نوێنەرایەتیی هەدەپە و مامۆستایانی زانكۆ و ڕۆشنبیرانی هەولێر، داگیركاریی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشووری كوردستان و دادگاییكردنی ١٠٨ ئەندامی هەدەپە بەتۆمەتی پشتیوانی لە دۆزی كۆبانێ، ئیدانە و شەرمەزار دەكەن. لەبارەی بڕیارەكەی ئەمریكایش سەبارەت بە دۆزینەوەی شۆینی سەركردەكانی پەكەكە دەڵێن: “شوێنی ئەوان لەناو دڵی ئێمە و دڵی ٥٠ ملیۆن كورددایە”.
بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی خەڵكی باشوور، ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ، نووسەر و ڕۆشنبیری هەولێر، سەردانی بارەگای هەدەپەیان كرد لە شاری هەولێر، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا د. قاسم مەرزانی، مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “هاتوون بەناوی گەلی باشووری كوردستانەوە ئەم جۆرە هێرشانەی دەوڵەتی تورك بۆسەر خاكی كوردستان ئیدانە و شەرمەزار بكەین و هیوادارین خەڵكی كوردستان، پشتیگریی ئەو بەرخۆدانە بكەن كە گەریلا لەدژی داگیركەر ڕێبەرایەتیی دەكات”.
وتیشی: لەشكركێشیی توركیا، پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانە و پێویستە حكومەتی هەرێم و عێراق، بێنەدەنگ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریكایش سنورێك بۆ ئەو داگیركارییانەی توركیا دابنێن و بیوەستێنن.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا، ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئاماژەی بەوەیش كرد: توركیا بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی دۆزی كۆبانێ، ١٠٨ ئەندامی هەدەپەی داوەتە دادگا، ئەمەش پشتیوانییە لە داعش، چونكە دۆزی كۆبانێ بەتەنها پەیوەندیی بە ڕۆژئاوای كوردستانەوە نەبوو، بەڵكو لەئاستی نێودەوڵەتی و باشووری كوردستانیشەوە، خاوەنداری لێ كرا و كۆبانێ وەك سیمبولی جیهانی سەیر دەكرا، وتیشی: “دادگاییكردنی ئەو ١٠٨ كەسەی باكووری كوردستان، بە واتای دادگاییكردنی تەواوی گەلی كوردستان دێت و ئیدانە و شەرمەزاری دەكەین”.
سەبارەت بە بڕیارەكەی ئەمریكایش بۆ بەخشینی خەڵات لەبەرامبەر دۆزینەوەی شوێنی سەركردەكانی پەكەكە ( د. قاسم مەرزانی ) دەڵێت: “شوێنی ئەوان لەناو دڵی ئێمە و دڵی ٥٠ ملیۆن كورددایە، هەروەها ئەم بڕیارە پشتیوانیكردنی ڕژێمی فاشیستی توركە و لەناوخۆی كوردستانیشدا هێڵی خیانەت و جاسوسی زیاد دەكات”، وتیشی: “ئێمە ئیدانەی ئەو بڕیارە دەكەین، چونكە هیچ سودێكی بۆ ئەمریكا نییە و تەنها سوود بە دەوڵەتی داگیركەری توركیا دەگەیەنێت”.
لای خۆشیەوە، ناهیدە ئارمیش، نوێنەری هەدەپە ڕایگەیاند: لەماوەی ڕابردوودا، سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستانیان كردوە و داوای پشتیوانییان لێ كردون، تا ئێستاش زۆرینەی حزبەكان پشتیوانی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە باكووری كوردستان ڕاگەیاندوە و پشتیوانیی خەباتی سیاسی و مەدەنییانەی هەدەپە دەكەن و سوپاسی پشتیوانیی گەلی باشووریش دەكەن لەبەرامبەر هەوڵەكانی داخستنی هەدەپە لەتوركیا.
وتیشی: وەك نوێنەرایەتیی هەدەپە، هێرشی داگیركاریی دەوڵەتی تورك بۆ سەر خاكی باشووری كوردستان، ڕەت دەكەنەوە و ڕایشیگەیاند: ئاكەپە و مەهەپە، داگیركاریی ئەنجام دەدەن و پێویستە كورد بە یەكگرتوویی وەڵامی ئەو داگیركارییە بداتەوە.
ف.ق