هەژار کاکەیی: هێرشەکانی سەر کەمپی مەخمور تاوانی جەنگە
هەژار کاکەیی شارەزای یاسا نیودەوڵەتییەکان دەڵێت: "تورکیا لە دژی کەمپی پەنابەرانی مەخمور تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و چەکی قەدەغەکراو لە دژی خەڵکی سڤیل لە مەخمور بەکاردەهێنێت" .
هەژار کاکەیی شارەزای یاسا نیودەوڵەتییەکان دەڵێت: "تورکیا لە دژی کەمپی پەنابەرانی مەخمور تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و چەکی قەدەغەکراو لە دژی خەڵکی سڤیل لە مەخمور بەکاردەهێنێت" .
كەمپی مەخمور، كەمپێكە خەلكەكەی ماڵ وگوندەكانیان سووتێنراوە و لە ترسی تیرۆری دەوڵەتی تورك باکوری کوردستانیان جێهێشتووە، كەمپێكە لە ژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتوەكاندایە و بەپێی یاسای نێودەولەتی ئەركی پاراستنیان لە ئەستۆی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە، هەروەها ئەو كەمپە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریدایە، كە دەوڵەتی عێراقە.
هەفتەیەک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی تورک زیاتر لە ٢٠ جار بۆردومانی ناوچەکانی شەنگال و مەخموریان لە هەرێمی کوردستان و چەند جارێکیش بۆردومانی ناوچەی دێرکی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، ئەو هێرشەی تورکیا کە بۆسەر کەمپی مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا و بە گەورەترین هێرشی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە دادەنرێت، چونکە هاوکات زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئەنجامداوە، کە لەئەنجامی ئەو هێرشەدا ٢ کەس شەهید بوون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، کە ژن منداڵ لەنێو بریدارەکان هەبوون.
سەبارەت بە نایاسایی بوونی هێرش و بۆردوومانکردنی کەمپی پەنابەرانی سڤیل لە مەخمور لەلایەن تورکیاوە، هەروەها بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیا و هەژمارکردنی بەکارهێنانی ئەو چەکە وەکو تاوانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی بەپی یاسا نێودەوڵەتیەکان، هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
ئەو رێککەوتنە لەگەڵ ڕوخانی رژێمی بەعس کۆتایی هاتووە
هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە پێشەڵکردنی سەروەری عێراق لەلایەن تورکیاوە، ووتی : "هیچ جۆر ڕێککەوتنێکی فەرمی نییە لەنێوان هەردوو ووڵاتی عیراق و تورکیا بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت هیچ جۆرە ئۆپراسێۆنێک لەناو خاکی عێراق ئەنجام بدات، ئەو رێککەوتنەی تورکیا لەگەڵ رژێمی بەعس ئەنجامی دابوو لە ساڵانی هەشتاکان کە تورکیا هەمیشە وەکو شەرعیەت دان بە ئۆپراسێۆنەکانی باس لەو ڕێککەوتنە دەکات، ئەو رێککەوتنە لەگەڵ ڕوخانی رژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی هاتووە، لە ڕووی یاسایی نێودەوڵەتییەوە هەر جموجۆڵێکی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی عیراقدا پێشەڵکردنی سەروەری عیراقە و پێویستە حکومەتی عێراق ڕێگربێت لەو هێرشانەی تورکیا بە تایبەتی بۆسەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور."
لە هێرشەکەی مەخمور دوو تاوان دژی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە
هەروەها سەبارەت بەتاوانی هێرش کردنە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور، هەژار کاکەیی ڕایگەیاند: "لە هێرش کردنە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور دوو تاوان دژی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە، کە یەکەمیان پێشێلکردنی سەروەرییەکەیەتی لەناو جەرگەی عێراق، فڕوکەی تورکی بۆردومانەی ئەو کەمپەی کردووە و هاووڵاتیانی سڤیلي کردۆتە ئامانج، لەلایەکی دیکەوە ئەو کەمپە کەمپێکی فەرمییە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسراوە کە خەڵکێکی پەنابەری سیاسی تیدا دەژێن، کە لە ترسی کوشتنیان لەلایەن تورکیاوە پەنایان هێناوەتە عیراق و کەمپێکیان بۆ دروستکراوە."
هیچ پاساویکی بەو جۆرە بوونی نییە
سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی ووڵات، هەژار کاکەیی ڕایگەیاند: "ئەوەی دەوڵەتی تورکیا باسی دەکات لە پاراستنی ئاسایشی تورکیا بوونی پەکەکە لەو کەمپە، هیچ پاساویکی بەو جۆرە بوونی نییە، تورکیا خەونی تەنها لەناوبردنی پەکەکە نییە، بۆ نموونە دەبینین لە شەنگال پەکەکە بوونی نییە، بەڵکو هێزی ئێزیدی لێیە، ڕاستە لەسەر فکرەی ئاپۆچێتی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن."
