حزبی کۆمۆنیست: داخستنى سێ حزبە کوردییەکە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکانە

حزبی کۆمەنیستی کرێکاری کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنی سێ حزبە کوردیەکە دژی ئازادیی هەڵسورانی سیاسیی و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکانە، ئامانجیش لێی شاردنەوەی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە حکومەتی عێراق و هەرێم لەگەڵ تورکیا بەستوویانە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، لە بارەی بڕیاری داخستنی (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کورستان، پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشان و دیموکراسیی) لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی سەربە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هاتووە: ئەم بڕیارە جگە لەوەی کە سەراپا دژی ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی حزبەکان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە سیاسییەکانە، هاوکات هەنگاوێکی سیاسیی و سەرکوتگەرییەکی ئاشکرایە لەژێر پەردەی یاسادا، کە ئامانج لێی بۆ شاردنەوەی ئەو بەندوبەست و ڕێکەوتنانەیە کە حکومەتی عێراق و هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بەستویانه‌.

ئاماژە بەوەش دراوە، بێ دەنگی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر بڕیاری داخستنی حزبەکان، تەنها بۆ ئەوەیە ڕووی سیاسەتە دزێوەکان و ئەو ڕێککەوتنانەیە کە بەڵێنیان بە ئەردۆغان داوە بشارنەوە، لە کاتێکدا ئەوە حکومەتی تورکیایە کەوتووەتە لەشکرکێشیی و ژێرپێنانی سەروەریی خاکی عێراق.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی دادوەری، نەک هەر پەیامێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی، بەڵکو هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەر حزبێکی سیاسیی، کە نەچێتە خانەی بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدارەوە، هەربۆیە دەبێت ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی حزبەکان و خەڵکی ئازادییخواز چ لە عێراق و چ لە کوردستان بێتەوە و دەسه‌ڵاتدارانی عێراق ناچار بکرێت دەستی لێهەڵگرێت.

هەروەها حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ئیدانەی ئەو بڕیارەی کرد و ڕایگەیاند، بە هەنگاوێک بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی و چالاکیی حزبەکانی دەزانێن، هاوکات لەپاڵ هەموو ئەو دەنگانە و ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە سەرکوتکه‌رانەیە دێنه‌ مه‌یدان، ڕادەوەستین.