کاڵکان: بایدن هۆشداریی بە ئەردۆغان داوە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە باسی لە هۆکارەکانی رۆیشتنی ئەردۆغان بۆ ئامەد کرد و وتی، "دیارە بایدن هەندێک زۆری لێکردووە. بە شێوەیەکی جدی هۆشداریی پێدابوو. ئەوە رۆیشتنی ئەردۆغان بۆ خۆی نەبوو".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە بەشداریی لە "بەرنامەى تایبەتی" میدیا خەبر تیڤی دا کرد و بە بۆنەى ٣٩هەمین ساڵیادی بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووزەوە شیکاریی گرنگی بۆ ئەو ساڵیادە و دۆخی کوردستان و ناوچەکە کرد.

لە سەرەتای وتەکانیدا سڵاوی لە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و بەرخودانی ئیمراڵی کرد و وتی، "سڵاو لە بەرخودانی زیندانیان دەکەم، کە بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی ٢٢٥ رۆژە بەردەوامە. بە راستیش لە زیندانەکاندا رۆح و ورەی ١٤ی تەممووز هەیە و خاوەنداری لەو رۆح و ئیرادەیە دەکەن. ئێمە ئەوە دەبینین. گۆشەگیری سەپاندنێکی هێرشکار و داگیرکەریی فاشیستە. گۆشەگیری لە ئیمراڵی ئەو راستییە دەخاتە بەرچاو".

دوران کاڵکان رایگەیاند، لە ئیمراڵی تێکۆشانێکی گەورە هەیە و وتی، "یانی هێرش چەند گەورە بێت، ئەشکەنجە چەند قورس بێت، بەرخودانیش لە دژی ئەوانە بەو رادەیە قوڵ و گەورە و واتادار و گرنگە. بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی راست و دروست لە بەرخودان لە ئیمراڵی تێبگەین. ئێمە هەوڵ دەدەین لێی تێبگەین. لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوامیی تێکۆشانی ئەوێ لە دەرەوەش هەیە. ئەو تێکۆشانە بە هەر چوارپارچەى کوردستان، تورکیا، دەرەوەی وڵات و هەر چوار قوڕنەى جیهاندا بڵاوبووەتەوە".

دوران کاڵکان رایگەیاند، تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد تێکۆشانە بۆ ئازادیی هەموو کەسێک و جیهانێکە لە ژیانی دیموکراتیک و مرۆڤانە.

'بڕیار و هەڵوێست بە ٤٠ ساڵدا بڵاوبووەتەوە'

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە  باسی لە ٣٩هەمین ساڵیادی بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز کرد وتی، "لە ٣٩هەمین ساڵیادی بڕیار و بەرخودانی گەورەداین. ئەوە زۆر گرنگە. وەک گەلی کورد، بزووتنەوە و هێزە دیموکراتیکە شۆڕشگێڕەکان ئێمە دەچینە ٤٠هەمین ساڵ. بڕیار و هەڵوێست بە ٤٠ ساڵدا بڵاوبووەتەوە. ئێمە باسی چالاکییەکی وەها دەکەین، کە هەرگیز کاریگەرییەکانی کەم نابنەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە و رێنیشاندەرە. پێویستە ئەوە ببینرێت و تێگەیشتنی لەسەر دروست بێت. دەبێت ئەو بابەتە دەستنیشان بکرێت؛ ١٤ی تەممووز بڕیارێکی گەورە بوو. لە راستیدا لە نەورۆزی ١٩٨٢دا ئەو بڕیارە لەلایەن مەزڵوم دۆغانەوە درا. لە مانگی ئایاردا فەرهاد کورتای و چوار کەسەکە بە بەهێزی وەریان چەرخاند بۆ چالاکییەک و وەک مۆرکردن بە خوێن بوو و وەرچەرخا بۆ بڕیاری سەرکەوتن و بڕیاری ئافراندنی سەردەمی مێژوویی".

