جانپۆڵاد: ٢١ی حوزەیران ئێمە بە شێوەی جەماوەری لەبەردەم زیندانەکان کۆدەبینەوە

هاوسەرۆکی توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵاد رایگەیاند: ٢١ی حوزەیران بە شێوەیەکی جەماوەری لە بەردەم زیندانەکان کۆدەبینەوە. تا رێگەی دەرچوون لە قەیرانەکان ئیمراڵییە".

زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە دروشمی "ئازای بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد" بەشێوەی بە نۆرە مانیان لە خواردن گرت و لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٤ دا بڕیاریاندا چالاکی مانگرتن لە خواردن بگۆڕن بە بایکۆتکردنی دادگاکان و ئەنجامنەدانی دیدار و پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکانیان. چالاکی ' دەنگ بە ئازادی بکە' کە لەلایەن بنەماڵەی زیندانیانەوە لەبەردەم زیندانەکان دەستیپێکراوە و هەموو رۆژێکی دووشەممە ئەنجام دەدرێت، بەردەوامە.

هاوسەرۆکی توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵاد سەبارەت بە چالاکی زیندانیان و ئازادنەکردنی ئەو زیندانیانەی "ماوەی سزاکەیان تەواو بووە" قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە زیندانیان بە تەواوەتی خۆیان گۆشەگیر کردووە و ئەوەش کاریگەری لەسەرتاسەری کوردستان و تورکیا کردووە. جانپۆلاد هەروەها وتی، "هەلومەرجی گۆشەگیری مایەی قەبوڵکردن نییە. گەورەترین بەربەست لەبەردەم پرسی کورد هەلومەرجی گۆشەگیریە. دەبێت دەستبەجێ چارەسەری بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە. دەسەڵات سەبارەت بەوە دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. ئێمە بیردەکەینەوە کە پرۆسەیە دووەمی چارەسەر، بە شێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر هەموو بەشەکانی تورکیا".

'تاکە رێگەی دەرچوون لە قەیرانی سیاسی ئیمراڵییە'

جانپۆڵاد رایگەیاند کە ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدووڵا ئۆجالان لەناو کۆمەڵگادا کاریگەری گرنگ دادەنێت و وتی، "هۆکاری سەرەکی رێگری لە دیدار لەگەڵ رێبەرایەتی ئەوەیە. نایانەووێت ئەندێشە و پێرسپێکتیڤەکانی ئەو بێنە دەرەوە و ئەو ئەندێشانە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دابنێن. بەردەوامبوونی گۆشەگیری بڕیارێکی سیاسیە. هیج شرۆڤەیەکی یاسایی هەڵناگرێت. دەوڵەت دەستوری هەمیشەیی خۆی پێشێل دەکات. لەو بڕوایەداین کە هەموو پارتە سیاسیەکان لە تورکیا دەبێت دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لەپێناو چارەسەری قەیرانی سیاسی لە وڵات بیرۆکە وەربگرن. بەڵام بە داخەوە بە پێچەوانەوە هەموو داواکاری پارێزەران و بنەماڵەکان بە پێداگرییەوە رەتدەکرێنەوە. دەسەڵاتیش زۆر بە باشی دەزانێت کە ئەمە چارەسەری بەدوادا نایات. تاکە رێگەی دەرچوون لەم قەیرانە ئیمراڵییە. بۆ ئازادی گەلان دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە. لە رێگەی سیستمی گۆشەگیرییەوە نەک هەر گەلی کورد، بەڵکوو هەموو گەلان گۆشەگیر دەکرێن".

"دەبێت خاوەنداری لە چالاکی زیندانیان بکەین"

هاوسەرۆکی توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە کە دەبێت خاوەنداری لە چالاکی زیندانیان بکرێت و جەختی کردەوە کە خودی چالاکیەکەی زیندانیان رەخنەیەکە لەو کەسانەی لە دەرەوەی زیندانن. رەخنە لە بێدەنگی ئێمە دەگیرێت دەبێت کۆمەڵگا بە خاوەنداری لەو چالاکیانە وەڵامی رەخنەکان بداتەوە، هەربۆیە داوا لە هەموان دەکەم، وەرن پێکەوە کۆمەڵگا لەم گێژاوە رزگار بکەین. هەروەها گوشارەکان بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواو بووە و ئازادناکرێن چڕ بکەینەوە. ئە هەڤاڵانەمان سەرباری ئەوەی زیاتر لە ماوەی سزاکەیان لە زینداندا رێگری لە ئازادکردنیان دەکرێت، چوونکە سەپاندنی پەشیمانییان رەتکردووەتەوە.ئەمە دۆخێکی نائەخلاقییە و دەبینین کە لە تورکیا یاسا چۆن پێشێل دەکرێت. جگەلەوەی بابەتەکە دەخەینە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، لە سەر ئاستی جیهانیش ئەو بابەتە دەکەین بە رۆژەڤ.

"دەبێت چالاکییەکان گەورەتر بکەین و بەهەموو شوێنێکدا بڵاویبکەیەنەوە"

هاوسەرۆکی توهاد-فەد کەرەم جانپۆڵاد ئەوەشیخستەڕوو کە وێڕای هەموو چالاکییەکان و بانگەوازەکانی گەل، گۆشەگیری بەردەوامە و وتی، "دەبێت چالاکیەکانمان بەرفراوانتر بکەین و ناڕەزایەتیەکان گەورەتر بکەین. دەبێت خەباتێکی چالاکییەکان بەڕێوەبچێت، دەبێت چالاکیەکان جەماوەری بن. سەرباری ئەوەی جەژنیشە بنەماڵەکان ناتوانن رۆڵەکانیان ببینن. هەموو دایکێک، باوکێک و منداڵێک مافی ئەوەیان هەیە دەنگی کەسوکاریان ببیستن. بەڵام بەداخەوە سیستمێک کە لە تورکیایە، رێگە بەوە نادات. وەک رێکخراوە و بنەماڵەکان داوادەکەین رۆژی هەینی ٢١ی حوزەیران دەبێت هەموان لە بەردەم زیندانەکان بن و پشتیوانی لە چالاکی بنەماڵەکان بکەن. داوا لە هەموو رێکخراوەکان و رای گشتی دەکەین کە بەشداری لەو چالاکیەدا بکەن. رۆژی هەینی وەک ئەوەی بچینە دیدار، هەموومان لەبەردەم زیندانەکان دەبین.

دەبێت بە هەموومان بەشداری لەو چالاکیانەدا بکەین. دەبێت هەموو پارت و رێکخراوەکان لە دژی گۆشەگیری بوەستنەوە و خاوەنداری لە چالاکی زیندانیان بکەن. نابێت بنەماڵەکان بە تەنیا جێبهێڵدرێن، هەموان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بەشداری لە چالاکییەکان بکەن. بەم بۆنەوە جەژن لە هەموو بنەماڵەکان، دایکان، زیندانیان پیرۆز دەکەین. ئەگەر چالاکیەکانمان بەهێز بکەین ئەستەمە نەگەین بە ئەنجام. جەژنی هەمووان پیرۆز بێت. هیوادارین جەژن ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی".

هـ . ب