هێرش و سیاسەتی ئاکەپە بۆ سڕینەوەى کولتوری و رۆشنبیریی گەلی کورد

هاوکات لەگەڵ دەستگرتن بەسەر شارەوانییەکانی کوردستاندا لەلایەن ئاکەپەوە هێرشیش کرایە سەر رێکخرا و دامەزراوە کوردییەکان. لە گۆڕینی تابلۆ کوردییەکانەوە تاوەکو هێرشکردنە سەر گۆڕی گەورەکانی کورد، پەلاماری هەموو بەها و نرخەکانی گەلی کوردیان دا.

دەسەڵاتی ئاکەپە لە دوای ئەوەى لە شارەکانی کوردستان قەیومی داسەپاند بەسەر شارەوانییەکانی هەدەپەدا لە دژی زمانی کوردی سیاسەتی سڕینەوەى کولتوریی خستەگەڕ.

ساڵی ٢٠١٤ و دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٣٠ی ئاداردا، لە ژێر چەتری شارەوانییەکانی دەبەپە و هەدەپەدا خوێندنگە و باخچەی ساوایان بە زمانی کوردی کرانەوە. گەلی کوردیش پشتگیرییەکی بەهێزی لەو ناوەندە کوردییانە و چالاکییە کولتوری و هونەری و رۆشنبیرییەکانی شارەوانییەکان دەکرد.

پشتیوانیی گەل بۆ کولتور و رۆشنبیری، رێکخراوە و ناوەندەکانی زمانی کوردی رۆژ لە دوای رۆژی زیادیانکرد. ئاکەپە و دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر ئەوەدا خۆیان پێ رانەگیرا و دەستیان بە جموجوڵی دوژمنانە کرد. لە یەکەم هەنگاودا دەستیان بەسەر شارەوانییەکانی شارەکانی وان، ئاگری، جۆلەمێرگ، بەدلیس، ئیدر و زۆرێک لە ناوچەکانی تردا گرت. ئەوەى بە ناوی رۆشنبیری و زمان و کولتوریی کوردییەوە بوو قەدەغەیانکرد. هاوسەرۆک شارەوانییەکان زیندانیکران. قەیومیان بەسەر شارەوانیی گەورە شاری وان، شارەوانییەکانی ئەردیش، رێیا ئارموش، قەلقەلی، مورادییە و شارەوانییەکانی تری هەدەپەدا داسەپاند. تابلۆ و ئاماژە کوردییەکانی ناو شارەوانییەکان لابرد. لە بریی زمانی کوردی بە شێوەیەکی تایبەت زمانی عەرەبی بە تابلۆ و هێماکان زیادکران.

هێرشکردنە سەر زمانی کوردی پلانداڕێژراو بوو

دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ و لەسەر داوای نەسروڵا تانگلای سەرۆکی شارەوانیی ئاکەپە، تابلۆی بەردەم بینای خزمەتگوزاریی شارەوانیی بەدلیس، کە تابلۆکە بە زمانەکانی کوردی و تورکی نووسرابوو، لابرا و لە بریی ئەوە تابلۆیەک بە زمانی تورکی دانرا. ئەو سەرۆک شارەوانییەى ئاکەپە بەوەش تێر نەبوو و لە هەموو شوێنەکانی ناو شاردا لە شەقامەکان و لە دەروازەی  شارەکاندا تابلۆکان، کە بە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی بوون لایبردن و لە شوێنەکەیادا تابلۆی بە زمانی تورکی یان لەهەندێک شوێندا بە زمانی تورکی و عەرەبی دانایەوە.

 دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هێرشەکانیان لە دژی زمانی کوردی زیاتر کرد و گۆڕی شەرەفخانی بەدلیسی مێژوونووس و سیاسەتمەداری کورد و بنەماڵەکەى لە بەدلیس رووخاند.

لە ساڵی ٢٠١٩شدا تابلۆی کوردیی سەر شارەوانیی تاتوان، کە بە کوردی لەسەری نووسرابوو "شارەوانیی تاتوان" لەسەر بینای شارەوانیی تاتوان لایانبرد.

قەیومەکەى ئاکەپە لە پایزئاوا، تابلۆی دەروازەی چوونە ناو شارەکە، کە بە تورکی و کوردی و ئینگلیزی لەسەری نووسرابوو بەخێر بێن لابرد و لەبریی ئەوەدا تابلۆیەکی دانا، کە بە تورکی و فارسی لەسەری نووسراوە بەخێر بێن!.

ساڵی ٢٠١٦ دوای ئەوەى ئاکەپە قەیومی بەسەر شارەوانیی ئاگریدا داسەپاند، ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی سەما یوجە لەلایەن قەیومە داسەپاوەکەى ئاکەپەوە داخرا، کە ٤٥٠ خوێندکار لەو ناوەندەدا راهێنانی تەمبور، دەف، گیتار، شانۆ و سینەمایان پێدەکرا و هەروەها فێرکردنی زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی بەو خوێندکارانە دەوترایەوە. هەروەها باخچەی ساوایانی منداڵانی ئەڤدالێ زەینەکێ، کە فێرکردنی زمانی کوردیشیی تیادا بوو داخست و بیناکەى رادەستی مەلا دانراوەکەى دەوڵەت لە شارەکەدا کرد.

دوای ئەوەى ئاکەپە قەیومی بەسەر شارەوانیی بازیدی هەدەپەدا داسەپاند، مۆنۆمێنتی ئەحمەدی خانی لەلایەن قەیومەکەى ئاکەپەوە تێکدرا. هەروەها تابلۆی "پارکی رۆشنبیریی ئەحمەدی خانی"یش، کە بە کوردی نووسرابوو لەلایەن ئەو قەیومە داسەپاوە لابرا.

