هەشتەمین ساڵیادی بەرخۆدانی خانەسۆر

ئیتر گەلی ئێزدی لە بەرگرییەوە تا سیاسەت و خزمەتگوزاری و ژنان و گەنجان و کەلتوور و ئابوورییدا، لە هەموو ڕووییەکەوە بوو بە ئیرادەیەک. گەلی شەنگال ئەمڕۆش لەسایەی ئەو بەرخۆدانەی کۆمەڵگەی خانەسۆر کە ٨ ساڵ پێش ئێستە ئەنجامدرا، خۆی بەڕێودەبات.

٨ ساڵ بەسەر هێرشەکانی سەر شارۆچکەی خانەسۆر لە شەنگال تێدەپەڕێت. دوای هێرشەکان دەرکەوت کە لە ئەنجامی پلانەکانی تورکیا ئەنجام دراون. هەوڵ و پلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی ئیرادەی گەلی ئێزیدی بەردەوام بوو. بەڵام خانەسۆر بە سیستەمەکەی بوو بە نموونە بۆ هەرێمەکە.

ڕۆژی ٢ی ئاداری ٢٠١٧، هەندێک گرووپی چەکدار کە خۆیان بە "پێشمەرگەی ڕۆژ" ناوبرد، لە شارۆچکەی سحێلا لە ڕەبیعە و شاری دهۆکەوە چوونە ناحیەی سنونێ سەر بە شەنگال و لەوێشەوە بەرەو کۆمەڵگەی خانەسۆر کە لەژێر کۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی یەبەشە-یەژەشەدایە.

گەلی هەرێمەکە ناڕەزایەتییەکی توندیان نیشاندا و ویستیان ئەم گرووپانە پاشەکشە بکەن. هێزەکانی یەبەشە-یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان ڕێوشوێنیان گرتەبەر. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی یەبەشە لەگەڵ ئەو گرووپانە کۆبوونەوە و هەوڵیاندا ئامانجی هاتنی ئەوان بزانن. لە میانی دیدارەکەدا دەرکەوت کە ئەوان دەیانەوێت کۆمەڵگەی خانەسۆر و سنووری ڕۆژئاوا داگیر بکەن. سەرکردەکانی گرووپە هێرشکەرەکان بە ڕوونی ئەم ئامانجەیان ڕاگەیاند و گوتیان هێرش دەکەین.

بەو چەکانەی بۆ ئێزدییەکان نێردرابوون، هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان.

هێزەکانی یەبەشە بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزی، بەڵام بەرەبەیانی ٣ی ئادار گرووپە چەکدارەکان بە چەکی قورس دەستیان بە هێرشکردن کرد. گرووپە چەتەکان بە ٣٠ هامەر و زرێپۆش و هەروەها هەموو جۆرەکانی تری چەک هێرشیان کرد. بۆیە شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدخان وەڵامیان دایەوە و شەڕ هەڵگیرسا. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو چەکانەی گرووپە چەتەکان لە هێرشەکەدا بەکاریان هێناوە، لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە ڕەوانەی ئیدارەی باشووری کوردستان کراون بۆ بەکارهێنانیان لە دژی داعش.

گەریلاکانی هەپەگە کە بۆ نێوەندگیری هاتبوون، کرانە ئامانج

کاتێک هێرشەکان دەستیان پێکرد، دوو گەریلای هەپەگە لە گۆڕەپانی شنگالەوە گەیشتنە هەرێمەکە و هەوڵیاندا نێوەندگیری بکەن و ڕێگری لە هێرشەکان بکەن. بۆیە کاتێک گرووپە چەتەکان هێرشیان کرد، ئەو دوو گەریلایە، بەبێ ئەوەی تەنانەت دەست بۆ چەکەکانیان ببەن، چوونە بەردەم ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و هەوڵیاندا بە جەستەی خۆیان بیانوەستێنن. بەڵام چەتەکان ئەوانیشیان کردە ئامانج و شەهیدبوون. دیمەنی ئەو ساتانە لەلایەن ڕاگەیاندنی ئازادەوە تۆمارکرا، لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات تووڕەیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەو شەڕەی نزیکەی ٣ کاتژمێری خایاند، لەسەر داوای چەتەکان ئاگربەست ڕاگەیاندرا. ٤ شەڕڤانی یەبەشە، ئەندامێکی ئاسایشی ئێزیدخان شەهیدبوون. تەرمی ٤ شەڕڤانەکەی یەبەشە و ئەندامێکی ئاسایشی ئێزیدخان و گەریلایەکی هەپەگە، لە ٥ ی ئادار لە چیای شەنگال بەخاکسپێردران. تەرمی ٢ شەڕڤانیش لە قامیشلۆ بەخاکسپێردران.

