کاڵکان: لە لێواری لەناوچووندان

دوران کالکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕیوەبەری پەکەکە تیشکی خستە سەر کاریگەری کەوتنی ترەمپ لەسەر ئەردۆغان و وتی:" ئەمە ئاشکرای دەکات کە ئەردۆغان تا چەند پشتیوانی ئیدارەی ترەمپی وەرگرتووە. تەیب زۆری نەماوە بکەوێت."

دوران کالکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بۆ پلانی لەناوبردنی پەکەکە پشتیوانیەکی گەورەی دەسەڵاتی تورکیا بوو، پەدەکەشی پێوە کردووە، بەڵام پەکەکە ئەم پلانەی پوچەڵ کردەوە و وتی:"ئاکەپە ئیدی سەر بەرو ژێر بووە."

کالکان لە بەرنامەی ئولکەدەنی تەلەفیزیۆنی میدیا هابەردا باسی لە دوایین گۆڕانکاریە سیاسیەکان کرد. کالکان لە سەرەتای قسەکانی دا رایگەیاند، لە ئیمرالی ماوەی ٢٢ ساڵە لە دژی گەورەترین زوڵم و دڕندەیی، خۆڕاگریەکی پیرۆزی مرۆڤێکی ئازاد بەڕێوە دەچێت و وتی، هەنگاوی ' گۆشەگیری، داگیرکەری و فاشیزم بەسە، کاتی ئازادیە' دەبێت بەهێزتر بەڕێوە بچێت.

'هەڵەی چوار ساڵ لەمەوبەر راستکرایەوە'

کالکان رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان گرنگە و ئاماژەی بەوەش کرد کە، بە تێکچوونی ئیدارەی ترەمپ، هەڵەی چوار ساڵ لەمەوبەر راستکرایەوە و وتیشی:"کورد، یادی ئیدارەکەی ترەمپ بە باشی ناکەنەوە. ئیدارەی ترەمپ لەوانەیە خراپترین ئیدارەی ئەمریکا بووبێت. ئەو پیرۆزیانەی لە تێکۆشانی دژی داعشدا بەدەستهاتن، ئەم ئیدارەیە بە فرت و فێڵ رادەستی لایەنگرەکەی داعش کردەوە. هەم بە قسە و هەم بە پراکتیکی زۆر بێڕێزی لە بەرامبەر کورد کرد."

'ئێمە نازانین ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکا چۆن دەبێت'

کالکان رایگەیاند، گۆڕینی ئیدارەی کۆشکی سپی کاریگەری خۆی دەبێت و بەم شێوەیە دوا:" ئیدارەی نوێ چۆن دەبێت، ئێمە نازانین. بەڵام هەر نەبێت پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ پوچەڵ دەبنەوە. پێویستی بە سەرلەنوێ شرۆڤەکردن دەبێت. ئەمەش بۆ کرانەوەی تێکۆشانی دیمۆکراسی و ئازادی دەرفەتێکی باشتر دەدات بەدەستەوە. کورد و گەلانی تریش لە جیهان دەتوانن ئەم بارودۆخە بنرخێنن. ئێمە هیوادارین، ئیدارەی نوێی ئەمریکا، وەکو ترەمپ و چواردەوری، هێزی سیاسی بۆ بەرژەوەندیە شەخسی و مادیەکانی بەکار نەهێنێت، چونکە ترەمپ لەگەڵ تەیب ئەردۆغان و دەوروبەری پەیوەندیەکی بەم شێوەیەی دروست کردبوو و لەسەر ئەم بنەمایە پشتیوانی تەیب ئەردۆغانیان دەکرد. لەوانەیە ئەم حاڵەتە ببێت بە هۆکاری دادگاییکردنیش. ئێمە هیوادارین ئیدارەی نوێ، هەر نەبێت ئەم هەڵانە دووبارە نەکاتەوە."  

'کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دەسەڵاتی ئاکەپە دروست کرد'

دوران کالکان ئەندامی بەڕیوەبەرایەتی پەکەکە هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دەسەڵاتی ئاکەپە دروست کردووە و رایگەیاند، کەشوهەوایەکی وەهای دروست کردووە کە کەوتنی ترەمپ، لەناوچوونی ئەردۆغان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و وتی:"ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەردۆغان تا چەند وابەستەی ترەمپە، تا چەند پشتیوانی ئیدارەی ترەمپی وەرگرتووە. تەیبیش لە لێواری لەناوچووندا."

