' کۆچبەران لەدەست ستەمی حکومەتی هەرێم هەڵهاتوون'

سۆران عومەر کاندیدى سەرکەوتوو بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە نامەیەکدا بۆ یەکێتی ئەروپا رایگەیاند کە کۆچبەران لەدەست ستەمی حکومەتی هەرێم هەڵهاتوون.

سۆران عومەر لە نامەیەکدا بۆ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئەو خێزانە کوردانەی ئێستا لە بیلاڕووسیا لەسەر سنووری پۆڵەندان، لە کوردستانی عێراق لەدەست ستەمی حکومەتی ھەرێم ھەڵھاتوون، چونکە ئازادیی بیروڕا، ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لەژێر ھەڕەشە و مەترسییدایە، چەندین ڕۆژنامەنوس تیرۆرکراون، چەندین چالاکوانی مەدەنی ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون، ئافرەت دەکوژرێ.

سۆران عومەر کاندیدى سەرکەوتوو بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانى پەرلەمان، وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، کونسوڵى ئەوروپا و هەموو کەسانێکى خاوەن ویژدان ئاماژەى بەوەداوە: ئەو خێزانە کوردانەی ئێستا لە بیلاڕووسیا لەسەر سنووری پۆڵەندان، لە کوردستانی عێراق لەدەست ستەمی حکومەتی ھەرێم ھەڵھاتوون، چونکە ئازادیی بیروڕا، ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لەژێر ھەڕەشە و مەترسییدایە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە:”چەندین ڕۆژنامەنووس تیرۆرکراون، چەندین چالاکوانی مەدەنی ڕفێندراون و ئەشکەنجە دراون، ئافرەت دەکوژرێ، یاسا پێشێل دەکرێ دادگا بەدەس دەسەڵادارانەوەیە، دادوەرەکان زۆرینە سەربەخۆ نین، سیاسییەکان لەناو سیاسەت و حکومەتدا سەرقاڵى بازرگانیین، فەرمانبەران چەندین ساڵە مووچەیان کەمدەکرێتەوە یان پێیان نادرێ، دەیان ساڵە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت کە ئامۆزای یەکن و لەیەک خێزانن ھێزی چەکداریان ھەیە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یاسا، ئەو چەکانەی بۆ شەڕی داعش پێتان داون بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاریان ھێناوە، دەیان گەنجی خۆپیشاندەریان کوشتووە لەبەر ئەوەی داوای ماف و ئازادیی کردووە”.

سۆران عومەر لە درێژەى نامەکەیدا دەڵێت: دەسەڵاتدرانى هەرێمى کوردستان زیندانی نھێنیان ھەیە و خەڵک دەڕفێنن دواتر چارەنووسی بە نادیاریی دەمێنێتەوە، دەستیان بەسەر نەوتی ھەرێمدا گرتووە و داهاتەکەى بەنادیاریی ماوەتەوە، خۆیان دەیان کۆمپانیای بازرگانییان ھەیە و قۆرخی بازاڕیان كردووە، سەرقاڵى سپیکردنەوەی پارەن بەناوی کۆمپانیاکانیانەوە ملیارەھا دۆلاریان ھێناوەتە بانکەکانی ئەوروپا، بەریتانیا، ئەمریکا، کوڕ و کچەکانیان لە گرانبەھاترین کۆشکەکانی وڵاتان دەژین و لەپارەی میلەت ژیانێکی شاھانە دەژین خەڵکى ھەرێمیش بێ کارەبا، بێ ئاو، برسی و بێکارە، حکومەتی ھەرێم شکستی ھێناوە لە بەڕێوەبردنی ژیانی ٥ ملیۆن هاوڵاتى لەکاتێکدا ڕۆژانە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.

ئەو کاندیدە سەرکەوتووە بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وتوشیەتى: بە کورتی ئەو خەڵکەی لەسەر سنووری پۆڵەندایە بێکار بێت یان بازرگان، لە ستەمی ئەم حوکمڕانییە نادیموکراتیەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەڵھاتووە، ئەو جل و بەرگەشی لەبەریدایە و گوایە نرخی گرانە ئەوە ئەو جل و بەرگانەی ئێوەیە، کە دەھێنرێتە کوردستان و بە کۆنی دەیکڕین بەھەرزان، حکومەتی ھەرێمیش ڕاست ناکات، ئەگەر پێچەوانەی ئەم ڕاستییانە بە ئێوە بڵێت.

لەپاش ئەوەى لە چوار ڕۆژى ڕابردوودا ژمارەیەکى زۆر لە کۆچبەران، کە زۆرینەیان هاوڵاتى باشورى کوردستان بوون لە وڵاتى بیلاڕووسیاوە کەوتنە ڕێ و پاش گەشتنیان بەسنوورەکانى وڵاتى پۆڵەندا هەوڵیاندا ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن، کە هێزەکانى پۆڵەندا لەسەر سنوورى وڵاتەکەیان دروستیانکردووە، ڕووبەڕووى ڕێگریى بوونەوە و لەئێستادا چاوەڕێى کردنەوەى ڕێگان بە ئاڕاستەى چوونە ناو پۆڵەندا و لەوێشەوە بگەنە وڵاتانى دیکەى ئەوروپا و ئەوەش کاردانەوەى ناوخۆى و جیهانى لێکەوتەوە.

ف.ق