هاوڵاتیانی قەندیل: نابۆ شەڕی ناوخۆ بەڵێ بۆ یەکێتی نەتەوەیی

دانیشتوانی بناری قەندیل، دژی هەوڵەکانی دروستکردنی شەڕی ناوخۆ لەلایەن پەدەکە-وە ڕێپێوانیان ئەنجامدا و داوایانکرد، کە هەموو لایەک ئەزمون لەو زیانانە وەربگرێت کە کورد لە شەڕی ناوخۆدا بەری کەوتووە و جارێکی دیکە ئەو ئەزمونە تاڵە دووبارە نەکەنەوە.

ڕێپێوانەکەی دانیشتوانی بناری قەندیل ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی پردەشاڵ ئەنجامدرا، تێیدا دروشمەکانی ” نابۆ شەڕی ناوخۆ بەڵێ بۆ یەکێتی نەتەوەیی، بمرێ خیانەت، بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوەیان” وترانەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بەناوی هاوڵاتیانی قەندیلەوە قسەی کرد و وتی: وەک گەلی بناری قەندیل هاتووین هەڵوێستی خۆمان دەرببرین بۆ ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی کە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، بە تایبەت جوڵە پێکردنی هێزەکانی پەدەکە بۆ ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی گەریلای لێیە، گەلی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆی کردووە، بە دەیان هەزار قوربانی دراوە و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی ناوخۆ زیان بە هەموو کوردێک دەگات.

محەمەد، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەڕی ناوخۆ کرد، کە تەنیا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا لێی سوودەند دەبیت و وتی: پلانی ئەم شەڕەش تورکیا دایڕشتووە، پێویستە ڕاگەیاندنکانی نزیک لە پەدەکە دەهۆڵی شەڕ لێنەدەن و بە فیتەی دوژمنان کار نەکەن و پەیامی یەکێتی نەتەوەیی بگەیەنن بۆ هەموو ماڵێک.

محەمەد حەسەن، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم دەستکەوتانە بە خوێنی هەزاران شەهید لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەرهەم هاتووە، بۆیە نابێت ڕێگا بدرێت جارێکیتر شەڕی ناوخۆ دروست بێت، چونکە ماڵوێرانی ڕوو لە گەلی کورد دەکاتەوە و کچ و کوری ئەم نیشتمانە دەبنە قووربانی، وەک دانیشتوانی بناری قەندیل دژی هەموو شەڕێکی ناوخۆین لە هەر شوێنێکی کوردستان ڕوو بدات، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەکەین بە جێگای گرژیی و ئاڵۆزیی یەکێتی نێو ماڵی کورد دروست بکەن و بۆ ئامانجی گەورەتر هەوڵ و هیمەت بدەن.

لە کۆتایدا بە وتنەوەی دروشمی “شەهید نامرن، بژی یەکێتی نەتەوەیی” کۆتایی بە ڕێپێوانەکە هێندرا.

ف.ق