'پلانەکانیان پوچەڵ بوونەوە'

کالکان ئاماژەی بەوە کرد کە، ئیدارەی ترەمپ لەسەر بنەمای پلانگێری نێودەوڵەتی، پلانەکانی دژی پەکەکەی بە بنەما گرت و بە فشار و هەڕەشە پەدەکەی بەکار هێنا و دواجار لە بەهاری ٢٠٢٠ بۆ لەناوبردنی پەکەکە هێرشی کرد و وتی:"مرۆڤ دەتوانێت پێی بڵێت هێرشی پلان بۆداڕێژراوی رێکەوتنی هاوبەشی ئەمریکا-تورکیا و تورکیا-پەدەکە. ئەمەش لە رووداوەکەی زینی وەرتێوە دەستی پێکرد، هێرشیان کردە سەر شەنگال و مەخمور و هاوکات هێرشی داگیرکەری کرایە سەر حەفتانین و خواکورک و خنێرە. پلانەکە بەو شێوەیە بوو کە لە سەرتاسەری هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کۆتایی بە پەکەکە بهێنن.

 لە باکوری کوردستان و تورکیاش فشاری گەورەیان بۆ سەر وڵاتپارێزان دروست کرد. هەوڵیاندا رۆژئاوا بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. لەوانەشە چاوپێکەوتنەکانی پەیەدە-ئەنەکەس کە بە پێشەنگی ئەمریکا بەڕێوە چوون، وەکو پارچەیەک لە پلانەکە بەڕێوە برابێت. پەدەکەش بەشداری لەو پلانکەدا کردبوو. بەم شێوەیە دەیانویست تا کۆتایی مانگی ئەیلول ئەنجامێک بەدەست بهێنن. ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتن، لەم چوارچێوەیەدا بوون. لە وەرزی بەهاریش پێیان وتین: ئەگەر تەسلیم نەبن، کۆتاییتان پێدێت... بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن خاوەنی ئەم پلانەوە هەڕەشەمان لێکرا. ئێستا مانگی ئەیلول تەواو بوو، تشرینی یەکەمیش کۆتایی پێهات، ئێمە لە مانگی تشرینی دووهەمداین. پلانەکە پوچەڵ بووەوە. پێیان نەکرا تەنانەت حەفتانینیش داگیر بکەن. لەسەر چەند گردێک جێگیر ببوون، گەریلا هەموو رۆژێک لێیان دەدات، دوژمن هیچی پێناکرێت. هەنگاوێکیشیان بەرە پێشەوە نەنا. ئەو پلانە بە تەواوەتی پوچەڵ بووەوە. ئیدی شتێک نەما کە چی ئەمریکا و چی پەدەکە بیدات بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە. لەناوچوونەکەشی لەبەر ئەمەیە.

'تا ئێستا پەدەکە لەسەرکارە'

دوای ئەوەی پلانەکە تێکچوو، ئەمریکا یەکسەر پلانی رێکەوتنی نێوان پەدەکە و بەغدایان لەسەر شەنگال خستەڕوو. بەمەش ویستیان پلانە پوچەڵبووەکانیان نوێ بکەنەوە. بەڵام بە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای شەنگال، ئێزدیەکان، لایەنە جیاوازەکانی عێراق و هێزە دیمۆکراتەکان ناڕەزایەتیەکی گەورەیان دەربڕی، نەیانتوانی ئەو هەنگاوەش بنێن. دواتریش رووی پەدەکەیان دایە دەڤەری گارە. لەشکەرکێشی پەدەکە و گەمارۆدانی گەریلا و هێرشکردنە سەر پەکەکەش لەسەر هەمان بنەما بەڕێوەچوو.

