هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم: کاروباری شارەوانی کراوە بە پاساوی تاوانبارکردن
هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم جەودەت کۆناک کە سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ڕایگەیاند کاروباری شارەوانی کراوە بە پاساوی تاوانبارکردن، بەڵام ئەوان پاشەکشە ناکەن.
هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم جەودەت کۆناک کە سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ڕایگەیاند کاروباری شارەوانی کراوە بە پاساوی تاوانبارکردن، بەڵام ئەوان پاشەکشە ناکەن.
دەربارەی هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم جەودەت کۆناک و سەرۆکی شارەوانی پولور موستەفا ساریگول، دە ساڵ پێش ئێستە بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دۆز کرایەوە، ئەمڕۆ سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگیان بەسەردا سەپێنرا. پاش ئەم بڕیارەی کە وەک ئامادەکاریی بۆ کودەتا هەڵدەسەنگێنرێت، لە ناوەندی شارەکە ئەم بڕیارە شەرمەزار کرا.
"دادگاییش بەڕێوەنەچوو"
پارێزەر کەنعان چەتین ڕایگەیاند ئەم دۆزە ١٠ ساڵ پێش ئێستە کراوەتەوە و ئەمڕۆ بەبێ دانیشتن بڕیار دراوە، کاروباری حزبی وەک تاوان بینراوە و سزا سەپێنراوە، جەختی کردەوە داوای تێهەڵچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن، چونکە تەنانەت لە دانیشتنەکانی پێشوو، داواکاری گشتی داوای ئامادەبوونی تۆمەتبارانیشی نەکردووە لە دادگادا، کەچی ئەمڕۆ داوای زیندانیکردنیان دەکات. ئاماژەی بەوە کرد لە ئێستەدا تۆمەتبار و پارێزەران ناتوانن بەرگری بکەن، مافی دادگایی دادپەروەر نەماوە، هێزی چەک جێبەجێ دەکرێت.
هاوسەرۆکی شارەوانی دێرسیم، جەودەت کۆناک ڕایگەیاند ئەوکاتەی سەرۆکی شارەوانی خۆزات بووە بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرم کردووە و ئەمە کراوەتە پاساوی تاوانبارکردن، گوتی: "ئێمە خاوەن عورف و عادەتین، خاوەنی بەهای مێژوویین. لە هەر کوێ ئازارێک هەبێت پێویستە لەوێ بین. پێویستە ببنە هاوبەشی ئەم ئازارە. ئەگەر سەرۆکی شارەوانی بیت، خزمەتکردنی تەرم یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانت. هەستیاری بەرامبەر سرووشت یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرۆکی شارەوانی. لە ساڵی ٢٠١٣ پرۆسەی ئاشتی هەبوو، ئێمە یاوەری گرووپێکی گەشتیاریمان کرد و تا شوێنێک چووین".
"ئەمڕۆ لەگەڵ گەلی خۆمم"
کۆناک ڕایگەیاند کاروباری شارەوانی و حزبی وەک تاوان بینراوە و مافی بەرگری لەخۆ کردنیان دەستی بەسەردا گیراوە، جەختی کردەوە لەپێناو سرووشت تێدەکۆشن، گوتی: "هەر کێیەک بێت، بیەوێت خاکەکەم زەوت بکات و بیکاتە قوربانی سەرمایە، دژی دەوەستمەوە. مەگەر ئەمە تاوانە؟ ئەگەر وایە، بەردەوام دەبین لە تاوان. ئایا تاوانە بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی گەلەکەمان بکەین و هاوبەشی ئازارەکانیان بین؟ وەک دوێنێ، ئەمڕۆش لەگەڵ گەلی خۆم دەبم. ئەمڕۆش هاوبەشی ئازارەکانیان دەبم. کەس ناتوانێت لەم ڕێگەیە بمانگەڕێنێتەوە".
"لەکەیەوە پاراستنی خاکەکەت تاوانە؟"
سەرۆکی شارەوانی پولور موستەفا ساریگول ڕایگەیاند بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرم تاوان نییە، گوتی: "کەی پاراستنی خاکەکەت بووەتە تاوان؟"، هەروەها گوتی: "ئێمە لە شارەوانییەکانمان دەمێنینەوە، شانازی دەکەین بە خزمەتکردنی ئەم گەلە. سبەینێش لەسەر کاری خۆمان دەبین".