هێزل ئۆزگوور: كات كاتی چالاكییە

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژئا ـ ستار هێزل ئۆزگوور رایگەیاند؛ بەمسۆگەری ئێمە لەدژی هێرشی داگیركەری سەردەكەوین. راشیگەیاند، "كات كاتی چالاكییە، نەک كاتی ئاخاوتنە".

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژئا ـ ستار هێزل ئۆزگوور لەسەر هێرشی داگیركەری دەوڵەتی تورك بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی كردوو و وتی: "شەوی ١٧ی نیسان لە كاتژمێر ٢٠:٣٠دا ئەرتەشی توركی داگیركەری بۆ ئەوەی پلانی داگیركەری خۆی لەسەر باشوری كوردستان جێبەجێ بكات بەدەیان فڕۆكەی سیخۆری، فرۆکەی شەڕكەر و هەلیكۆپتەری سكۆرسكی لە هەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین دەستی بەهێرشێكی بەرفراوان كرد. هەوڵدانی داگیركەری ساڵی ٢٠٢١ كە لەوێدا دۆژمن تێدا شكستی هێنا و لەبەر ئەوەش بەشەرمەزاریی و رووقایمی خۆی لەهەرێمەكە كێشایەوە. بۆ ئەوەی قەرەبووی شكستەكەی ساڵی پار بكاتەوە، ئەمساڵ  لە ١٤ی نیسان تا ١٧ی نیسان سەرەتا بەتاكیكی بۆردوومان هەندێک شوێنی بۆردوومان كرد.

رووبەرووی زەبرێكی مەزنی گەریلا بوونەوە

ئۆزگوور وتی: "لەلای شێڵادزێیەوە بەرەو هەرێمی كۆڕەژارۆ لەپێدەشتەكانەوە كەوتە رێ و هەوڵیدا بەرێگەی هەلیكۆپتەری سكۆرسكی لە ئاسمانەوە سەربازەكانی دابەزنێت، بەمشێوەیە لەو هەرێمانەدا بەگشتی دەستی بەئۆپەراسیۆن كرد".

 ئۆزگوور وتیشی: "لەسەر هەموو ئەو گردانەی دەیوویست لە شەوێكدا سەرباز دابەزنن، رووبەرووی زەبری مەزنی گەریلا بوونەوە. كاتێك دۆژمن نەیتوانی سەربازەكانی لەسەر گردەكان دابەزێنێت و ئەو زەبرە مەزنەی خوارد، ئەمجارە هەوڵیدا كە ئەو سەربازانە لەشوێنی تر كە گەریلای تێدا نین دابنێت و بەبێدەنگی خۆی لەو شوێنانە کشاندەوە، کە گەریلای لێیە. یەكینەكانی دۆژمن بەناچاری ئیدی سەربازانی خۆیان لە شوێنی دوورتر لە تونێلەكانی شەڕ دابەزاند. بۆ ئەوەی خۆیان بگەیننە تونێلەكانی شەڕ ویستی لە دەشتەوە هێرش بكات و پێشڕەوی بكات.

ئەو هەڤاڵانەمان كە پێ بەپێی ئەو هەرێمە دەناسن و شارەزاییان لەسەر هەرێمەكە هەیە و باڵادەستیان بەسەردا دەشكێتەوە، زەبرێكی گەورەیان لە ئەرتەشی توركی فاشیستی داگیركەر دا، كە دەویست پێشڕەوی بكات. لەهەندێک شوێندا تەنها دەرفەتی هەڵهاتنیان بۆ مایەوە. لەهەندێک شوێنیشدا تاوەکو ئێستاش پێکدادانە و هەڤاڵانمان سەرقاڵی چالاكین.

ئەم شەڕە، شەڕی هەموو كوردانە

ئەندامی دەستەی فەرماندەیی یەژئا ـ ستار هێزل ئۆزگوور لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانیدا دەڵێت: "هێرشی داگیركەران تەنیا لەسەر زاپ و لەدژی پەكەكە نییە، هێرش لەسەر دەسكەوتی كوردانە. بەتایبەتی لەدژی نرخەكانی كوردی ئازادە، كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی شەرفمەندانە بژین. بۆ ئەوەی ئەو نەخشەی كوردستانی پارچەكراوە لەساڵی ٢٠٢٣دا نەگەنە یەك، لەسەر خەیاڵ و بنەمای عوسمانیی  نوێ دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە سنورەكانی میساقی میللی. هەوڵدەدەن ئەو هەرێمانەی تێدا جێگیر بوون داگیر بكەن. چاویان لەسەر دەوڵەمەندی سەرخان و ژێرخانی كوردستانە، بۆ ئەوەش سیاسەتێكی پیسی داگیركەری بەڕێوە دەبەن. لەبەر ئەوەش دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم؛ ئەم شەڕە، شەڕی نێوان دەوڵەتی تورك و پەكەكە نییە، ئەم شەڕە، شەرە لەدژی نرخی كورد و كوردستان و شەڕی سەركەوتنە لەدژی دۆژمنی قڕكەر و داگیركەر.

