فەرماندەی هەپەگە: دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەریلا بێدەسەڵات و بێچارە بووە

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە گەریلا بێدەسەڵات و بێچارە بووە و سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەیتوانی بچێتە ناو تونێلەکانەوە. راشیگەیاند، گەریلا نەک تەنها خۆی دەپارێزێت، بەڵکو گورزی قورسیش لە دوژمن دەدات.

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، بەرخۆدانی چەندین مانگەى گەریلا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شانازییە و راشیگەیاند، "ڕۆحی شۆڕشی زاگرۆسن".

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە وتی، "گەریلا لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بە پێی شێوازی سەردەمی نوێ خۆیان بونیاتنایەوە و  بەوەش دەوڵەتی تورک بێدەسەڵات و بێچارە بوو. گرنگ نییە، کە دوژمن چەند تەکنیکی شەڕی خۆی زیاد کردووە، بەڵکو گرنگ ئەو ڕێگا و شێوازانەیە، کە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو تەکنیکە و تەکنەلۆژیایانە ئافرێنراون". ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە دەربارەی بەرخۆدان و تێکۆشانی زاگرۆس قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

"نەریتی 'بەرخۆدانی ژیانە' بەردەوامە"

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە یادی شەهیدانی وەرخەل، شاخە سور و زەندورای کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو تێکۆشانەی ئێستا بەڕێوەدەچێت ئەزموونی ٤٠ ساڵی تێکۆشانی لە پشتە و وتی: "هاوڕێیانمان وەک کەمال و مەزڵومەکان بەرخودان ژیانەیان بۆ خۆیان کردە بنەما. تێکۆشان و بەرخۆدانێک، کە بە دروشمی 'بەرخۆدان ژیانە' و 'مرۆڤ بە بەرخودان سەر دەکەوێت' لە زاگرۆس و مەتینا و زاپ بەردەوامە. بەتایبەتی ماوەی ٦ مانگە لە دژی دید و چەمکی شەڕی دەوڵەتی تورکی فاشیست، تێکۆشانێکی بێوێنە لە دژی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بەڕێوەدەچێت".

'هیچ شتێک نەماوە لە دژی گەریلا بەکاری بهێنێت'

ڕوستەم بۆتان ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا لە زیادبووندایە و وتیشی، "هەموو دەرفەت و توانا و هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى گەریلا پاکتاو بکات. هیچ شتێک نەماوە، کە ئەوان هەوڵیان بۆی نەدابێت و تاقییان نەکردبێتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش نەیانتوانی ئەنجامێک بەدەست بهێنن. بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، دوای ئەوەی گەریلا خۆی سەرلەنوی بونیاتنایەوە ئیدی ئەوان بە بنبەست گەیشتن و بێ هیوا بوون. نە فڕۆکەی چاودێری، نە فڕۆکەی جەنگی و نە گازی کیمیایی هیچ ئەنجامێکیان نەبوو. بەڕاستی لە قۆناغی ٦ ساڵی ڕابردوودا و لەم ساڵانەى دوایدا، کە گەریلا بە پێی رێباز و شێوازی سەردەمی نوێ خۆیان ڕێکخست، دەوڵەتی تورک بێدەسەڵات و بێچارە مایەوە و هەرچیی کرد نەتیوانی ڕێگری لە چالاکیی گەریلا بکات. هەر چەندە دوژمن تەکنیکەکانی شەڕ زیاتریش بکات، گەریلاش ڕێگا و ئامرازەکانی تێکشکاندن و پووچکردنەوەى ئەو تەکنیکانە زیاتر دەکات".

'گەریلا تەنها لە دۆخی بەرگریدا نەمایەوە'

رۆستەم بۆتان راشیگەیاند، ماوەی شەش مانگە دەوڵەتی تورک بە دوا چەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بە تایبەتی چەکی کیمیایی بەردەوام هێرش دەکات و وتی، "دەوڵەتی تورک هەموو جۆر و شێوازێکی پیس و قێزەونی شەڕی بەکارهێنا بۆ ئەوەى بڕواتە ناو تونێلەکانی شەڕ. تەنانەت لە شەڕی نێوان دەوڵەتەکاندا بەو رادەیە چەک و تەقەمەنی بەکارناهێنرێت. واتە لێرەدا تێدەگەین، کە دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر تاکتیکی گەریلا و تێکۆشاندا بێدەرەتان و بێچارە ماوەتەوە. ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکە، کە ناتوانێت بەرخۆدانی گەریلا تێبشکێنێت، بۆیە لە بنەڕەتدا چەندین شێوازی پیس و قێزەونی شەڕ بەکار دەهێنێت، کە چەکی کیمیایی یەکێکە لەو شێوازانە. سەرباری ئەوەش گەریلا  لە دژی هێرشی چەکی کیمیایی بێچارە نەبوو و بە تەکنیک و تاکتیکی جیاواز چالاکیی سابۆتاژیان ئەنجام دەدا.