'شەڕی بەهێزتر و سەرکەوتنی گەورەتر'

کاڵکان وتی، ١٤ی تەممووز 'رۆژی شکۆی نەتەوەیی کوردانە' و وتیشی، "ئەو چالاکییە و ئەو بڕیارە بووە هۆی ئەوە، کە کورد بەشداری بنەماڵەى مرۆڤایەتیی ئازاد ببێت و شکۆی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت. لەسەر ئەو بنەمایە رۆژی شکۆی نەتەوەیی لە رێبەر ئاپۆ، لە هەموو هاوڕێیان و گەلەکەمان پیرۆز دەکەم. ئێمە لە ٣٩هەمین ساڵیادی رۆژی شکۆی نەتەوەیداین. ئافرێنەرانی ئەو رۆژە محەمەد خەیری دورموش، کەماڵ پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەکن و لە کەسایەتیی ئەو هاوڕێیانەدا بە رێز و منەتەوە یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی دەکەمەوە".

'هێڵ بزووتنەوەیەکی گەورەی ئافراندووە'

کاڵکان دەستنیشانیکرد، چالاکیی گەورەی رۆژووی مردن فیناڵی بەرخودانی زیندانەکان لە ساڵی ١٩٨٢دا بوو و وتی، "لە دژی رژێمی سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلول سەرکەوتنێکی گەورەی ئایدۆلۆژی بە دەستهێنرا. وەرچەرخا بۆ هێڵێک، هێڵی خۆبەخشیی ژیانی ئازاد، دڵسۆزی بۆ گەل و وڵات. وەرچەرخا بۆ هۆشمەندی، ئیرادە، باوەڕی و رێباز و عەقڵییەتی شۆڕشی ئازادیی کوردستانی ئافراند".

دوران کاڵکان دەستنیشانیکرد، کە ١٤ی تەممووز یەکێک لە گەورەترین چالاکییەکانی ئازادییە و وتی، "هێڵێکە، کە بزووتنەوەیەکی گەورەی ئافراند. کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکی ئافراند. لەلایەن ئەندامەکانیەوە رێگای بۆ پێشکەوتنی وەها کردەوە. لەلایەن دژبەرەکانیشیەوە بووە جێگای رێز. بۆیە ئەوە زۆر گرنگە. کاریگەرییەکی وەهای دروستکرد، کە هەرگیز کۆتایی پێ نایەت".

'ئێمە دیکتاتۆریی ئاکەپە – مەهەپەش هەڵدەوەشێنین'

دوران کاڵکان رایگەیاند، بە بۆنەى ساڵیادی چالاکیی گەورەی رۆژی مردنی ١٤ی تەممووز دەبێت بە باشی لەو هێڵە تێگەیشتن دروست ببێت و وتی، "لە ٤٠هەمین ساڵی ئەو بەرخودانە گەورەیەدا، دەبێت ئێمە لەسەر هێڵی ١٤ی تەممووز تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەببەین. ئەوە نزیکایەتی و هەڵوێستی ئێمەیە. ئێمە بە بەرخودانی ١٤ی تەممووز و رۆحی سەرکەوتنی ١٤ی تەممووز تێکۆشان و سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست دەهێنین.

هەر چۆن بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەمموز رژێمی سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلولی لەلایەن ئایدۆلۆژییەوە تێکشکاند، لە ٤٠هەمین ساڵیشدا ئێمە بە تێکۆشانەکەمان لەسەر هێڵی ١٤ی تەممووز دیکتاتۆریی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێنین، کە فاشیزمی ئەم سەردەمەى ١٢ی ئەیلولە. بڕیارداری و نزیکایەتی و هەڵوێستی ئێمە بەو شێوەیە دەبێت. ئاشکرایە کاتێک لەسەر هێڵی ١٤ی تەممووز تێبکۆشان بەڕێوەبچێت بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بە دەست دێت. دەبێت مرۆڤ تاوەکو دوا هەناسەى ئەوە بسەلمێنێت و بیچەسپێنێت".

