هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دژی داگیرکاری و خیانەتەکانی پەدەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکاری و خیانەتەکانی پەدەکە ڕژانە سەر شەقامەکان و دڵسۆزیی خۆیان بۆ گەریلا دووپات کردەوە و بە وتنەوەى دروشم خیانەتی پەدەکەیان شەرمەزارکرد.

کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان، کە لە ١٧ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بەرفراوانتر دەبێت.

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی لە چاتام هاوس لە لەندەن دانی بەوەدا نا، کە هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان، هاوڵاتیانی سلێمانی لە دژی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکاری و خیانتەکانی پەدەکە بۆ ئەو داگیرکارییە، ڕژانە سەر شەقامەکان و تووڕەیی خۆیان نیشاندا.

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوێنێ شەودا خەڵک لە شەقامی سالم کۆبوونەوە و بە ڕێپێوان تاوەکو بەر دەرکی سەرا، کە ناوەندێکی قەرەباڵغی شاری سلێمانییە بەڕێکەوتن. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و شەرمەزارکردنی خیانەتی پەدەکەیان دەوتەوە و پۆستەرێکیان بەرزکردبووە، کە لەسەری نووسرابوو "لە بەرانبەر هێڵی خیانەت و داگیرکەری کوردستان بپارێزە".

کاتێک جەماوەرەکە گەیشتنە بەر دەرکی سەرا ڕێپێوانەکەیان کردە گردبونەوەیەکی جەماوەری و دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی گەریلا" "بژی یەکڕیزی گەلی کورد" و "بمرێ خیانەت"یان دەوتەوە.

بەیاننامەیەک بەناوی دەستپێشخەریی گەلی باشوور خوێندرایەوە و بەیاننامەکە سەرنجی ڕاکێشایە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا و خاکی باشووری کوردستان و بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئیدانەی خیانەتی پەدەکە کراوە و باس لەوە کراوە، تەنها پەکەکە بەهاکانی گەلی کورد دەپارێزێت و تا کۆتایی لەگەڵ بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دا دەبن.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە گەلی کورد لە باشوری کوردستان و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کرا، کە لە دژی خیانەتی پەدەکە و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بەرەیەکی نیشتمانی دروست بکەن و لە دژی داگیرکاری و خیانەت بوەستنەوە.

لە دوای راگەیەندراوەکە، جەماوەری گەل بە وتنەوەی دروشم بە بەردەوامی دڵسۆزیی خۆیان بۆ گەریلاکان ڕاگەیاند و چالاکییەکە کۆتایی پێهات.

ژ.ت