حەسەن رەحمانپەنا: ئەوەی ئەردۆغان دەیکات هیچ فەرقی نییە لەگەڵ ئەوەی سەدام حوسێن کردی

حەسەن ڕەحمانپەنا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێیوایە ئەوەی تورکیا دەیکات لە دژی گەلی کورد تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی هیچ فەرقی نیە لەگەڵ تاوانەکانی سەدام حوسێن.

حەسەن ڕەحمانپەنا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمەنیستی ئێران دەربارەی هێرش و تاوانکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بەکارهێنای چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کورد و دواین دۆخی کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و نرخاندی گرینگی کرد.

حەسەن ڕەحمانپەنا دەربارەی فشار و هێرشەکانی سەر کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە وتی: " من پێموایە ئەو زەخت و زۆرەی، کە لەسەر گەلی کورد هەیە پەیوەندیی بە ناوچەکەوەیە هەیە، تەواوی ئەو ناوچەیەی کە ئێمە تێدا دەژین لە بەرامبەر ئاڵۆگۆڕدایە لە لایکەوە ئەمریکایە، لەیەکی تر ڕووسیایە، وڵاتانی زلهێزی ترن و کێشەی  بونیاتگەرایی ئاینیش بە شیعە و سونەوە، جگە لەوانەش ئەمریکایەکان بڕیاریانداوە هێزی سەربازی خۆیان لە عێراق بەرنە دەرەوە و ئەوەش بۆخۆی بۆشاییەکی گەورە دروست دەکات، هەر وەک ئەوەی لە ئەفغانستان کێشەی گەورەیان دروست کرد، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کێشەکان قوڵتر بێتەوە. لەو نێوەندەشدا دوو لایەن کە تا سەر ئێسقان دژ بە خەڵکی کوردستانن ئەویش یەکێکیان دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرە و ئەوەی تریشیان دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە دەیانەوێت ئەو هەلە بە قازانخی خۆیان بقۆزنەوە."

"مەعقولە فڕۆکەکانی تورکیا لە ئەستەمبوڵەوە بێن دەوربەری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان بۆردوومان بکەن"

دەربارەی هێرشەکانی تورکیا و بێدەنگیی دونیا لە ئاستی تاوانەکانی، ئەو ئەندامەی کۆمیتەوی ناوەندیی کۆمەڵە وتی: "دەوڵەتی تورکیا بە باوەڕی من گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە لەلایەن خودی ئەمریکا و ناتۆ، ئەگەرنا مەعقولە فڕۆکەکانی تورکیا لە ئەستەمبوڵەوە بێن دەوربەری هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان بۆردوومان بکەن، ئەم وڵاتە بە ناو وڵاتێکە، بەڵام بێ خاوەنە، وەختی خۆی ئەم ناوچانە لە ژێر هێڵی ٣٦ دابوون ئیستاش ئەمریکایەکان بەشێکی ئاسمانی ئەو ناوچەیان بە دەستەوەیە ئەی بۆچی دەستوەردان ناکەن؟ ئەوە بە واتای ئەوە دێت کە دژایتە لەدژی خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد، لە لایەکی تریشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشا گەردانەیەی کە لە عێراقدا هەیە، عێراق بێخاوانە."

"تورکیا بە چەکی وڵاتانی ڕۆژئاوا تاوان لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات"

دەربارەی تاوانە جەنگییەکانی تورکیا کە بەچەکی کیمیایی خاکی کوردستان بۆردوومان دەکات و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات رەحانپەنا وتی: "پێموایە ئەوەی تورکیا دەیکات تاوانێکی جەنگییە دژی مرۆڤایەتی لەبەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە چەکی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو تاوانە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدات، ئەوە شتێکی شاراوە نییە، تورکیا بە پاڵپشتیی ناتۆ و یەکێتی ئەورپا و ئەمریکا ئەو تاوانانە ئەنجام دەدات ئەگەر نا ئەو وڵاتانە دەتوانن پێشی پێ بگرن، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەی ٢٠ وڵاتی پێشەشازی هەبوو، ئایە نەیان دەتوانی لەوێی تورکیا شەرمەزار بکەن؟ بەپێچەوانەوە هەموویان دەستی ئەردۆغان دەگوشن و لەگەڵی دادەنیشن، ئەوە لە کاتێکدایە تورکیا تا سەر ئێسقان دژی مافی مرۆڤە، بۆیە پێموایە وڵاتانی وەک فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و ئەمریکا ئەو مەجالە بۆ تورکیا دەکەنەوە کە ئەو تاوانە ئەنجام بدات."