هەرچۆن گەریلا لەم قۆناخەدا بۆ پاراستنی كوردستان بەشێوەیەكی فیداكارانە و بەرۆحێكی فیدایانە رۆڵی خۆی دەگیڕێت، هەر تاكێكی كوردیش دەبێت خاوەنداری لەمێژوو، خاك  و شکۆی خۆی بكات و سنورێك بۆ ئەرتەشی داگیركەری تورك دانێت و لەبەرامبەر ئەم داگیركەرییەدا بڵێت؛ ئێدی بەسە.

ئێمە لێپرسینەوە لە هەموو شێوازەکانی هێرشی دوژمن دەكەین

ئەو كوردانەی كە هاوبەشی سیاسەتی قڕكەری دەوڵەتی توركی داگیركەرن و ئەو هێرشانە قەبووڵ دەكەن دەبێت باش بزانن كە، ئێمەش ئێدی حیسابی دۆژمن بۆ ئەوان دەكەین. لەبەر ئەوەی ئەو كەسانەی هاوشانی دۆژمن، سیاسەتی دۆژمن بەرێوە دەبەن و هەمان سیاسەت جێبەجێ دەكەن، بێگۆمان ئەوانەش دۆژمنی كوردانن. ئەو كاتە لەسەر ناوی گەریلا، بەناوی هێزی پاراستنی كوردستان، ئێمە لەدژی هەرچەشنە هێرش و پەلامارێك كە شکۆ و كەرامەتی كوردان بن پێ دەكات لەمەوبەدوا بێدەنگ نامێنین و لەو كەسانە حیساب بخوازین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكەین. ئێمە وەڵامی پێویستمان دایەوە و لەمەوبەدواش وڵامبدەینەوە.

بەتایبەتی گەلەكەمان لەباشوری كوردستان دەبێت ئەم راستیە باش بزانن، سەدام بەساڵان هێرشی قورسی لەدژی كوردان بەرێوە برد. سەددام كوردانی لەناو دەبرد، تەفروتوونای دەكردن و تەنانەت بەچەكی كیمیایی كۆمەڵكۆژیانی كرد. سەددام چوو، ئێستاكەش دیكتاتۆرێكی هاوشێوە وەكو ئەردۆغان شوێنی ئەوی گرتووەتەوە. ئەویش هاوشێوەی سەددام گوندەكان خاپوور دەكا، شارەكان دەسوتێنێت، خەڵكەكەمان دەكۆژێت، بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی برینەكانی هەڵەبجەمان بۆ نوێ دەكاتەوە، بەڵام بەداخەوە كەس لەدژی ناڕەزایەتی نیشان نادەن، هەموو دەوڵەتان خۆیان كەڕ و كوێر و لاڵ كردووە و نایبینن. دنیا لەبەرامبەر بەم دیكتاتۆرەوە بێدەنگە. ئەمەش بەو واتایە دێت ئێمە كورد و دۆستانە چەندە یەكگرتوو  و پشتیوانی یەكتر بین، ئەوەندە دەتوانین پێش بەهێرش و پەلاماری وەحشیانەی دۆژمن بگرین.

كات، كاتی چالاكییە

ئێمە لەو قەناعەت و باوەڕیەداین كە گەلەكەمان ئەم مەترسییانە دەبینن و هەڵوێستی كردەیی نیشان دەدەن. لەبەر ئەوەی كات، كاتی چالاكییە، نەک كاتی ئاخاوتن و قسەیە. لەم قۆناخەدا كردار پێویستە نەک ئاخاوتن. بێگۆمان ئەوەی لەهەموو بەشەكانی كوردستان بەئیرادە و پێداگریەكی مەزنەوە لەهەشتی ئادار و بیست و یەكی ئاداردا نیشاندرا، ئاستێكی مێژوویی بوو. ئێمە هەموومان بۆ ئەوەی كۆتایی بەم شەڕە بهێنین و كوردستانێكی ئازاد و ئازادی رێبەرایەتیمان مسۆگەر بكەین، دەبێت ئەم قۆناخە هەستیارە بەسەركەوتن بنەخشێنین و تاجداری بكەین.

ژ.ت