'دیارە بایدن هەندێک گوشاری لە ئەردۆغان کردووە'

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستە سەر رۆیشتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئامەد و لەوبارەیەوە وتی:

"کەنعان ئەڤرەن جاروبار دەڕۆیشت بۆ ئامەد و لێدوانی دەدا. خەڵکی لە دەروازەی چیا کۆدەکردەوە. بە وتەى 'هاووڵاتییانی خۆشەویستم' دەستی بە قسە دەکرد و هەندێکجاریش شێعری دەخوێندەوە. جاروباریش هەڕەشەى دەکرد، جاروباریش دانی بە تاوانەکانی خۆیدا دەنا. بۆ نمونە دوای ئەوە بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز سەرکەوت دوای چەند مانگ رۆیشت بۆ ئامەد. لە دەروازەی چیا دەستی بە قسەکردن کرد. دەستی بەرەو ئەو زیندانە راکێشا، کە بەرخودانی تیادا بەڕێوەچوو و وتی، 'لەوێ مرۆڤی وەها هەیە ئەگەر سەریشیان ببڕیت دەست لە بڕیارەکەی خۆیان هەڵناگرن'. بەوە دانی بە تێکشکاندنی خۆیدا نا. هەندێکجاریش دانی بە تاوانەکانیدا دەنا. کەسێکی بێ پەروەردە بوو، بەبێ ئەوەى ئاگای لە خۆی بێت قسەى دەکرد. وەک بەڵایەک ٩ ساڵ بەسەر (دەسەڵات) لە تورکیا مایەوە. وەک ئەوەى ئێستا، کە ٢٠ ساڵە لەسەر دەسەڵات دانیشتووە. یانی تەیب ئەردۆغانیش بەو شێوەیە دەڕوات (بۆ ئامەد)، پێشتریش چووبوو، بەڵام دیارە رۆیشتنی ئەمجارە هەندێک جیاوازە.

دیارە بایدن هەندێک گوشاری لە تەیب ئەردۆغان کردووە. بەڵێ، ئەمریکا پشتیوانی لێدەکات. لە شەڕی دژ بە پەکەکەدا پشتیوانی لێدەکات، بۆ شەڕی پاکتاوکردنی کوردان پشتیوانیی لێدەکات، بەڵام دیکتاتۆری فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە ئەو شەڕە ئەوەندە بەبێ پێوەر و زاڵمانە بەڕێوەدەبات، کە هاوپەیمانەکانی ئیدی پشتیوانیی لێناکەن و خۆیانی لێ دووردەخەنەوە. ناتۆش، ئەمریکاش ناتوانێت لە ئەستۆی بگرێت، چونکە لە ئاستێکی زۆر دڕندانەدا بەڕێوەی دەبات، بۆیە دیارە هۆشدارییان پێداوە. یانی بە شێوەیەکی جدی هۆشدارییان پێداوە. وتویەتی 'بەو شێوەیە نابێت. بەو شێوەیە ئێمە ناتوانین ئێوە لەسەر پشتی خۆمان هەڵگرین'. ئەوە رۆیشتنی تەیب ئەردۆغان بۆ خۆی نییە. ئەوان مەراسمی کردنەوەش لەسەر تەکنیکیش دەکەن و دەڕوات بۆ هەموو شوێنێک، بەڵام رۆیشتنی بۆ ئامەد پەیوەندیی بەوەوە هەبوو.

بۆ ئەوەى خۆی بخاتە بەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی

هوشداری پێدرا، یان بۆ ئەوەى خۆی بخاتە بەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆیە چوو. دەڵێن 'سەیرکەن چوو'. واتە چووە ئامەد. واتە پەیوەندی من لەگەڵ هاوڵاتیە کوردەکان باشە. چاوم پێیان دەکەوێت، کێشەم لەگەڵیان نییە. کێشەکە چیە؟ کێشەکە پەکەکەیە. ئێمە لەدژی تیرۆرین. واتە چۆن لە باشور لەسەر پەکەکە سیاسەت دەکەن، دەڵێن لەگەڵ کورد کێشەمان نییە، کێشە پەکەکەیە. سەرۆک وەزیری پەدەکەی باشوری کوردستانیش ئەم قسانە دەکات. هەمان قسە دەیانەوێت بۆ ئامەدیش بڵێن. واتە ' سەیرکەن کێشەم لەگەڵ کوردەکانی باکور نییە. کێشە پەکەکەیە. ئێمە لەدژی ئەم شەڕەین. بەپێچەوانەوە کێشەم لەگەڵ کورد نییە، دۆخێکی نەرێنی نییە.' بۆیە چووە ئامەد.

