هەپەگە ناسنامەی دوو گەریلای شەهیدی ئاشکرا کرد

هەپەگە یادی هەر یەک لە شەهیدانی یەژا-ستار ئامارا رۆناهی (موزەیەن ئایدینلی) و دۆغا رزگار (ئەیلەم مۆچۆ)ی کردەوە کە لە بەرواری ٣ی تشرینی یەکەم لە ئامەد شەهید بوون.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە راگەیێنراوێکدا ناسنامەی دوو لە گەریلاکانی یەژا-ستاری ئاشکرا کرد کە لە بەرواری ٣ی تشرینی یەکەم لە دەوروبەری شاری ئامەد شەهید بوون.

لە راگەیێنراوەکەی هەپەگەدا هاتووە:

"سوپای داگیرکەری تورک دوای ئەوەی لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ناوچەی هۆرسەلی سەر بە هەرێمی شەهید سەرخۆبوونی ئامەدی بوردومان کرد، لە بەرواری ٤ی تشرینی یەکەمدا، بە هەلیکوپتەر هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە جێگیر کرد و دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی داگیرکاری کرد. ئۆپڕاسیۆنەکە ئێوارەی رۆژی ٤ی تشرینی یەکەم کۆتایی پێهات و هێزی داگیرکەران لە ناوچەکە کشایەوە. لە ئەنجامی بوردومانەکە و شەڕ و پێکداداندا، دوو لە هەڤاڵانمان بە ناوەکانی ئامارا و دۆغا شەهید بوون.

زانیاریەکان لە بارەی ناسنامەی ئەو دوو هاوڕێ شەهیدەمان بەم شێوەیەیە:

نازناو:ئامارا رۆناهی

ناوی تەواو: موزەیەن ئایدینلی

شوێنی لەدایکبوون: ئێلح

ناوی دایک و باوک: موحسینە - یوسف

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠/ ئامەد

***

نازناو: دۆغا رزگار

ناوی تەواو: ئەیلەم مۆچۆ

شوێنی لەدایکبوون:ئامەد

ناوی دایک و باوک: ئایسەل - سەیدخان

بەروار و شوێنی شەهیدبوون: ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠/ ئامەد

 

هاوڕێمان ئامارا کە خەڵکی ناوچەی مسرجی شاری سێرتن، خۆی لە شاری ئێلح لە ناو گەشوهەوایەکی وڵاتپارێزیدا لەدایک بوو. هەر زوو هەستی بە سیاسەتەکانی داگیرکەران بۆ قڕکردن و تواندنەوەی گەلی کورد کرد. هیچ کات ئەو کۆمەڵکوژیانەی داگیرکەران لەسەر گەلی کورد بە رەوا دەبینی، قبوڵ نەکرد و لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەشداری ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا کرد. هاوڕێ ئامارا بۆ ئەوەی وڵامی پلانگێریە نێودەوڵەتیەکەی دژی رێبەرایەتی بدات، بەشداری ریزەکانی گەریلادا کرد. لەو رۆژەوە بەشدار بوو قوڵبووەوە لە ئایدۆلۆجیای رێبەری ئاپۆ بۆ ئازادی ژنان. لەسەر ئەم بنەمایە بوو بە خاوەنی هەڵوێستێکی فیدایی.

هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی پێی سپێردران بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ کرد و هەمیشە بە شێوەیەکی فیداکارانە و پاک و رەنجدەرانە بەشداری هەموو تێکۆشانەکاندا کرد. هەڤاڵ ئامارا کە لە چەندین ناوچە ئەرکی جیاوازی پێسپێردرا و هەموو ئەرکەکانیشی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ کرد، دوایین جار لە هەرێمی ئامەد خەباتی کرد و بەرپرسیارێتی فەرماندەیەکی پێشەنگی گرتە ئەستۆ. لە هەموو ئەو ناوچانەی تێیدا خەباتی کرد، بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە هەنگاوەکاندا کرد و بە سووربوون لەسەر بەشداریکردن لە خەباتە سەختەکان و بە کەسایەتیەکی خاکی، هەمیشە لە ناو هەڤاڵانیدا وەکو فەرماندەیەکی پێشەنگ دەناسرایەوە. لە کاتی بە سوپایبوونی یەژا-ستاردا، رەنجێکی زۆریدا بۆ بونیادنانی گەریلای پرۆفیشنال. هەڤاڵ ئامارا بە رۆحە فیداکارییەکەی، بەو بڕیاردارییەی کە هەیبوو بۆ تێکۆشان، بەو رێبازەی هەیبوو بۆ فەرماندەییکردن و بە پێوانەکانی ئەو بۆ ژنانی ئازادی کورد کە لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستە کردبوو، هەمیشە دەبێت بە رێبازێک بۆ ئێمە. چاونەترسی ئەو لە بەرامبەر دوژمن، فیداکاری، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی، دڵسۆزی ئەو بۆ گەل و شەهیدان و رێبەرایەتی، بۆ ئێمە دەبێت بە نمونە.

هاوڕێمان دۆغان لە شاری ئامەد، لە ناو خێزانێکی وڵاتپارێزدا لەدایک بوو و لە ناو کەشوهەوایەکی تێکۆشەردا گەورە بوو. لە دژی کردەوە قڕکەریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، تێگەیشت کە بەهێزترین تێکۆشان بە بەشداریکردن دێت لە ناو ریزەکانی گەریلادا، بۆیە بڕیاریدا بەشداری لە ریزەکانی ئازادیدا بکات. بەو تووڕەییەی لە دڵیدا بوو و بە سووربوونی لەسەر تێکۆشان و خۆڕاگریەکی بەهێز، وڵامی هێرشە قڕکەریەکانی دوژمنی داگیرکەری دایەوە. هاوڕێمان دۆغا بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە و بە کلتوری خۆڕاگریی ئاپۆیی و بە نموونەی قارەمانێتی کە لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک خستییەروو، گیانی بەخت کرد و لە ناو کاروانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا جێگایەکی پیرۆزی گرت.

ئێمە کە لەسەر رێچکەی ئامارا و دۆغاین، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە تێکۆشانی هاوڕێ شەهید و قارەمانەکانمان سەردەخەین و بە تایبەتی سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدە قارەمانەکانمان و گشت گەلی وڵاتپارێزمان دەکەن."

ز.ش