حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک: لە کەرکوک هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە دەدرێت
حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک بۆ وەڵامدانەوەی حزبە عەرەب و تورکمانەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ئەو لایەنانە بە "نانەوەی ئاژاوە" لە کەرکوک تومەتبار دەکەن.
حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک بۆ وەڵامدانەوەی حزبە عەرەب و تورکمانەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ئەو لایەنانە بە "نانەوەی ئاژاوە" لە کەرکوک تومەتبار دەکەن.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی ڕابردوو سێ حزبی تورکمانی کە بریتی بوون لە بەرەی تورکمانی و حزبی دادپەروەری تورکمانی و حزبی وەفای تورکمانی لەگەل ئەنجومەنی عەرەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان خوێندەوە و لە بەیاننامەکەدا داوای گۆڕینی بەرێوبەری نوێی کۆمیسێۆنی باڵای هەڵبژاردنیان کرد، کە ئەو پۆستەش پشکی نەتەوەی کوردە لە شاری کەرکوک. لە بەیاننامەی ئەو چوار حزبە تورکمانی و عەرەبەییەدا بەرێوبەری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێوەگلان لە ساختەکاری هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن.
لە بەرامبەردا رۆژی چوارشەممە لەشاری کەرکوک، لێپرسراوی یەکەمی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک لە بارەگای مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری کەرکوک کۆبوونەوە و سەبارەت بە چەند پرسێک، کە سەرەکیترینیان وەڵامدانەوەی ئەو چوار حزبە تورکمان و عەرەبە بوو، کە کورد بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردەنەکان تۆمەتبار دەکەن و حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک دەڵێن "ئەو لایەنانە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە کەرکوک دەدەن، چونکە ئەوە لایەنە عەرەب و تورکمانانە دەترسن لە ئاشکرا بوونی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان لە کەرکوک".
لە دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک، بەناوی حزبە کوردستانییەکانی شارەکەوە وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند خستەڕوو.
محەمەد عوسمان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ووتی: "لەکاتێکدا پەرلەمان و کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتوون بەو بڕیارەی کە لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢١ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێک لە حزب و لایەنە عەرەبی و تورکمانیەکانی کەرکوک کە ناسنامەیان ئاشکرایە لە بەیاننامەیەکدا هێرشی توند و ناڕەوایان کردووەتە سەر بەرپرسی نووسینگەی کەرکوک کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو حزبە عەرەب و تورکمانانە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ناوزەڕاندنی لقی کەرکوکی کۆمسێۆنی هەڵبژاردنەکان کە دەزگایەکی دەستوری عێراقە و لەم هەڵمەتی ناوزەڕاندنە نەتەوەی کورد کراوەتە ئامانجی ناڕەوای ئەو لایەنە عەرەب و تورکمانانە."
هەروەها محەمەد عوسمان ووتیشی ئێمە وەکو حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک ئەم داواکاریانە دەخەینە ڕوو:
یەکەم/ داوا لە پەرلەمانی عێراق و داواکاری گشتی دەکەین بەپەلە رێوشوێنی یاسای و دەستوری دژ بەو ناوزەڕاندنە بگرنەبەر و تومەتچیەکان رووبەڕووی یاسا بکەنەوە، هەروەها تیمی یاسایی ڕادەسپێرین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان.
دووەم/ هەڵوێستی ئەو لایەنانە سەرەتایەکی مەترسیدارە بە ئاراستەی سەرهەڵدانی ئاژاوە لە پارێزگای کەرکوک و هەر رووداوێک لەداهاتوو روو بدات ئێمە لی بەرپرسیارنین.
سێیەم/ جەخت دەکەینەوە کە دابەشکردنی پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکانی کەرکوک بەپێی شایستەی هەڵبژاردن پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و چێتر لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک پەراوێز نەکرێن لەو شایستە هەڵبژاردنەوەی کە بەدەستیان هێناوە.
چوارەم/ هەڵوێستی ئەو لایەنانەی عەرەب و تورکمانەکان دژی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە، هەروەها ترس و گومانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، چونکە لایەنە عەرەب و تورکمانەکان ترسی ئەوەیان هەیە کە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ شەقامی کەرکوک و عێراق ئاشکرا بێت.
پێنجەم/ ئێمە وەکو حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک جەخت لە پێکەوەژیان دەکەینەوە و ڕایدەگەینین ڕێگە لە هەر ئاژاوەیەک دەگرین کە هەندێک لایەن دەیانەوێت بیگرنەبەر بە ئاراستەی تێکدانی ئەو برایەتی و پێکەوەژیانە، کە سەدان ساڵە لەم پارێزگایە بوونی هەیە و لەو رووەوە حزبە کوردستانیەکان پێشەنگ دەبن و دریژە بەو پێكەوەژیانە دەدەن کە لە کەرکوک هەیە.
ژ.ت