دوران کاڵکان باسی ئەوەشی کرد کە رژێمی ئاکەپە و مەهەپە هەروەک چۆن لە باشوری کوردستان پشتیان بە پەدەکە سپاردووە و لەسەر ئەم بناغەیە لەدژی پەکەکە و بۆ لەناوبردنی پەکەکە شەڕ دەکەن، دەیانەوێت هەمان شت لە باکوری کوردستانیش بکەن و وتی، "ئێمە دەبینین کە ماوەیەکە هەوڵ دەدات. رێکخستنی جیاواز دروست دەکات. بە شێوەیەکی شاراوە سیخوڕ دروست دەکات. دەیەوێت کوردایەتی سیخوڕ، نۆکەر و خایین لە باکور دروست بکات و بە ناتۆ و ئەمریکا بڵێت، 'من وەک موخاتەب دەیانبینم'. دەیەوێت پشتیان پێ ببەستێت و شەڕی دژی پەکەکە، هێرشەکانی لەدژی گەلی کورد زیاتر بەهێز بکات. تەیب ئەردۆغان لەسەر هێڵێکی بەم شێوەیە کار دەکات. پێویستە هەر کەس، بە تایبەتی هەر کەسێکی باکوری ئەمە بزانێت. سیاسەتمەدار، رۆشنبیر، هونەرمەند، نووسەر، ژن، گەنج، کرێکار، کارساز، هەژار و دەوڵەمەند، کێ بکەوێتە ناو ئەم پلانەوە خایینە و نۆکەرە. لە سیخۆڕ بەولاترە. تاوەکو ئێستاش هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە."

'بەرخۆدانی گەریلا لە هەموو جێگەیەکە'

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا، شیکردنەوەی بۆ بەرخۆدان و تێکۆشانی گەریلا لەدژی داگیرکەری کرد و وتی، "بەرخۆدانی دژی هێرشی داگیرکەر، قڕکەر، فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا زیاتر لەسەر سنور بەڕێوەدەچێت. خۆی گەیاندووەتە تاوەکو هەرێمی سەرحەد، دواتر لە ئامەد بڵاوبووەوە. لە ئامەد، خەرزان چالاکی گەورە ئەنجام دەدرێن. لەدژی داگیرکەری قڕکەر، فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە نە تەنها لە حەفتانین، مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و خواکورک بەرخۆدانی گەریلا هەیە، بەرخۆدانەکە گەیشتووەتە سەرحەد، مێردین، خەرزان، دەرسیم و ئامەد.

'فاشیزم لە قۆناغی هەڵوەشاندندایە'

دوران کاڵکان بەرخۆدانی ئەم قۆناغەی وەک بەرخۆدانی بە پێشەنگایەتی گەریلا لەسەر بناغەی ستراتیژی شەڕی گەلی شۆرشگێری لەقەڵەمدا و وتی، "ئەم بەرخۆدانە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە هەڵدەوەشێنێتەوە. نەک بە تەنها ئێمە وا دەڵێین. تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلیش دانیان بەوەدا ناوە. دەوڵەت باخچەلی هەر کاتێک قسە دەکات، باسی مان و نەمان دەکات. دەڵێت، 'ئێمە تێکدەشکێین، با کەس قسە نەکات'. بەڵام چی هەڵدەوەشێتەوە و کێ هەڵیدەوەشێنێتەوە؟ ئەم تێکۆشانەیە هەڵیدەوەشێنێتەوە. فاشیزم بە راستی لە قۆناغی هەڵوەشاندندایە. تەیب ئەردۆغان دوێنێ ئەمریکای تاوانبار دەکرد، لایەنەکانی دیکەی تاوانبار دەکرد. گلەیی ئەوەی دەکرد، کە بۆچی زیاتر پشتگیری لێناکەن. فاشیزم بە راستی هەڵدەوەشێتەوە. کێ هەڵیدەوەشێنێتەوە؟ ئەم بەرخۆدانەیە، کە هەڵیدەوەشێنێتەوە. واتە پێویستە هیچ کەسێک بەرخۆدانی پاراستنی گەریلا بچوک و بێواتا نەبینێت."

