"حیزبەکەى مەسعود بارزانی دەستی هەبووە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال"

کاوە شێخ موس ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی عەرەبیی مەعلومە باسی لە هێرشی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال و تیرۆری پێشەنگەکانی ئێزدی و تێکۆشەرانی شەنگال کرد.

ماڵپەڕی مەعلومە دوێنێ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کاوە شێخ موس ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەى سوپای تورکی داگیرکەر بە ئاسانی دەستی بە شەنگال بگات.

کاوە شێخ موس راشیگەیاندووە، "ئێمە زانیاریمان هەیە و زانیارییەکانمان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئاسانکاریی پێویستی بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی پێشەنگەکانی ئێزدی لە شەنگال بۆ سوپای تورک کردووە و زانیارییەکانی بە دەوڵەتی تورک داوە و دواتر لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەرەوە کراونەتە ئامانج".

شێخ موس ئەوەشی راگەیاند، "پەدەکە جگە لە هێرشکردنە سەر شەنگال، ئاسانکاریی بۆ هێنانی سوپای تورک کردوە بۆ ناوچە سنووریەکانی عێراق و بە ئاسانکاریکردن لە پێدانی زانیاری بە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، سوپای تورک ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات".

پەدەکە هاوکات لەگەڵ ئەوەى بەردەوامە لە هاوکاریکردنی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ جەنگ لە دژی گەلی کورد، دوێنێ بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەوە، بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک کارەبای ناوچەى شێلادزێ لە پارێزگای دهۆک بڕا.

ژ.ت