"ئەوەی ئەردۆغان دەیکات هیچ فەرقی نییە لەگەڵ ئەوەی سەدام حوسێن کردی"

ڕەحمانپەنا تاوانەکانی ئەردۆغان بە تاوانەکانی سەدام حوسێن دەشوبهێنی و دەڵێت: "ئەوەی ئەردۆغان دەیکات هیچ فەرقی نییە لەگەڵ ئەوەی سەدام حوسێن کردی لە هەڵەبجە و سەردەشت، هیچ فەرقی نیە لەگەڵ ئەو تاوانەی، کە لەناکازاکی و هێرۆشیما کرا، بۆیە ئەوەی تورکیا دەیکات تاوانکارییە و شەرمەزاییە، دەبێت بیرو ڕای گشتیی ئازادیخوازی دونیای لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکانی ئازادیخواز بێنە سەر خەت و فشار بکەن پێش لەو تاوانانە بگیرێت."

"نابێت بێرو ڕای سیاسی وابکات کە پارتێکی سیاسی دەوڵەتێکی داگیرکەر پەلکێشی کوردستان بکات"

لە درێژەی نرخاندنەکانی ڕەخنەی لە حزب  و لایەنە سیاسییەکانی کورد گرت، کە لە کاتێکی وا هەستیداردا یەکگرتو نین وتی: "بە داخەوە لە نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کورد جیاوازیی زۆر هەیە، هەڵبەتە ئەو جیاوازییانە سروشتییە بە دەلیلی ئەوەی هەموو لایەن و پارتێکی سیاسی بەرنامە و ستراتیژیی خۆی جیاوازە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو جیاوازییانە دەکرێت ئێمە لەسەر کۆمەڵیک ئوسوڵ و بابەتی ئەمڕۆیی، کە پەیوندیی بە ژیانی هاوڵاتیانی گەلی کوردەوە هەیە ڕێک بکەوین".

وتیشی: "نابێت بیروڕای سیاسی وابکات، کە پارتێکی سیاسی دەوڵەتێکی داگیرکەر پەلکێشی کوردستان بکات، دەبێت هەموو لایەنێک دژی پەلەمارەکانی تورکیا و ئێران بن و لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت، ژیانی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان پارێزراوبێت، شەڕی ناوخۆی ئەو حزب و ئەم حزب بکرێت بە هێڵی سور. هیچ کەسێک بۆی نەبێت لەبەر بەرژەوەندی حزبی چەک بەرامبەر لایەنێكی تر ڕابگرێت، ئازادیی کۆمەڵایەتی و مەدەنی فەراهم بکرێت، بۆیە ڕێکەوتن لەسەر ئەو خاڵانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لە نانی ڕۆژ پێوسترە بۆ خەڵکی کوردستان، بەم شێوازە دەتوانرێت پێش لە هێرشی وڵاتانی داگیرکەر  بگیرێت.”

دوڵەتانی داگیرکەر دژی هەموو گەلی کورد و کوردستان

حەسەن رەحمانپەنا ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێیوایە: "دوڵەتانی داگیرکەر دژی تەنها هێزێکی سیاسی یاخود بیروڕایەکی سیاسی نین، بەڵکوو دژی هەموو گەلی کورد و کوردستانن، دژی هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانن، دژی کەسانی بە ئاین و بێ ئاینن، پێموایە ئەوە گەلەکۆمەکییەکە لە دژی هەموو گەلی کورد، بۆیە هەق وایە هەموو کەس لە شوێنی خۆیەوە وڵامی هەبێت بۆ ئەو هێرشە."

"باشور و ڕۆژئاوا دەستکەوتی هەموو کوردیکە دەبێت بە هەموومان بیپارێزین"

رەحمانپەنا لە کۆتایدا سەرنجی ڕاکیشایە سەر دەستکەوتەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان هەن و وتی، ئەو دەستکەوتانە دەستکەوتی  هەموو کوردانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. تەنها دەستکەوتی پارچەیەکی کوردستان نییە، ڕۆڵەی چوار پارچەی کوردستان خوێنیان بۆ ڕژاندوە، بۆیە لە کاتی هەر هێرشێک دەبێت بە هەموومان لە دژی بوەستینەوە، هاوکات باشور و ڕۆژئاواش دەبێت مافی هەموو کوردێکی تێدا بێت، کە بە سەربەستانە ژیانی پارێزراو بێت و بە ئازادی تیایدا بژین و کار و چالاکی بکەن.

ژ.ت