حەسەن جودی: تورکیا لە ڕیگەی کۆچپێکردن هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدات

حەسەن جودی نوسەر و ڕۆژنامەنووس پێی وایە:" بەشێكی کۆچبەری وەک هەڵویستێکە لە دژی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بەشێکیشی تورکیای لە پشتەوەیە بۆ ئەوەی دیموگرافیای باشوری کوردستان بگۆرێت"

نوسەر و چاودێر و ڕۆژنامەنوس حەسەن جودی لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی کورد لە بیلاڕوسیا و هۆکارەکانی کۆچبەری و پلانی گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان لە ڕێگەی کۆچبەریەوە  بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لەسەرەتای قسەکانیدا ئەو نوسەرە وتی سیستمی دەسەڵاتداری لە باشوری کوردستان دۆخی قەیرانی تێپەراندووە و چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارتر کە مرۆڤ دەتوانی بە دۆخی گێژاو بەناوی بکات، ئەو دۆخە کاریگەری لە سەر سیستمی ئابۆری، دەسەڵاتداری و کۆمەڵایەتی دروست کردووە، بە شێوازێک کۆمەڵگای توشی گێژاو کردوە، سیستەمی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر ئەو دۆخە نەک هەر بێچارەیە بەڵکو زۆر بێ باکە، چاو دادخات لە ئاستی ئەو کارەساتە، هەروەها ناوبراو وتیشی:" بۆیە کۆمەڵگا وەک هەڵوێستێک ڕێگەی کۆچی گرتۆتە بەر، چونکە کۆچیش جۆرێکە لە هەڵوێست، چونکە دەسەڵات لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا سیستمی دەسەڵاتداری و ئابوری دارماندوە، پەیوەندیە کۆمەڵایتیەکانی داڕزاندوە و شکۆی کەسایەتی کوردی تێک شکاندوە. دەسەڵاتێکی وا زیاتر لە ٤٥ بارەگای تورکیای داگیرکەری هێناوەتە ناو خاکی باشوری کوردستان، سەدان چالاکوان ڕۆژنامەنووسی بێ تاوانی کردۆتە کونجی زیندانەکان، بێگومان کۆمەڵگاش لەبەرامبەر ئەو هەموو زووڵمە بە شێوازێک گوزارشت لە ناڕەزایەتی خۆیدەکات."

ناوابراو ئاماژەی بە بەشێک لە هەڵوێستەکانی کۆمەڵگا کرد لەدژی دەسەڵات وتی:" لە هەڵبژاردنەکاندا کۆڵگا لە سەدا ١٨ بەشداری هەڵبژاردنی کردوە. نێوەی زیاتریش دەنگی نەداوە بە دەسەڵات، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتریش نموونەی ڕێفراندۆم لە سەدا ٣٥ خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی کرد. لەو ڕێژەیەش نێوەی دەنگی بە نەخێر داوە، ئەوانە هەموو کۆمەڵێک کاردانەوەن کە کۆمەڵگای ئێمە لەبەرامبەر سیستمی دەسەڵاتداریەتی  وەک هەڵویستێک پێشانی دەدەن."

"کۆچپێکردن سیاسەتی گۆرێنی دیموگرفایای کورستانە"

ئەو نوسەرە پێشی وایە بەشێکی تری کۆچی گەنجان پەیوندی بە سیاسەتێکی مەترسیدارەوە هەیە کە دەوڵەتانی داگیرکەری لە پشتەوەیە کە پەیوندی بە گۆرێنی دێموگرافیای کوردستانەوە هەیە، بە تایبەتیش تورکیا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، وتیشی:" کۆچپێکردنی گەنجان و گۆڕێنی دیموگرافیای باشوری کوردستان بە بەرنامە کاری لەسەر دەکرێت. تورکیا بە پشتیوانی چەند هێزێکی هەرێمی کار لەسەر ئەوە دەکات کە کۆچ بە گەنجەکان بکات و لە جێگەی ئەوان خەڵکانی تر بێنە شوێنی کوردان و جێگیریان بکەن. بە تایبەتی عەرەبی سونە، تورکیا بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک تۆری سیخوری و قاچاغچی بەکار دێنێت بۆ ئەوە شەپۆلی گەنجان بەرەو ئەورپا بەڕێبکات و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆرێت، واتا کۆچی هاوڵاتیان دوو ڕەهەندی هەیە یەکەمیان وەک هەڵوێستێکە لەبەرامبەر سیستمی دەسەڵاتداریەتی لە لایەکی دیکەوە  پالانێکی دەرەکیە بۆ گۆڕێنی دیموگرافیای ناوچەکە."