چالاکییەکانی گەریلا ئەنجامی بەهێزیان هەبوو. ئەو جۆرە چالاکیانە لەلایەن یەژاستارە بەڕێوەچوون، کە پێشەنگایەتیی سەردەمەکەیان کرد. لە وان، گەڤەر، بۆتان، مەتینا و زاگرۆس چالاکیی خۆسەر رێکخرا. واتە گەریلا تەنها لە پێگەی بەرگریدا نەبوون. گەریلا هەم خۆی پاراستن و هەمیش لە چەندین ناوچەدا لە دژی دوژمن چالاکییان ئەنجامدا. لە زۆر ناوچەدا گورزی قورسیان لە دوژمن دا و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیی دوژمندا گرت. هەموو ئەوانەش دەرئەنجامی نوێبوونەوەی گەریلا بوو لە سەردەمی نوێدا".

'تاکتیکی گەریلا زۆر پەرەی سەندووە و پێشکەوتووە'

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، "گەریلا، کە بە فەلسەفەی ئاپۆیی خۆیان ڕێکخستووە ماوەی ٦ مانگە بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکەن". وتیشی، "لە مامڕەشۆ و شەهید سەردار و زەندورا هەڤاڵان ڕێگەیان نەدا دوژمن سەربکەوێت. لە شاخە سوور و وەرخەل بەرخۆدانێکی گەورەیان کرد. لە شاخە سووردا لە کەسایەتیی هەڤاڵ بۆتان دا تێکۆشانێکی گەورە ئەنجامدرا. دوژمن هەرچەند ویستی بەرەو پێش بڕوات، لێیدرا و ناچار بە کشانەوە کرا. لە وەرخەلیش ماوەی ٤ مانگ بەرخۆدان بەردەوامە و دوژمن ناتوانێت بچێتە ناو تونێلەکانەوە. هەڤاڵان لە دژی دوژمن چالاکیی جیاواز ئەنجام دەدەن. لە ڕووی تاکتیکییەوە پێشکەوتنی گەورە هەیە. شەڕی تونێلەکان و یەکە تایبەت و تیمەکانی گەریلا لە ناوچەکەدا تاکتیکی گرنگ و جۆراوجۆریان بەکارهێنا. لەو رێگەیەوە و بەو شێوازانە تا ئێستاش لە هەموو ناوچەیەکاندا شەڕ بەردەوامە. هەڤاڵان هەم لە ناو تونێلەکان و هەمیش لە دەرەوە گورزی قورس لە دوژمن دەدەن و ئەنجام بەدەست دەهێنن".

'ئێمە شانازی بە ئیرادە و هەڵوێستیانەوە دەکەین'

ڕۆستەم بۆتان فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، بەرخۆدانی گەریلا جێگای شانازی و سەربەرزییە و وتی، "ئەو بەرخۆدانە لە سەرەتادا لە کەسایەتیی هەڤاڵان جومالی، دیانا، ماهیر، بۆتان، دڵژین و سەرحەد بەهێز بوو. دەبێت ئەوە بوترێت؛ نەک تەنها گەلی کورد، بەڵکو ئەو گەلانەی دەیانەوێت ئازاد ببن، ئێستا هەموویان سەرنج و چاویان لەسەر بەرخۆدانی گەریلایە لە وەرخەل. هەڤاڵانمان هەمیشە لە یادەوەری و یادماندان. ئێمە شانازی بە ئیرادە و هەڵوێستیانەوە دەکەین. ئەو ڕۆح و ئیرادە و ورەیە، کە هەڤاڵ شۆڕش لە سیان لە خۆی نیشان دا ئەمڕۆ لە زاگرۆس بەردەوامە و گورزی گەورە لە دوژمن دەدات. گەریلا لەسەر ڕێگای بەرخۆداندایە. بەدڵنیاییەوە ئەم بەرخۆدانە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی دروست دەکات".

فەرماندە ڕۆستەم بۆتان لە کۆتاییدا بە منەتەوە یادی ئەو گەریلایانەی کردەوە، کە لە بەرخۆداندا شەهید بوون و سڵاوی لەو هەڤاڵانەش کرد، کە لە شەڕ و تێکۆشاندان.

ژ.ت