جەلال مەلەکشا شاعیری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

جەلال مەلەکشا شاعیری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەى دڵەوە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

جەلال مەلەکشا شاعیری دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەکانیەوە لە سەردەمی هەر دوو رژێمی پاشایەتیی و کۆماری ئیسلامیدا دەستگیر و زیندانیکراوە و لەلایەن ئەو دوو رژێمە رووبەڕووی چەندین کێشە و بێبەشبوون لەمافەکانی کراوەتەوە.

جەلال مەلەکشا ساڵی ١٩٥١ لە گوندی مەلەکشای شاری سنە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەیدا و دواتر قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سنە تەواو کردووە.

جەلال مەلەکشا سەرەتا بە نووسین و وتنی شێعری فارسی چووە ناو دونیای ئەدەب و لێهاتوویی لە ئاستێکدا بوو بەبێ ئەوەى کتێبێکی چاپ بکرێت لەو سەردەمەدا بووە ئەندامی "یەکێتیی نووسەرانی ئێران".

مەلەکشا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و لە سەردەمی رژێمی پاشایەتیدا ئەندامی چریکی فەدایانی خەلق بوو و دواتر بووە ئەندامی رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران - کۆمەڵە. بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە لە سەردەمی رژێمی پاشایەتیدا بۆ ماوەیەک زیندانیکر و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئازادکرا، بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەمجارە لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەهۆی نووسین و شێعر و بابەتەکان و هەڵوێستەکانیەوە دووبارە زیندانکرایەوە.

شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران هاوکات شۆڕشێک بوو لە زمان و هونەری جەلال مەلەکشادا. لە دوای ئەو شۆڕشە دەستی لەنووسین بە فارسی هەڵگرت و لە دونیای نوسین و ئەدەبی کوردیدا دەستی بە نووسین و شێعر و چیرۆک کرد. بۆ ماوەى ١٥ ساڵ وەک ئەندامی دەستەى نووسەرانی گۆڤاری سروە کاریکرد و خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا گەیاند.

جەلال مەلەکشا لە شێعر و نووسراوەکانیدا باس لە گەلێکی داگیرکراو دەکات، کە خەونی بەرەبەیانی ئازادیی هەیە و بە نووسین و هەڵوێست و شێعرەکانی بەرەنگاری تاریکی و خراپییەکان بووەتەوە.

ئەو شاعیرە ئازادیخوازە چەندینجار لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بانگهێشتکراوە و رووبەڕووی هەڕەشەیان کردووەتەوە. جەلال مەلەکشا لە کاتی بەرخودانی کۆبانی لە جەنگی دژ بە داعش دا لە ساڵی ٢٠١٥دا شێعرێکی بۆ ئەو بەرخودانەی مێژووی و بێهاوتایەی کۆبانێ نووسیبوو، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە شاری سنە بانگهێشت کرابوو و هەڕەشەى لێکرابوو، کە نابێت لەبارەی بەرخودان و بەرەنگاریی کوردەوە شێعر بنووسێت، بەڵام مەلەکشا بە پێداگرییەوە پێی وتبون، دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت.

جەلال مەلەکشا ژیانێکی هەژاران ژیا و وەک دەوترێت لەونووسەرە دەگمەنانەیە، کە هەرگیز قەڵەمەکەى بۆ نان و ناوبانگ و دەسەڵات نەفرۆشتووە، بۆیە لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبوو، زیاتر لە ١٠ کۆمەڵە شێعر و چیرۆکی هەیە، کە ئامادەن بۆ چاپ، بەڵام بەهۆی هەژاری و بەهۆی پشتوانی نەکردنییەوە توانای چاپکردنیانی نییە.

تاوەکو ئێستا کتێبێکی کۆ شێعریی بە ناوی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" و کۆمەڵە چیرۆکێکی بە ناوی "کارەسات" چاپکراوە. هەروەها دوو شیعری "ھەتا لووتکە چەندی ماوە؟" و "داستانی دارە پیرە" لە شیعرە بە ناوبانگەکانی جەلال مەلەکشان. بەشێک لە شعێرەکانیشی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و سویدی.

جەلال مەلەکشا لە دوای ٦٩ ساڵ ژیانی پڕ لە ناسۆری و زیندان و شێعر و هەڵوێست ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە شاری سنە بەهۆی جەڵتەى دڵەوە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیانکرد و بۆ هەمیشە لە ئاسمانی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیی کوردستاندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

ژ.ت