گەریلاکانی یەژاستار: سوپای تورک ناوێرێت رووبەڕوومان بێتەوە

نودەم فارقین و دیرۆک ئامەد گەریلاکانی یەژاستار ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە هێزی تەکنیک و تەکنەلۆژیا ئیرادەی گەریلا تێکبشکێنێت.

بەرخۆدانی گەریلا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامە، کە ئەو ھێرشانەى لە مانگی نیسانەوە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستیپێکردووە.

نودەم فارقین و دیرۆک ئامەد گەریلاکانی یەژاستار باسیان لە چالاکییە سەرکەتوانەکانی گەریلا لە دژی دوژمن کرد.

نودەم فارقین دەربارەی چالاکییەکان لە ناوچەى خواکورک وتی، "هەڤاڵان لە دوو قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر دوژمن و ٦ سەربازیان سزادا. دوای چالاکییەکە دوژمن بۆ ئەوەى زیان بە گەریلا بگەیەنێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەستی بە بۆردومانکرد. دوژمن پێشتر دوای هەموو چالاکییەکی گەریلاکان ئۆپەراسیۆنێکی بۆ گەمارۆدانی گەریلاکان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا هیچ هێزێکی لەو جۆرەی نییە و ناوێرن رووبەڕوو و دەستەویەخە بەرامبەر بە گەریلا شەڕ بکەن، بۆیە بە پشتبەستن بە دەرفەت و توانایی تەکنەلۆژییان هێرشمان لە دژ ئەنجام دەدەن. لە راستیدا ئێمە لە دژی سەربازانی تورکیا شەڕ ناکەین، بەڵکو دژی تەکنیک و تەکنەلۆژیا شەڕ دەکەین، چونکە سوپای تورک بوێریی ئەوە ناکات بێتە بەرامبەرمان و رووبەڕوومان بێتەوە. با هەموو کەس ئەوە باش بزانێت، ئەوانەی ئەو تەکنیک و تەکنەلۆژیایەیان دروست کردووە مرۆڤن و ئەوەشی دەتوانێت تێکی بشکێنێت هەر مرۆڤە.

دوژمن نەک بەهۆی بە هێزییەوە، بەڵکو بەهۆی لاوازییەوە بە تەکنەلۆژیا و تەکنیک هێرش دەکاتە سەرمان. ئەوەش نیشانی دەدات، کە چەندە ترسنۆکن. هەموو ڕۆژێک لە تەلەفزیۆندا دەڵێن، 'پەکەکەمان تەواو کرد، لەناومان بردن'. بەڕاستی ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن لە پێش هەموو کەسێکەوە بۆ خۆیان بڕاویان بە قسەکانیان نییە. تەنها بۆ باشترکردنی لایەنی دەروونی و ورەی سەربازەکانیان ئەو قسانە دەکەن. هۆکارەکەی ئەوەیە کە بە بەردەوامی خەرکی پڕوپاگەندەی درۆن. ئێمە وەک شەڕڤانانی ژن لە ناوچەی شەهید بێریتان تێدەکۆشین و بە رۆحی بەرخۆدانی بێریتان لە دژی دوژمن شەڕ دەکەین".

"سەربازەکان سەربازی شەڕکردن نین"

دیرۆک ئامەد لەبارەی دۆخی شەڕ و دۆخی سەربازانی سوپای تورک وتی، ئێمە هەموو هێرشەکانی دوژمن تێکدەشکێنین و وتی، "وەک گەریلایەکی یەژاستار لە ناوچەی خواکورک بەشداری شەڕ لە دژی دوژمن بووم. دەوڵەتی تورک لێرە هەوڵ دەدات بە توانایی و دەرفەتە تەکنیکییەکانی ئیرادەی ئێمە تێکبشکێنێت، بەڵام بەرخۆدانی گەریلا دوژمن تێکدەشکێنێت. دوژمن لە شاخی شەهید کامەران ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردبوو. کاتێک ئێمە چووین بۆ ناوچەکە، ئێمە رووبەڕووی سیستمی کامێرای چاودێری و وێنەگرتن بووینەوە. ئێمە سیستمی کامێرا چاودێرییەکانمان تێکشکاند و دەستمان بەسەر وێنەکان و ڤیدیۆکاندا گرت. ئامێری تۆمارکردنی وێنەکان پێکهاتبوون لە سیمکارتێک و کارتێکی تۆمارکردن. لە ناو میمۆریی تۆمارکردنی وێنەکاندا، وێنەی سەربازانی تورک هەبوون.

سەربازانی دەوڵەتی تورک ناتوانن شەڕ بکەن. ئەوان هەمیشە بە تەکنیک هێرش دەکەن. ئێمەی گەریلا ئیدی هێرشەکانیان بە تەکنیک و تەکنەلۆژیاش تێکدەشکێنین. بە هیچ تەکنیکێک و تەکنەلۆژیایەک ناتوانرێت ویست و ئیرادەی ئێمە تێکبشکێنرێت. بە ناوی گەریلاکانی یەژاستار، لەم پرۆسەیەدا ئێمە بە باشترین شێوە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانمان جێبەجێ کردووە. لە کۆتایشدا سڵاوی خۆم بۆ هەڤاڵانمان لە هەڵمەتی جەنگی خابوور و هەڵۆکانی زاگرۆس دەنێرم".

ژ.ت