حکومەتەکەی ئەردۆغان لەبەردەم تەقینەوەی گەلە
سەبارەت بە هۆکاری چربوونەوە و فراوانبوونی هێرشەکانی تورکیا لەخاکی عێراق، ئەو شارەزای یاسای نێودەوڵەتیە ووتی: " ئەوەی تورکیا لە ئێستادا دەیکات لە فراوان بوونی هێرشەکانی، تورکیا دەیەوێت خەونی دەوڵەتی عوسمانی جارێکی دیکە زیندوو بکاتەوە، لە ئێستادا تورکیا لەناوخۆدا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت لەوانە داڕمانی ئابورییەکەی و لەدەستدانی نرخی دراوەکەی و سنوردارکردنی ئازادییەکان، بۆیە هۆکارێکی دیکەی فراوان بوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی لەهەوڵدان ئەو قەیرانانەی کە لەناو خۆی تورکیادا هەیە بیگوازنەوە بۆ دەرەوە، چونکە لە ئێستادا حکومەتەکەی ئەردۆگان لەبەردەم تەقینەوەی گەلە دژی بە حکومەتەکەی."
ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵکردووە
لەدرێژەی قەسەکانیدا ناوبراو ووتی: "بەداخەوە حکومەتی عێراق بێ دەنگە لە بەرامبەر هەموو ئەو هێرشانە، کە دەکرێتە سەری، پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق وەڵامێکی هەبێت بۆ تورکیا لەسەر ئەو پێشەڵکارییانەی بەرامبەر عێراق ئەنجامی دەدات، دەزانین کە ئاسمانی عێراق بەدەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرپەرشتیی ئەمریکاوەیە، وا دەردەکەوێت ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هەڵکردووە تا هێرش بکەن، پێویستە حکومەتی عێراق داوای کۆبوونەوەی بە پەلە بکات لە نەتەوەیەگرتووەکان و سکاڵا تۆماربکات لەدژی تورکیا."
شکستێکی دیکە نێودەوڵەتی بوو بۆ تورکیا
هەژار کاکەی ووتیشی: "تەواوی ئەو کێشانەی کە تورکیا بۆ عێراق و بەتایبەتی گەلی کورد دروستی دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستانەی تورکیا ڕووبەڕووی بۆتەوە بەتایبەتی لەم هێرشەی ماوەی ڕابردوو بۆ سەر زیندانی حەسەکە، کە هێرشەکە سەرکەوتوونەبوو و لەئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی خەلیفەی چەتەکانی داعش لە ناوچەیەکەی ژێر دەسەڵاتی تورکیا، کە ئەمەش شکستێکی دیکە نێودەوڵەتی بوو بۆ تورکیا، سەلمێندرا تورکیا داڵدەی چەتەکانی داعش دەدات، کە خەلیفەی یەکەمی چەتەکان داعش بەهەمان شێوە لەناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا کوژرا، بۆ گوازتنەوەی تیشک لەسەر ئەو شکستانە تورکیا هێرشی کردە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور."
هێرشەکانی سەر کەمپی مەخمور تاوانی جەنگە
سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە دژی کەمپی پەنابەرانی مەخمور، هەژار کاکەیی شارەزای یاسای نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: "کەمپی مەخمور لەژێر هەژموونی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و هەموو لایەک دەزانێت کە ئەم کەمپە، کەمپێکی سڤیلە و خەڵکی پەنابەری سیاسیی تێدا دەژێن، ئەو هێرشەی تورکیا ئەنجامیدا دژ بە کەمپی مەخمور، لە ڕووی یاسایەوە بەتاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت، پێویستە لێکۆڵێنەوە ئەنجام بدرێت لەسەر ئەم تاوانی جەنگانەی، کە تورکیا ئەنجامی داوە دژی کەمپی مەخمور."
تورکیا چەکی قەدەغەکراو دژی مەخمور بەرکاردێنێت
لەکۆتایدا سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەوە کراو دژ بە هاووڵاتیانی سڤیل لە کەمپی مەخمور، هەژار کاکەیی ووتی: " لە دواین هێرشیدا تورکیا جۆرە چەکێکی قەدەغە کراوی وەکو چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، ئەوەی جێگای ڕەخنەیە لەخۆمان کە نەمانتوانیوە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر شیوازی ئەو چەکانە بکەین، پێویستە ئەو کەسانەی بەرپرسن لەنێو کامپەکەدا بە وردی کار لەسەر ڕاپۆرتە پزیشکییەکان بکەن تا بۆ ناوەندە جیهانییەکان ئاشکرابێت و بسەلمێنرێت، کە چ جۆرە چەکێکی مەترسیدار دژ بە هاووڵاتیانی کەمپەکە بەکارهاتووە لەلایەن تورکیاوە، پێویستە بسەلمێنرێت کە لەگەڵ بۆردومانەکان جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردێت، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە وە ئەگەر ڕێگری لەو مەترسییە نەکرێت ئەوە لەداهاتوودا ئەنجامەکەی زۆر خراپ دەبێت."
ژ.ت