'هەموو کوردێکی بە شکۆ دەبێت بەرامبەر گۆشەگیری بوەستێتەوە'

دایکانی بەشدار لە ئێشکگریی دادپەروەری بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیری درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن. عەفیفە کارتاڵ یەک لەو دایکانەیە و بۆ بەشداری لە گردبوونەوەکەی ١٣ی تشرینی یەکەمی ئامەد بانگەوازی بەشداری راگەیاند و وتی، "دەبێت دژی گۆشەگیری دەنگ هەڵبرین".

دایکانی بەشداری لە ئێشکگریی دادپەروەری بە داواکاری کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر زیندانیانی سیاسی درێژە بە چالاکی 'دەنگ بدە بە ئازادی'. دایکان هەموو رۆژانی دووشەممەیەک کۆدەبنەوە و لێدوان بۆ رۆژنامەوانان دەدەن.

دایکی زیندانی سیاسی محەمەد کارتاڵ، عەفیفە کارتاڵ لەبارەی گردبوونەوەی ١٣ی تشرینی یەکەمی ئامەد بانگەوازی بەشداری راگەیاند و وتی: "ئامانجی چالاکیەکەمان کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی بەڕێز ئۆجالانە. داوا جیهان دەکەین؛ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن".

عەفیفە کارتاڵ ئەوەی خستەڕوو کە ئەوان لە سەر رێبازی دۆزی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن و وتی، "منداڵەکانمان لە پێناو رێبازەکەیدا گیانیان بەخت کرد. ئەو رێبەری ٥٠ ملیۆن کوردە. با کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندڕێت، گەلی کورد و رێبەرەکەیان بەیەکدەگەنەوە. ئەگەر بەڕێز ئۆجالان قسە بکات، گەنجانمان نامرن، سروشتی ئێمە تاڵان ناکرێت، قەیران و شەڕ تەواو دەبن. ئەم دەوڵەتە مرۆڤ، ژینگە و ئاژەڵەکان دەکوژێت. نکۆڵی لە کولتور و زمانمان دەکات. داوای ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەکەین".

عەفیفە کارتاڵ بە داواکاری 'دەبێت لە دژی گۆشەگیری دەنگ هەڵبرین' بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم کوردان کە ١٣ی تشرینی یەکەم بەشداری لەگردبوونەوەکەی ئامەد بکەن کە لە دژی گۆشەگیری ساز دەکرێت و وتی، "هەموو کوردێکی بەشکۆ دەبێت لەبەرامبەر گۆشەگیری بوەستێتەوە و دەنگ هەڵبرێت".

کارتاڵ باسی لەوەکرد کە دۆخی تەندروستی زیندانیانی نەخۆش دژواربووە و وتی، "دەبێت زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن. ئەو زیندانیانەی کە ماوەی سزاکەیان بەسەرچووە دەبێت ئازاد بکرێن. دوو جار نەشتەرگەریم بۆکراوە، پەنجەکانی پێم بە هۆی نەخۆشی شەکرەوە داخوراون، ناتوانم بەڕێگادا بڕۆم، بەڵام بەم حاڵەشمەوە دەستبەرداری چالاکیەکەم نابم. ئەگەر ئەمڕۆ دەنگ هەڵنەبڕین، سبەینێ کەس دەنگ هەڵنابڕێت، دەبێت کورد یەکبگرن، لەبەرامبەر گۆشەگیری و نادادی بوەستنەوە، خاوەنداری لە تێکۆشانی خۆیان بکەن. دەبێت کەس نەکەوێت داوی ئاکەپە-مەهەپەوە. ئێمە برسی دەبین، بەڵام دەستبەرداری شکۆی خۆمان نابین. لە ١٣ی تشرینی یەکەمدا لە ئامەد گردبوونەوە لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەچێت. داواکارین ئاشتییەکی شکۆمەندانە روو لە کوردستانەکەمان بکات. با چیتر جەرگمان نەسوتێت. با دڵی دوژمنانی کورد بسوتێت. پارەمان ناوێت، ماڵی دنیامان ناوێت، ئێمە هەژار بین، برسی بین کێشە نییە تەنیا بە بەڕێز ئۆجالان بگەین، چوار پارچەی کوردستان یەکبرگنەوە، ئاشتی بچەسپێت، رۆڵەکانمان لە زیندان ئازاد بکرێن. لە گردبوونەوەکەدا لە پێناو ئەمانەدا دەنگ بەرزدەکەینەوە".