لە تەبقە مەراسیمی جەماوەری بۆ شەهید مستەفا عەفرین بەڕێوەچوو

تەرمی شەڕڤانی قەسەدە مستەفا عەفرین (خالید محەمەد) کە ٢٧ ی شوبات لە هێرشی دەوڵەتی تورک شەهیدبوو، لە تەبقە بە مەراسیمێک بەخاکسپێردرا.

شەڕڤانی قەسەدە مستەفا عەفرین (خالید محەمەد) کە ٢٧ ی شوبات لە شەدادی شەهیدبوو، بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهیدانی تەبقە بەخاکسپێردرا. سەدان دانیشتووی کانتۆنی تەبقە و کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پارتی سوریای ئایندە، ئەنجوومەنی کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا بەشداربوون.

ئەندامی ئەنجوومەنی ئایینی کانتۆنی تەبقە، بۆتان شێخ حەمۆ چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی لەسەر شەهیدبوون خوێندەوە و تیشکی خستەسەر پێگەی شەهید لە ڕوانگەی ئایینەوە.

هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیەدەی کانتۆنی تەبقە خالید عەسکەر باسی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆی کرد، گوتی: "پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئێمە بەرەو ئاشتی دەبات. نامەکە پێمان دەڵێت، ئێمە گەلێکی خاوەن ماف و دەسکەوتین و قوربانی زۆرمان داوە. شەهید خالید بەڵگەی ئەمەیە".

خالید عەسکەر بەڵێنی درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدانی دووپاتکردەوە، جەختی کردەوە کۆتایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دەهێنن.

پاشان ناسنامەی شەهید مستەفا عەفرین خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، تەرمی شەهید بە درووشم و هەلهەلە بەخاکسپێردرا.