كۆڕبه‌ندی ‘ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی‘ له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرد

ئه‌و كۆڕه‌به‌نده‌ی له‌ لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ هاوبه‌شی به‌ره‌ی پشتیوانی له‌ رۆژئاوا به‌ دروشمی ‘ئاسۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی داعش و چارەنووسی دیلەکانی‘ له‌ سلێمانی ده‌ستی پێكرد.

كۆڕبه‌نده‌كه‌ به‌ به‌شداری زۆر رۆشنبیر، سیاسه‌تمه‌دار، نوسه‌ر، رۆژنامه‌وان، پارێزه‌ر و مافناس له‌ هۆتێل داوای سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

له‌ به‌شی یه‌كه‌می كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی یه‌كێتی شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وتاری ده‌بێت، دواتر فه‌رمانده‌ی گشتیی قه‌سه‌ده‌ مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ رێگه‌ی تێلێ كۆنفرانسه‌وه‌ به‌شداری كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌كات و په‌یامی ده‌بێت.

له‌سه‌ره‌تادا به‌كر شێخ به‌كر سه‌لما قسه‌ی كرد و سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر مه‌ترسی داعش و وتی، "له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا چه‌ته‌كان زۆر جار هه‌وڵیاندا كه‌ هێرش بكه‌ن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر رۆژئاوا ساز كرد. هێرش كرایه‌ سه‌ر گرتووخانه‌ی سه‌ناعه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ریبگرتایه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بووه‌ پاڵنه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كۆببنه‌وه‌، چاره‌یه‌كیان بۆ بدۆزنه‌وه‌.

له‌ رێگه‌ی ئه‌م كۆڕبه‌نده‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و بابه‌ته‌ تاوتوێ بكه‌ین و كارێك بكه‌ین كه‌ حكومه‌ت گوشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌وروپا.

دواتر نوێنه‌ری خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ باشوری كوردستان نورشه‌ن حه‌سه‌ن قسه‌ی كرد و ئه‌م په‌یامه‌ی دا "ده‌مانه‌وێت مه‌ترسی داعش بخه‌ینه‌ڕوو. پێویسته‌ چاره‌نوسی داعشه‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه‌. داعشه‌كان زۆرجار هه‌وڵیانداوه‌ له‌ گرتووخانه‌ هه‌ڵبێن و هێرش بكه‌ن. دوایین جار له‌ گرتووخانه‌ی سه‌ناعه‌ هه‌وڵێك خرایه‌گه‌ڕ. ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی ساز كرد. ئه‌گه‌ر داعش سه‌ربكه‌وتنایه‌ مه‌ترسی لێده‌كه‌وته‌وه‌.

له‌م كۆڕبه‌نده‌دا ئێمه‌ سه‌رنج بۆ سه‌ر ئه‌و مه‌ترسیه‌ راده‌كێشین ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر بۆ كوردان به‌ڵكوو بۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ و جیهانه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینن و راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌گه‌نه‌ بڕیارێك له‌ باره‌ی داعش و بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه‌.

پێویسته‌ ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ كار بكات و له‌ بابه‌تی داعش له‌ بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا كار بكات. ئێمه‌ به‌و كۆڕبه‌نده‌ په‌یامی خۆمان له‌و باره‌وه‌ ده‌نێرین بۆ هه‌رێمی كوردستان، باڵیۆزخانه‌ و هه‌موو هێزه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌وروپا".

دوای قسه‌كانی نورشه‌ن حه‌سه‌ن به‌ڵگه‌ فیلمێك له‌ باره‌ی مه‌ترسی چه‌ته‌كانی داعش و كرده‌وه‌كانیان نمایش كرا.

هـ . ب