وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی گشتی پارتەکەی دەربارەی ڕۆژەڤەکان لە لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی و ئەو "نەخشەڕێ"یەی تاوتوێ دەکرێت، قسەی کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند پاش بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ تەواوی لیژنەکانی پارتەکە کۆبوونەتەوە و بەردەوام دەبن. جەختی کردەوە ئەم بانگەوازە لە جیهاندا دەنگی دایەوە و پشتگیری لە بانگەوازەکە دەکەن، هەروەها جەختی کردەوە وەک دەم پارتی بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازە بۆ هەموو شتێک ئامادەن، تاوەکو زووتر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پرۆسەکە خێراتر بێت، دەسپێشخەریی دەکەن. گوتی: "نەوەک تەنها لە تورکیا لە زۆر دەڤەری جیهان دەربارەی بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان ڕاگەیاندراو درا. ئەگەر بانگەوازی ئاشتی و دیموکراتیکی بەڕێز ئۆجالان لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە، ئەمە نیشانی دەدات کە پرسی دیموکراسی لە تورکیا، تەنها لە تورکیادا سنووردار نابێت".
هەروەها جەختی کردەوە، ئەم بانگەوازە کردنەوە و فراوانکردنی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیکە، گوتی: "لەبەرئەوەی شەڕ لە هەرێمەکەدا هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ئاشتی نەگەیشتووەتە ئەنجام، بۆیە بانگەوازێکی گرنگ و بەنرخە. تێیدا بانگەواز بۆ ئاشتی کراوە. پێویستە هەنگاوی خێرا بۆ ئاشتی بنرێت و مەترسییەکانی ئێستە لاببرێن".
ئەمە بانگەوازێکە بۆ هەمووان
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند ئەم بانگەوازە بۆ هەموو کەسێکە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ هەموو کەسێکی ئاشتیخواز و دیموکراسیخوازە، بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتیشە، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بەڕوونی ئەمەی گوت. پێویستە ئەم دەرفەتە نەفەوتێنرێت. پەیامی پشتیوانی گرنگ بۆ ئەم دەرفەتە گرنگە هەبووە".
دەرفەتێکی گرنگە
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند کاتی بەدیهێنانی پێویستییەکانی ئەم قسانەیە، گوتی: "یەکێک لەو شتانەی چاوەڕێ دەکرا، هەڵوێستی قەندیل بوو. لەم ڕووە چەندین لێکدانەوە هەبوون. بەڵام پەکەکە ڕاگەیاندراوێکی مێژوویی بڵاوکردەوە. پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند. وەک دەم پارتی دڵخۆشبووین بەم ڕاگەیاندراوە و هێزی بەم دەرفەتە بەخشی. تورکیایەکمان دەوێت، شەڕی تێدا نەبێت و ئاشتییەکی درێژخایەن تێیدا فەراهەم بێت. بۆیە دەرفەتێکی گرنگە. هەروەها پێویستە ئەم ڕاگەیاندراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ سەیر بکرێت. دەوڵەت و دەسەڵات دەبێت ئەوەی پێویستە بیکات بۆ ئەوەی هەلومەرجی پێویست بڕەخسێت. وەک دەم پارتی، ئێمە بانگەواز دەکەین. نابێت ئەمە بۆ کات جێبهێڵرێت. بۆیە ئەوەی دەبێت بکرێت ئەمەیە: پێویستە هەموو شتێک بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم بانگەوازە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک".
ئایشەگوڵ دۆغان تیشکی خستەسەر ڕۆڵی پەرلەمان و گوتی: "بۆ ئەوەی یاسا و ماف و ئازادی و دیموکراسی و سیستەمی دادپەروەری بۆ هەمووان بڕەخسێت، دەبێت ڕەگەزەکانی یاسای دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت، پەرلەمان زەمینەی بەجێگەیاندنی ئەم خواستانەیە".
پەرلەمان دەتوانێت زۆر شت بکات
ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند دەبێت دەستبەجێ لە چوارچێوەی یاساییدا وەڵامی پێویست بدرێتەوە و نیگەرانیان بڕەوێنرێنەوە و ئیرادەیەک نیشان بدرێت و یاساکان هەمواربکرێنەوە، گوتی: "چەندین ساڵە دەڵێین ناونیشانی چارەسەر و ئاشتی و موخاتەبی سەرەکی بەڕێز ئۆجالانە. گوتمان دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە و دەتوانین پێکەوە گۆڕانکاریەکان ببینین. هێشتا ئەم دەرگایە بەباشی نەکراوەتەوە و فیکرەکانی بەڕێز ئۆجالان نەگەیشتووەتە گەل، بەڵام هێشتا ڕەوشی تورکیا دەگۆڕێت. پێکەوە باس لە ئەگەری ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک دەکەین. باسی ئەگەری نەمانی تەواوەتی شەڕ دەکەین. مافی ئاشتی و دیموکراسی بۆ هەموومانە. بۆیە دەبێت هەمووان خۆیان بەرامبەر ئەم بانگەوازە بە بەرپرسیار بزانن".
لە ١٠١ شار لەگەڵ گەلدا کۆدەبینەوە
هەروەها جەختی کردەوە، وەک ژنان خاوەندارییەکی بەهێز لەم بانگەوازە دەکەن، بەجۆشەوە خۆیان بۆ نەورۆز ئامادە دەکەن، دەربارەی بانگەوازەکە لە ١٠١ شار لەگەڵ گەلدا کۆدەبنەوە و لەبارەی ئاشتییەوە دەدوێن.