵەتێک داگیربکەین، ئێمە لە بەردەم داگیرکەری دەوەستینەوە، بەڵام بۆ هەندێک هێزی دەسەڵاتدار و بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان و بنەماڵەییان کوردستان دەفرۆشن، نرخ و بەهاکانی گەلی کورد دەفرۆشن و پێشکەشی دوژمنی دەکەن. ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین. گەریلا گەرەنتیی ئازادیی گەلی کوردە. دوێنیش وابوو و ئەمڕۆش وەهایە و سبەیش گەرەنتیی دەکات. با کەس حساباتی هەڵە بەرامبەر بە گەریلا و پەکەکە نەکات. بە دڵنیاییەوە شەپازلەیەکی مێژوویی دەخۆن، کە هەرگیز لە بیریان ناچێتەوە. ئێمە هەرگیز رێگا نادەین کوردستان لە ژێر چەپۆکەى داگیرکەردا بێت. ئەگەر تەنها یەک کەسیش بمێنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە کوردستان بۆ داگیرکەر چۆڵ ناکات و دەستبەرداری کوردستان نابێت، بە تایبەتیش هەرگیز رێگا نادرێت لە ژێر چەپۆکە و داگیرکەریی ئەردۆغاندا بمێنێتەوە و خۆیشی ئەوەش باش دەزانێت. با پشتی خۆیان بە فڕۆکەى جەنگی گەرم نەکەن. گەل بۆ خۆی گەریلایە، ئێمە سوپایەکی گەلین. سوپای هەپەگە رۆڵەى ئەم گەلەیە.
بە رێکسختنکردن خۆپاراستن ئەرکی کۆمەڵگەکەمانە. گرنگە شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان خۆی بپارێزێت و رێگا نەدرێت سیخوڕەکان بچنە ناو گەل و کۆمەڵگە".
ژ.ت