ڕۆژنامەنووسان ڕاستەوخۆ کرانە ئامانج

کاتێک هێرشی دڕندانەی چەتەکانی داعش لە ٣ ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال دەستی پێ کرد، ئەندامانی ڕاگەیاندنی ئازاد هەموو دڕندەیی چەتەکانیان خستەبەرچاوی جیهان. هەروەها پلانە گڵاوەکانی پاش ئەو هێرشانەیان دەرخست. بۆیە کاتێک گرووپە چەتەکان لە ٣ ی ئادار هێرشیان کردە سەر خانەسۆر، ڕۆژنامەنووسانیان کردە ئامانجی سەرەکی خۆیان. لە هێرشی سەرەتای ٣ی ئادار، ڕۆژنامەنووس نوژیان ئەرهان بریندار بوو. نوژیان پاش ١٩ ڕۆژ لە ٢٢ ی ئادار لە نەخۆشخانەی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوا شەهیدبوو. تەرمی نوژیان لە ٢٥ ی ئادار لە شەنگال بەخاکسپێردرا.

دایکان چوونە نێو حەشارگەی چەتەکان

دوای ئەو ئاگربەستەی کە لەسەر داوای هێرشکەران کرا، دایکانی ئێزدی لە خانەسۆر کۆبوونەوە و ڕوویانکردە حەشارگەی هێرشکەرەکان. دایکەکان هێرشکەرەکانیان لە حەشارگەیەک دەرکرد و چوونە شوێنێکی تر کە هێرشکەرەکان خەندەقیان لێ هەڵکەندبوو. دایکان لە خەندەقەکاندا دانیشتن و داوایان کرد ئەم گرووپە هەرێمەکە بەجێبهێڵن. بەڵام هێرشکەرەکان دیسانەوە بە چەکەکانیانەوە بەرامبەر دایکان وەستانەوە.

ئەو چەکانەی بەکاریانهێنا، شاردیانەوە

دوای ئەوەی ئەو چەکە ئەڵمانیانەی بۆ شەڕی دژی داعش نێردرابوون لە ڕاگەیاندن دەرکەوتن، گرووپە چەتەکان ئەم چەکانەیان گواستەوە بۆ حەشارگەکانی پاشەوە. لەسەر بنەمای ئەم هەواڵانە، شاندێک لە ئەڵمانیاوە هاتنە هەرێمەکە و لێکۆڵینەوەیان کرد.

هێرشیان کردە سەر جەماوەری گەلیش

گرووپەکان پاش هێرشەکە لەنێوان شارۆچکەی سنوونێ و خانەسۆر جێگیربوون. لەلایەکی ترەوە، لە چوار لای کوردستان و دەرەوەی وڵاتەوە، بەتایبەت ئێزدییەکان، هەموو کوردستانیان داوایان کرد هێرشکەران لە هەرێمەکە دەربچن. لە ٧ ی ئادار، ئێزدییەکانی کەمپی نەورۆز لە شاری دێرکی ڕۆژئاوا، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرشەکە و پشتگیری بەرخۆدانی خانەسۆر ڕوویانکردە شەنگال. بەڵام کاتێک جەماوەر گەیشتنە گوندی نەعیمی سەر بە شارۆچکەی ڕەبیعە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە لەسەر سنوور وەستێنران.

ئەندامی تاژێیان شەهید کرد

لە ١٤ ی ئادار هەزاران هاوڵاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگالەوە هاتنە خانەسۆر، بەرەو حەشارگەی چەتەکان ڕێپێوانیان کرد. هەزاران کەس بە کاروانێکی ١٠٠ ئۆتۆمبیل بەرەو بینای پادێ چوون و لە خانەسۆرەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد. بەڵام کاتێک جەماوەر گەیشتنە حەشارگەی چەتەکان، گرووپە چەتەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کرد. لەم هێرشەدا ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) نازێ نایف قەوال (٢٠ ساڵ) شەهیدبوو، ١٠ کەس بریندار بوو.

