ئاکەپە و قەیومەکەى بۆ پەردەپۆشکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جۆلەمێرگ، فێستیڤاڵی بەفریان سازکرد.
دەسەڵاتی ئاکەپە، کە هەموو جۆرە چالاکییەکی دیموکراتیک و مەدەنیی لە جۆلەمێرگ قەدەغەکردووە، بە دروشمی درۆینەی "لە جۆلەمێرگ ژیان هەیە" فێستیڤاڵێکی بەفری ڕێکخست.
یەڵماز ئەردۆغان، کە ١٠٠ هەزار لیرەی تورکیی وەک هاوکاریکردن بە سوپای تورک دابوو و ئایدین ئایدین-یش، کە لە تی ئاڕ تی ٦ دا خەریکی قەشمەریکردنە، لەگەڵ ئاکەپەییەکان دا بەشدارییان لە "فێستیڤاڵەکەدا" کرد.
دەسەڵاتی ئاکەپە و قەیومەکەى لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانیدا هەموو جۆرە چالاکی و کۆبوونەوەیەکی لە هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ قەدەغە کردووە.
جۆلەمێرگ ماوەی ٢ هەزار و ٨٠٠ ڕۆژە وەک زیندانی لێکراوە. قەدەغەى هاتوچۆ هەیە و دەسەپێنرێت، رۆیشتنی هاووڵاتییان بۆ کوێستانەکان قەدەغەیە، بەڕێوەبردنی چالاکی، رێپێوان، خۆپیشاندان و گردبوونەوە قەدەغەیە، چالاکی بۆ بۆنە و یادەکان لە هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ و رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان و لایەنەکان قەدەغەکراوە، بەڵام ئەو قەدەغەکارییانە چالاکییەکانی ئاکەپە - مەهەپە ناگرێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانیدا زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون. سەرباری ئەوەی بکوژەکان و بەرپرسیارانی ئەو کوشتنانە دیارن، بەڵام هیچ کامیان دادگایی نەکراون و سزا نەدراون.
لە ناو ئەو قەدەغەکارییانەی دژ بە هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ و زەوتکردنی جوڵە و چالاکی و ژیان لە هاووڵاتییانی جۆلەمێرگ، دەسەڵاتی تورک و قەیومە داسەپێنراوەکەی ئاکەپە بەسەر شارەوانیی جۆلەمێرگ دا، بە درۆ و ساختەکاری فێستیڤاڵێکی بەفریان لە ژێر دروشمی "لە جۆلەمێرگ ژیان هەیە" ڕێکخستووە. ئەوەش بۆ ئەوەیە، کە رووداوەکانی شارەکە و بەرتیلخۆرییەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بشارنەوە.
سەرباری هەموو گوشار و زۆردارییەکانی دەوڵەتی تورک، بەڵام هونەرمەندە میللی و خۆجێیەکانی جۆلەمێرگ بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا نەکرد.
ژ.ت