'لە هەنگاوی پەکەکە دەترسن'

پەکەکە هەم پلانەکەی پوچەڵ کردەوە، هەم بۆ هەڵوەشاندنی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول و شکاندنی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالی و کۆتاییهێنان بە داگیکەری دەوڵەتی تورک، دەستی بە هەنگاوی 'کاتی ئازادیە' کرد. ئەم هەنگاوە پشتیوانیەکی گەورەی لێکرا. لەمە دەترسن، ئێستا ئەوان خۆیان ژێرکەوتن. لە ترسی ئەوەی هەنگاوەکەی پەکەکە سەردەکەوێت و فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە هەڵدەوەشێتەوە، ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن. هەوڵ دەدەن رێگری بۆ ئەم هەنگاوە شۆڕشگێریە دروست بکەن. سەرەتا ویستیان ئەمە بە رێگای پەدەکە-عیڕاق ئەنجام بدەن. بەڵام بەهۆی ئەوەی سەر نەکەوت، ئێستا دەیانەوێت بە رێگەی پەدەکە ئەمە بکەن. هەر کات ئاکەپە-مەهەپە هەڵوەشایەوە، تورکیا بە دیمۆکراتیک دەبێت. بۆ ئەوەی ئەمەش بەدی نەیەت، هەوڵ دەدەن رێگری لەم هەنگاوە شۆڕشگێریەمان بکەن، هەوڵ دەدەن لاوازی بکەن، بەڵام ئەمە بێ ئەنجامە. بینییان کە گەورەترین پشتیوانیان و رێکخەرەکەیان رۆیشت. فەرماندەکەیان لە ئەمریکا رۆیشت."

'شەر سەرچاوەی قەیرانە'

کالکان رایگەیاند، سەرچاوەی تێکچوونی دۆخی تورکیا بە هەڵە شیکردنەوەی بۆدەکرێت، راست نییە ئەوە بە تەنها بە ئابوری دەوڵەتەوە ببەسترێتەوە، یان بە شێوەی بەرێوەبەرایەتی بەرات ئالبایراکەوە ببەستێرێتەوە و وتی، "قەیرانی تورکیا بەهۆی سیاسەتی ئێستا و شەڕەوەیە. قەیرانی ئابوری هەیە، بەڵام بە تەنها لە تورکیا قەیران نییە. قەیرانی سیاسی، سەربازی، عەقڵیەت و عەقڵ هەیە. مێشکێکی نەخۆش هەیە، پێویستە هەموو کەسێک ئەمە ببینێت. قەیرانی ئابوری بەهۆی شەڕی کوردستانە. تەیب پرسیاری 'ئێوە دەزانن نرخی گولەیەک چەندە؟' کردبوو. بەڵام تا ئێستاش کەس نازانێت. بە تایبەتی ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن من ئۆپۆزسیۆنم نازانن... خاوەن و بەرپرسیاری قەیرانەکەش تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلیە. ئەگەر بریار بێت کەسێک دەستلەکاربکێشێتەوە، پێویستە ئەوەش ئەردۆغان و باخچەلی بن. بەرپرسیاری هەموو رووداوەکان ئەو دووانەن. پێویستە ئامانجەکە بە باشی دیاریبکرێت، تاوانباری سەرەکی دەستنیشان بکرێت. بۆیەش پێویستە بەدوای چارەسەری راستەقینە بگەڕێین."

'شەڕەکە لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدایە'

کالکان ئاماژەی بە ئالۆزیەکان کرد کە پەدەکە سەرچاوەکەیەتی و ئەم پرسەی کرد، "ئایا لە ناکاودا چی ڕوویدا؟ پەکەکە لەدژی پەدەکە چی کرد؟ رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتی هەولێر گرت یان شتی خراپی پێ وت؟ شتێکی کرد کە کاریگەری لەسەر بەڕێوەبەریەکە دروست بکات، لە باشووری کوردستان چی کرد؟ و وتی، "نا، پەکەکە هیچ شتێکی نەکرد. پەکەکە لەدژی دیکتاتۆری ئاکەپە و مەهەپە لە باکووری کوردستان شەڕ دەکات. لەدژی هێرشی داگیرکەری دیکتاتۆری ئاکەپە و مەهەپە لە باشووری کوردستان، هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە کانونی یەکەمی ٢٠٠٧ەوە بەرخۆدان دەکات. پەکەکە لەدژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات. لێرەدا هیچ شتێکی نوێ نییە. شتە نوێکە ئەوەیە کە پەدەکە دەستی بە جووڵە کردووە. پێشتر لەدژی ئەوە کەمێک هەڵوێستیان هەبوو، بەڵام دواتر دەستیان بە هاوکاری هەواڵگری کرد. دوایین جار بە هاندانی بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ لەدژی پەدەکە بۆ رزگارکردنی دەوڵەتی تورک، پەدەکەیان خستە جووڵە. ئێمە پلانی دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنین، ئێمە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە هەڵدەوەشێنین، بەڵام پەدەکە هەوڵ دەدات لە پشتەوە لێمان بدات. ئایا رزگاکردنی فاشیمزی ئاکەپە و مەهەپە کاری پەدەکەیە؟ پەدەکە کاری بەمە چییە؟"