'پەدەکە هەوڵ دەدات لە هەڵوەشین رزگاری ببێت'

دوران کاڵکان باسی ئەوەی کرد کە یەکێک لە ناوەندەکانی تێکۆشان هەرێمەکانی پاراستنی میدیایە و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "لێرە دۆخەکە جددیە. واتە دۆخێکی ئاسایی و بچوک نییە. دۆخێکی گرنگە. لە گۆڕەپانەکە هەموو رۆژێک ئامار بڵاودەکرێنەوە، بەرخۆدان هەیە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رای گشتی ئاگادار دەکاتەوە. لەدژی هێزە قڕکەرە فاشیستەکان هەموو رۆژێک چالاکی ئەنجام دەدرێن، گورزیان لێدەدرێت. داگیرکەران لەو جێگەیانەی کە داگیریان کردوون، ناتوانن بە ئاسانی بمێننەوە. ناتوانن زیاتر داگیرکەری بکەن. داوای پشتگیریان لە پەدەکە کرد. هەوڵ دەدەن پەدەکە بخەنە جووڵە. بۆ ئەوەش فشاری گرنگ هەیە. پشتگیری دەدات، بەڵام نەیتوانیوە یەکسەر پەدەکە بەشداری شەڕ بکات. بە راستی جارێکی دیکە ئاشکرا بوو، کە هەڵوێستی پەدەکە بۆ پاراستنی ئاکەپە و مەهەپەیە. واتە هەوڵدانێکە بۆ رزگارکردن لە هەڵوەشاندن. رای گشتیی کورد لەبەرانبەر ئەمە وەستایەوە. هەڵوێستێکی گرنگ دروست بوو. بە تایبەتی ئەم ناڕەزاییە لە باشور گەورە دەبێت. بۆیە هەموو کەسێک بینی کە فاشیزمی ئاکەپە کە دوژمنی کوردە، هەڵدەوەشێتەوە. پەدەکە هەولیدا کە بیپارێزێت و رزگاری بکات. ئایا ئەمە کاری پەدەکەیە؟

'پێویستە کەس پەکەکە بە بچوک نەزانێت'

دوران کاڵکان ئەوەی خستەڕوو، هەموو شتێک ئاشکرا بوو، گەل هەموو شتێکی بینی و وتی، "پێویستە کەس پەکەکە بە بچووک نەزانێت. پەکەکە بە واتای هەبوون و ئازادیی کورد دێت. پەکەکە کوردە، کوردی ئازادە. ئەمە ئاشکرایە. لەدژی پەکەکە قورسترین هێرشی مێژوویی ئەنجام دەدرێت. پەکەکە لەدژی ئەوە بەرخۆدان دەککات. هەر کەسێک پێویستە ئەم راستییە ببینێت. بەر لە هەموو شتێک پێویستە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، نیەتی دەوڵەتی تورک، ئامانجی دەوڵەتی تورک ببینر‌ێت.

بۆچی هێرش دەکات؟ بە لەناوبردنی گەریلاکانی پەکەکە، بە لەناوبردنی پەکەکە دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت؟ بە لەناوبردنی بەرخۆدانی کورد، بە لەناوبردنی رۆحی ئازادی کورد و ئیرادەی کورد دەیەوێت کوردایەتی بە تەواوی نەهێڵێت. ئەمە بە ئاشکرایی قڕکردنە. بۆیەش دەیەوێت کورد قڕ بکات و کوردستان بە تەواوی داگیر بکات. گەورەترین ئاستەنگ لەدژی ئەوەش پەکەکەیە. لەبەرئەوەش دەیەوێت ئەم ئاستەنگییانە لەناو ببات. لەبەرئەوەی بە تەنها ناتوانێت بەهێز ئەم کارە بکات، درۆ هەڵدەبەستێت و دەڵێت، "کێشەی من لەگەڵ پەکەکەیە'. هەوڵ دەدات پشتگیری کوردەکانی دیکە وەربگرێت و بە دەستی کورد هەبوون و ئازادیی کورد لەناو ببات. پێویستە کەس هەڵنەخەڵەتێ و نەکەوێتە تەڵەکەوە. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە."

لە کۆتایی قسەکانیدا دوران کاڵکان وتی، "بە بۆچوونی من پێویستە کۆمەڵگای باشووری کوردستان زیاتر هەستێتە سەرپێ. پێویستی بەمە هەیە."

ژ.ت / ف.ق