گوتەبێژی کەجەکە: سوپای تورک لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا سێ جار چەکی کیمیایی دژی کورد بەکارهێناوە

سوپای داگیرکەری تورک لە هێرشەکانیدا بۆ سەر هەرێمەکان ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی گەریلا ، سێ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، لەگەڵ ئەو هەموو راگەیاندنە رۆژئاواییەکان و ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام پێداگیری لەسەر شاردنەوەی تاوانە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک دەکرێت

زاگرۆس هیوا گوتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مۆرنینگ ستاری بەریتانی رایگەیاند، سوپای تورکیا لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، لە هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان سێ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

بەپێی قسەکانی زاگرۆس هیوا، سوپای داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر بەرزاییەکانی قەزایی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

زاگرۆس هیوا باسی ئەوەشی کرد کە سوپای تورک لە گردی مامڕەشۆی باسیا و گردی مەروانۆسی ئاڤاشین بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجامداوە.

گۆتەبێژی کەجەکە هەروەها رایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی بۆ سەر تونێلەکانی هێزەکانی گەریلا چەکی کیمایی بەکارهێناوە و وتی، "بەهۆی بۆردومانی سوپای داگیرکەری تورک، تۆڕی کارەبای ٧٦ گوندی سەر بو قەزایی ئامیدی پچڕاوە و زیانی جددی بەر هەزاران دۆنم زەوی ناوچەکە کەوتووە."

ناوبراو باسی ئەوەشی کرد ، هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ قڕکردنی کوردان ئەنجام دەدرێت و هاوکاتە لەگەڵ ١٠٦مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکەکان و وتی، "ئەم هێرشە پەیامێکی ئاشکرایە بۆ کورد کە چۆن لەسەدەی بیستەمدا ئەرمەنەکانمان کوشت، بەهەمان شێوەی ئێوەش کۆمەڵکوژ دەکەین و نۆرەی ئێوەیە."

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کۆکوژ لەلایەن داگیرکەرانی تورکیا لەبەرانبەر گەلی کورد، لە مێژوودا زۆر جار روویداوە. دەوڵەتی داگیرکەر، قڕکەر و فاشیستی تورک لە سییەکانی سەدەی رابردوو چەکی کیمیایی لە دەرسیم، لە شەڕی دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان (پەکەکە) دا بە تایبەتی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو چەکی کیمیایی لەبەرانبەر گەریلا، لە ساڵی ٢٠١٨ لە هێرشی دژی عەفرین و لە ساڵێ ٢٠١٩ لە سەرێکانی بەکارهێناوە.

سوپای داگیرکەری تورک هەروەها لە هێرشەکانی دژی پەنابەرانی مەخمور و لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە گارە لەبەرانبەر هێزەکانی گەریلا، چەکی کیمیایی بەکارهێناوە ، لەگەڵ ئەو هەموو راگەیاندنە رۆژئاواییەکان و ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام پێداگیری لەسەر شاردنەوەی تاوانە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی کورد دەکرێت.

ف.ق