'پێویست بوو پەدەکە لەگەڵ پەکەکە بێت'

کالکان ئاماژەی بەوەشدا کە لەنێوان پەکەکە و پەدەکە دۆخێکی براکوژی نییە. شەڕەکە لەنێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدایە و ئەوەی خستەڕوو کە لە شەڕێکی بەم شێوەیەدا وڵاتپارێزان، شۆرشگێران و دیموکراتەکان پێویستە لەگەڵ پەکەکەدا جێی خۆیان بگرن و وتئی، "ئەگەر پەدەکە بەشداری لە شەڕدا دەکات، پێویستە پشتگیری لە پەکەکە بکات و بەم شێوەیە بەشداری لە شەڕدا بکات. پەدەکە دەڵێت من لایەنگری ئاکەپە و مەهەپەم. ئاکەپە و مەهەپە هەول دەدەن باشووری کوردستان داگیر بکەن. پەدەکەش بیانوو دروست دەکات و دەڵێت، پەکەکە هەیە، بۆیە داگیرکاری دەکرێت. ئایا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دا بەڕێوەبەرایەتی عێراق، کەرکوک و گەرمیان و ٪٤٠ی خاکی باشووری کوردستانیان لەوان وەرنەگرت؟ ئایا ئەوەیان بەهۆی هەبوونی پەکەکە کرد؟ ترومپ و ئەردۆغان بەڕێوەبەرایەتی عێراقیان هاندا کە داگیری بکەن و بارزانیان لەسەر دەسەڵات داگرت. واتە پەکەکە ئەوەی نەکردووە. پەکەکە داوای لە بارزانی و پەدەکە کرد کە پێکەوە بجووڵێنەوە. پەدەکە دەست لە داگیرکەرانی کوردستان هەڵدەگرێت و هێرش دەکاتە سەر پەکەکە. پێویستە خویندنەوەی راست بکرێت و بە شێوەیەی راستی شیکردنەوەی بۆبکرێت... ئەمە وڵاتپارێزی نییە، بە راستی دیموکراتبوونیش نییە."

'پەکەکە لە باشووری کوردستان میوان نییە'

کالکان ئاماژەی بەوەکرد کە پەکەکە لە باشووری کوردستان میوان نییە، هەروەها باشووری کوردستان موڵکی هەندێک حزب نییە و وتی، "ئایا نابێت پەکەکە لە باشووری کوردستان خۆی ڕێکخستن بکات؟ ئایا نابێت لە رۆژئاوا خۆی رێکخستن بکات؟ ئەمریکا دەڵێت پێویستە پەکەکە لە رۆژئاوا بچێتە دەرەوە. ئەمریکا لەگەڵ هەڵبژاردندایە. با لە رۆژئاوا ریفراندۆم بکات، ئەو کاتە دەبینین کە گەل چ وڵامێکی دەداتەوە. ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بریار دەدات گەلی کوردە. هەڵوێستی نەتەوەیی، دیموکراسی و ئازادی گەلی کورد دەتوانێت بڕیار بدات. بۆیەش پێویستە پارتە کوردیەکان لە ناو یەکێتیەکی نەتەوەییدا بە عەقڵیەتێکی دیموکراتیک نزیکی مەسەلەکە ببن. پێویستە کێشە نەتەوەییەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. خۆی لە خۆیدا دوژمن پارچەی کردووین، ئێمەش هەستین و پارچەی بکەین لە گۆڕەپانەکەدا نە کوردستان و نە یەکێتی نەتەوەیی دەمێنێت. پێویستە گەریلاکان ئازار نەدرێن کە لە هەموو جێگایەک لەدژی دەوڵەتی تورک شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەبات. پێویستە هەرێمەکانی گەریلا گەمارۆ نەدرێن. پێویستە هەڕەشە لە گەریلا نەکرێت. بە پێجەوانەوە گەریلا خۆی دەپارێزێت، پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. شەڕ بە تەنها لە شوێنێکیش نابێت. شەڕ دروست ببێت، لە هەموو جێگایەک بڵاودەبێتەوە."

ف.ق / ز.ش