گەنجانی شەنگال لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رێپێوانیان کرد
گەنجانی شەنگال لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ناڕەزایەتییان دەربڕی و بێدەنگی رای گشتیی جیهانیان شەرمەزارکرد.
گەنجانی شەنگال لە دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ناڕەزایەتییان دەربڕی و بێدەنگی رای گشتیی جیهانیان شەرمەزارکرد.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو جار لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرەوە هێرشیکردووەتەسەر سەر شەنگال. لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا رای گشتیی جیهان و حکومەتی عێراق بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
لە دژی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شەنگال بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی گەنجی شەنگال و یەکێتی گەنجانی ئێزدخان شەوی رابردوو رێپێوانێکی بە مەشخەڵ سازکرا.
بەسەدان گەنجی ئێزدی لەهەموو گوند و ناوچەکانی شەنگال بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد. رێپێوانی گەنجان بە دروشمەکانی "بژی بەرخودانی شەنگال" و "نەمان بۆ خیانەت" لەبەردەم ئەنجومەنی گەلی شارۆچکەی خانەسۆری شەنگال دەستیپێکرد و تا خانەسۆری کۆن کە لەماوەی دوو رۆژدا هێرشی کرایەسەر بەردەوام بوو.
دوای رێپێوانەکە ئەندامی یەکێتی گەنجانی ئێزدخان چیا کەشخە قسەی کرد. چیا سەرەتا هێرشە ئاسمانییەکانی سەر شەنگالی شەرمەزار کرد و بەم جۆرە دوا: "هێرش دەکرێتەسەر هێزەکانی پاراستنی ئێمە، وەک گەنجانی ئێزدی تا کۆتایی پشتیوانی هێزەکانمانین. ئێمە هەموومان یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشین. ئەو هێزانە ئێمەیان لە فەرمان رزگار کرد و ئێمەیان پاراست. ئێستا دەیانەوێت بەو هێرشانە ئێمە بکەنە ئامانج، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵگای ئێزدی لە هیچ هێرشێک ناترسین و تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین. ئێمە بووینەتە خاوەن ئیرادە، بە رەنجی شەهیدان ئێمە تا کۆتایی لەسەر ئەم رێچکەیە دەبین".
بە دروشمەکانی "بژی بەرخودان شەنگال" و "بژی بەرخودانی ئاسایش"رێپێوانەکە بەردەوام بوو.
هـ . ب