تەرمی ئەندامەکەی تاژێ لە گۆڕستانی چیای شەنگال بە مەراسیمێکی شکۆدار بەخاکسپێردرا. گەلی شەنگال کەمپێکی مانەوەی خۆیان لە هەرێمی سەردەشت لە چیای شەنگال ناونا بە "کەمپی شەهید نازێ".

بۆچی خانەسۆر

هەڵسەنگاندن و ڕاگەیاندراوەکان دەربارەی هۆکاری هێرشەکان زیاتربوون. هەروەها چەندین زانیاری دەربارەی هۆکارەکانی هێرشەکە خرانە بەرچاو.

شارۆچکەی خانەسۆر دەکەوێتە لای باشووری ڕۆژئاوای چیای شەنگال و لەسەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستانە. کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و دەوروبەری، ئەم شارەش داگیرکرا. لەگەڵ هێرشی داعش، شەڕڤانانی یەپەگە-یەپەژە، لەسەر بانگەوازی گەلی ئێزیدی و دامەزراوەکانیان، لە دیوی ڕۆژئاواوە بەدەم هاواری گەلەوە چوون. شەڕڤانان بۆ یەکەمجار لەسەر هێڵی خانەسۆر گەمارۆی داعشیان شکاند و گەیشتنە چیای شنگال. بەم هەوڵە ڕێڕەوێک لە نێوان ڕۆژئاوا و شەنگال کرایەوە و دەیان هەزار هاوڵاتی ڕزگار کران.

لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعشدا، گەریلاکانی یەپەگە-یەپەژە، هەروەها گەریلاکانی هەپەگە-یەژا ستار، بەدەم هاواری گەلی ئێزیدییەوە چوون. هەروەها گەلی ئێزیدیش ورەیەکی زۆریان لەوە وەرگرت و هێزی خۆپاراستنی خۆیان بە ناوەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) دامەزراند. لەم بەرخۆدانە مەزنەدا، خانەسۆر و دەوروبەری لە چەتەکان پاککرانەوە. شەڕڤانانی یەبەشە-یەژەشە لەلایەن گەلەوە وەک هێزی خۆپاراستنی هەرێمەکە لەئامێزگیران، تادەهات چوونە ڕیزەکانی یەبەشە و یەژەشە زیاتر دەبوو.

لە لایەکی ترەوە گەلی ئێزیدی وردە وردە گەڕانەوە بۆ هەرێمەکە و دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان دامەزراند. لەم چوارچێوەیەدا کۆمۆنە، ئەنجومەن، ئەنجوومەنی دامەزراندن، ئاسایشی ئێزیدخان، شارەوانی و هتد. دامەزران. هەروەها پارتی ئازادیی دیموکراتیکی ئێزدی (پادێ) دامەزرا و لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە قبوڵکرا. بەم شێوەیە بۆ یەکەمجار گەلی ئێزیدی ئیرادە و خۆبەڕێوەبەریی بەدەست هێنا. شارۆچکەی خانەسۆریش وەک سیمبولی ئەم سیستەمە دەرکەوتەپێش.

خانەسۆر بە بەرخۆدانەکەی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. لەماوەی ساڵێکدا گۆڕا و بووە نموونەیەک. هەزاران هاوڵاتی کە بەهۆی ستەمی چەتەکانەوە کۆچبەربوون گەڕانەوە زێدی خۆیان. ڕەنگی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕوونتر بووییەوە، دامەزراوەکان پتەوتر بوون. پاش ساڵێک، ئیتر گەلی ئێزدی لە بەرگرییەوە تا سیاسەت و خزمەتگوزاری و ژنان و گەنجان و کەلتوور و ئابوورییدا، لە هەموو ڕووییەکەوە بوو بە ئیرادەیەک. گەلی شەنگال ئەمڕۆش لەسایەی ئەو بەرخۆدانەی کۆمەڵگەی خانەسۆر کە ٨ ساڵ پێش ئێستە ئەنجامدرا، خۆی بەڕێودەبات. ئیتر ئەم بەرخۆدانە گۆڕا بۆ سیستەمێکی خۆسەری و خۆبەڕێوەبردن.