ئاکەپە سیاسەتی سڕینەوە و لە ناوبردنی لە دژی زمانی کوردی خستەکار

ئاکەپە سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاوکردن لە دژی رۆشنبیری و کولتور و زمانی کوردی خستەکار و سەپاندنی سزا و قەدەغەکاری و سڕینەوەى بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو ئەنجامدا. لە شاری وان کە شارێکی کوردانە و دانیشتوانەکەى ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسە، باخچەى ساوایانی پەرپەرۆکی سەر بە شارەوانیی گەورە شاری وانی هەدەپە داخست. کارەکانی پوەندیدار بە رۆشنبیری و کولتور و زمان و هونەری کوردییەوە، کە لە ژێر چەتری شارەوانیدا بەڕێوەدەچوون، لەلایەن قەیومەکەى ئاکەپەوە رێگرییان لێکرا و راگیران.

لە ناوەندی شاری وان و دەروازە سەرەکییەکانی شارەکەدا تابلۆ کوردییەکان، کە لەلایەن شارەوانییەکانی هەدەپەوە نووسرابون بوونە ئامانجی هێرشی ئاکەپە و هەموو تابلۆ کوردییەکان لابران.

'قەیوم ناوی سیاسەتیی سەردەمی نوێی دەوڵەتە لە دژی کوردان'

لەزگین بۆتان پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە رایگەیاند، قەیوم لە دژی حقوق و مافە دەستوورییەکانە و کارێکی کودەتاچییانە و توندوتیژانەیە.

لەزگین بۆتان راشیگەیاند، قەیوم ناوی سیاسەتی سەردەمی نوێی دەوڵەتە لە دژی کوردان و وتی، "ئەو کردار و کارانە راگەیاندنی سڕینەوە و تواندنەوەى کوردە. بۆ ئەوەش دام و دەزگا حقوقی و یاساییەکان بێکاریگەر کراون، دەستووری بنەڕەتی و یاسا نێونەتەوەییەکان پەراوێزخراون. بۆیە ئەرکی یەکەمی قەیوم ئەوەیە، کە سیاسەتی تواندنەوەی ١٠٠ ساڵەى دەوڵەتى تورک، کە لە نیوەدا ماوەتەوە، تەواو بکات. لەبەر ئەوەش قەیومەکان کارمەندانی نەژداپەرەست و دوژمنی سوێندخواردووی دژ بە کولتور و رۆشنبیری و هونەری کوردن".

'کردار و کارەکانی تواندنەوەى دەوڵەت سەر ناکەوێت'

یەکێک لەو رێکخراوانە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داخراوە رێکخرای کوردی – دەر (KURDÎ-DER) بوو، کە تایبەت بوو بە فێرکردن و پەروەردەی زمانی کوردی. ئیسماعیل ئاشکان سەرۆکی پێشووی کوردی – دەر رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە کاتی دامەزراندییەوە تاوەکو ئێستا هەوڵ دەدات لە تورکیا کۆمەڵگەیەکی دەستکرد دروست بکات.

ئاشکان باسی ئەوەیکرد، دەوڵەت بودجەی ملیاران دۆلار بۆ سیاسەتی تواندنەوە لە دژی کورد خەرج دەکات و وتی، "پرۆژەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سڕینەوە و لە ناوبردنی کولتورەکان، جگە لە کوردان بەسەر بەشەکانی تری کۆمەڵگە و کولتورەکانی تردا سەرکەوتوبوو، بەڵام سەرباری کاری هەمەلایەنەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵی دەوڵەتى تورک لە دژی کورد، کارەکانی بۆ تواندنەوە و سڕینەوەى گەلی کورد سەرنەکەوتووە. لەبەر ئەو هەڵسوکەوت و نزیکایەتییانەى دەوڵەتى تورک بۆ تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن لە دژی گەلی کورد، ئەوە ماوەى زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە تورکیادا شەڕ روودەدات".  

ئاشکان ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباری هەموو هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سەرخستنی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن، بەڵام ئەو سیاسەتە سەرنەکەوتووە و وتی، "دەبێت دەوڵەت ئەوە بزانێت، کاتێک لەگەڵ کولتور و رۆشنبیری و هونەر و زمانی کوردیدا هەڵبکات، ئەوە ئەو کاتە ئاشتی لە تورکیا بەرقەرار دەبێت".

'ئاکەپە نوێنەری فاشیزم و داگیرکەرییە'

عوسمان کۆشوت وەرگێڕ و مامۆستای کوردی رایگەیاند، ئاکەپە نوێنەری فاشیزم و داگیرکەرییە. فاشیزمی ئاکەپە شوێنی فاشیزمی سپیی تورک، فاشیزمی سەوزی تورک و فاشیزمی تۆرانیی گرتووەتەوە.

کۆشوت رایگەیاند، ئەو فاشیزمە، بەها و نرخ و دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردان وەک کێشەیەک سەیر دەکات، بۆیە هەموو کارێک دەکات بۆ لەناوبردنیان و وتی، "ئەوەى دەیەوێت بیخنکێنێت و لە ناوی ببات تێکۆشانی رووناکبیریی کوردستانی ئازادیپارێزە. دەبێت ئێمەش بۆ ژیان و نەریت و کولتوری کوردستانی سازش نەکەین و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بە کردەوە کاری پێبکەین تاوەکو هەموو راستییەکان بۆ هەموان ئاشکرا بکەین".

ژ.ت