"ئەوانەی کۆچبەریش دەبن هەر نیشتیمان پەروەرن"

بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەل ئینتیمای نەماوە بۆ نیشتیمان بۆیە کۆچ دەکات حەسەن جودی پێ وایە  کۆمەڵگای باشوری کوردستان کۆمەڵگایەکی نیشتیمان پەروەرە. ئەو گەنجانەی وڵاتیشیان بەجێهێشتوە بە هەمان شێوە نێشتمان پەروەرن، و دەڵیت:" ئەو خەڵکانەی کە وڵاتیان بەجێهێشتوە و کۆچبەر بوونە بە واتای ئەوە نیە کە ئینتیمایان بۆ نیشتیمان نیە، ئەگەر تێگەشتنێکی وا هەبێت هەڵەیە، بەڵام لە سەدا ٩٥ کۆمەڵگای باشوری کوردستان لە دەسەڵاتی باشوری کوردستان ناڕازین، چونکە دەسەڵاتێکی ستەمکارە، دواکەوتووە، ناعەدالەتە، تاڵانکارە و کەوتۆتە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستانەوە. لەبەر ئەوە خەڵک ئامادە نیە لە ژێر سایەی داگیرکاری دانیشێت، بەڵام ئەگەر ئەو خەڵکە کۆچی نەکردبا باشتربوو لە جایەتی ئەوە خۆیان ڕێکخستبا و لە دژی دەسەڵات وەستابانەوە باشتر بوو، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک لەوە تێبگای ئەو کۆچە بەشێکە لە ناڕازایەتی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان، ئەو زۆرینە خەڵکەی کە ماوە کۆچی نەکردوە ئەوانیش هەر لە دەسەڵات نارازین."

"قسەکانی دەسەڵات فلوسێکی سوتاو ناهێنێت"

حەسەن جودی سەرنجی ڕاکیشایە سەر سینارۆیە سواوەکانی دەسەڵات و وتی:"بە شێوەیکی گشتی دۆخێکی تراژیدی لە باشوری کوردستان هەیە. دەسەڵاتداری باشوری کوردستان لە جیاتی ئەوەی ڕاستیەکان ببینن و چارەسەرێکی دۆخەکە بکەن، خەریکی دروستکردنی سینارێۆن،  بەڵام قسەکانیان فلسێکی سوتاو نا‌هێنێت و کەس باوەر بەو قسە پوچانە ناکات."

"یەکێتی ئەورپا و ئەمریکا تاونبارن لە کۆچپێکردنی کوردان"

لە درێژەی قسەکانی حەسەن جودی:" وڵاتانی ئەورپاش بەشێکن لەو سیاستەی کۆچە، چونکە ماوەی سی ساڵە پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی ستەمکار دەکەن لە باشوری کوردستان. چاو لە هەموو ئەو پێشلکاریانە دەگرن کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی  کوردستان بەرامبەر هاوڵاتیان دەیکەن ،  واتا دەبێت یەکێتی ئەوروپا ئەو بزانێت کە خۆشیان نیگەرانن لەم کۆچبەریە، دەبێت پرسیار لە خۆیان بکەن. چونکە خۆیان تاوانبارن لەو بابەتەدا، بۆیە دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا و ئەوروپا بزانن، هەتا پشتیوانی لە دەسەڵاتدارنی هەرێم بکەن و ئەم کۆچبەریە هەر بەردەوام دەبێت بەرو ئەوروپا، چونکە گەل ئامادە نیە لە سایەی دەسەڵاتێکی ستەمکاردا دابنیشێت، بۆیە دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا چاو لە پێشیلکاریەکانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان نەپۆشن. "

"بیلاڕوسیا دۆخی نا لەباری کورد وەک کارتی فشار لە دژی یەكێتی ئەورپا بەکاردەهێنێت"

لە کۆتایی قسەکانی حەسەن جودی سەرنجی ڕاکێشایە سەر پلانی بیلاڕوسیا و بەکارهێنانی  ڕەوشی نا لەباری کوردان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و وتی:"بلاڕوسیا بەشدارە لە کۆچپێکردنی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان، چونکە دۆخی نالەباری کورد بەکار دێنێت لەبەرامبەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، لەو سیاسەتە بیلاڕوسیا هاوشێوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دۆخی نالەباری گەلانی ناوچەکە لە دژی یەکێتی ئەوروپا بەکاردێنیت. گەل دەبێتە قوربانی لە دارستانە ساردەکانی نێوان سنوری بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەورپا."

ف.ق