گەنجانی شەنگال پیلانگێڕی نێودەوڵەتیان شەرمەزار کرد

گەنجانی ئێزدیی بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، ڕێپێوانێکی درێژمەودایان لە ناوچەی بۆرکەوە بۆ خانەسور دەستپێکرد و سوپای عێراق هەوڵیدا ڕێگریان لێبکات.

گەنجانی ئێزدیی بەپێشەنگایەتیی یەکێتیی گەنجانی ئێزدیی و ژنانی گەنجی ئێزدیی ڕێپێوانێکی درێژمەودایان لە لە ناوچەی بۆرکەوە بۆ خانەسور دەستپێکرد، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان.

گەنجان لە ڕێپێوانەکەدا سەدان پۆستەری ڕێبەر ئۆجالان و ئاڵای دەزگاکانی شەنگالیان بەرزکردووەتەوە، هەروەها چەندین پانکارتیان بەرزکردووەتەوە کە لەسەریان نووسراوە؛ بە تۆڵەکردنەوەی گەنجانی ئێزدیی گەلەکۆمە پووچەڵ دەکەینەوە، ئازادیی ڕێبەرەکەمان مسۆگەر دەکەین. هاوکات تیشێرتیان لەبەرکردووە کە لەسەری نووسراوە “کات کاتی ئازادییە”.

هەر لە ڕێپێوانەکەدا گەنجان دروشمەکانی “بژی سەرۆک ئاپۆ”، “بێ سەرۆک ژیان نابێت”، “کەس ناتوانێت ڕۆژمان تاریک بکات” و “بمرێ خیانەت” دەڵێنەوە.

 بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ڕۆژنیوز لە شەنگال، سوپای عێراق هەوڵیداوە ڕێگریی لە ڕیپێوانەکە بکات و وێنەی ڕێبەر ئۆجالان بەرزنەکرێنەوە، بەڵام بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کاردانەوەیان دژی هەوڵەکەی سوپای عێراق نیشانداوە و درێژە بە ڕێپێوانەکە دەدەن.

ف.ق