کۆدار لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینگەپارێزانی مەریواندا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

کۆدار لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینگەپارێزانی مەریواندا، ڕایگەیاند: پێویستە میراتگرانی باجوەر و یارانی ڕێگەی ئەخلاقیی و مرۆییان، وەک ئەرکێکی گەورە بەردەوام بکەن، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی ژینگە، پاراستنی هەبوونی کوردە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینگەپارێزانی مەریواندا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “شەهیدکردنی شەریف باجوەر و یارانی لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەک لەلایەن دەزگا تۆقێنەرەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە، خەسارێکی گەورە بوو بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩ کۆدار لە کۆنگرەی سێیەمی خۆیدا، ڕۆژی شەهیدبوونی شەریف باجوەر و یارانی، بە فەرمیی وەک ڕۆژی ژینگە ڕاگەیاند.”

هەر لە ڕاگەیرەنراوەكەی كۆداردا هاتووە: پاراستنی ژینگە لەم سەردەمەدا، گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار کە مانەوەی مرۆڤی بە شێوەیەکی گشتی پێوە بەستراوەتەوە، ئەمڕۆ سەرتاسەری وڵاتانی جیهان، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ژینگەیی بوونەتەوە، کە مەترسیی کۆنترۆڵ نەکردنی هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤایەتیی دەکات، لە کوردستاندا لەناوبردنی ژینگە بووەتە بەشێک لە شەڕی دەسەڵاتە فاشیستەکان کە لەپێناو ژینۆسایدی جەستەیی و کلتوریی گەلی کورد بەرەو پێشی دەبەن، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوە مەدەنیی و ژینگەییەکان لەپێناو بەجێهێنانی ئەرکی خۆیان، لەلایەن ڕۆڵەکانی کوردەوە دامەزراون تا لە ناوچە جیاجیاکانی زاگرۆس، لە هەر شوێنێک بەڕوویەکی سەوز هەبێت، بە فیداکردنی گیانی خۆیان بیپارێزن، سەرتاسەری زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لانکەی شارستانییەتی مرۆڤایەتییە پێویستی بە فیداکاریی گەورەیە، پاراستنی ژینگەی زاگرۆس، پاراستنی هەبوونی گەلی کوردە، کە لەوانەیە مەریوان و زڕێبا و (پەلەگەورە) یەکەم ناوچەی جوگرافیایی بێت کە لە هەزارەی ١١ـەمی پێش زاین بە پاشەکشێی یەخەچاڵەکان، دار بەڕوو و وەنەکان تێدا سەریان لە خاک دەرکرد و لە سەرتاسەری زاگرۆس بڵاوبوونەوە.

هەروەها هاتووە: ئەمڕۆ ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە کۆنە، وەک شەریف باجوەرەکان ئاگاداری لانکایەتی مەریوانن بۆ شارستانییەتی مرۆڤایەتی، بە گیانفیدایی تا گیانبەختکردن، دژی مافیای داری سوپای پاسداران، پارێزوانیی لە میراتی کۆن و گرانبەهای دەکەن، ئەوان بە ڕشتنی خوێنی خۆیان لەژێر ئەو داربەڕووانە، هۆشدارییان دایە کۆمەڵگای جیهانی کە لەناوچوونی ژینگەی مرۆڤ لە قۆناغێکی مەترسیدار دایە و دەبێت ڕادەستی بەرنامە فاشیستییەکانی ئێران نەبن، ئەوان چاوەڕێی دەسەڵاتی داگیرلکەری ئێرانیان نەکرد و بە کەمترین دەرفەت، هەزاران جار دەستیان دایە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی مەریوان، دەسەڵات خۆی لە بەرامبەر ئەمکارە خۆڕستانە و خاوەن ئیرادەیەی کۆمەڵگای کورد، خۆی پێ‌ ڕانەگیرا و لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٨ـدا، دەستی دایە پیلانگێڕییەکی چەپەڵ، تا باجوەر و یارانی لەناو ببات.

لە کۆتاییشدا هاتووە: “وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، سەرەڕای ئیدانەکردنی پیلانە چەپەڵەکەی دەسەڵات کە بووە هۆی شەهیدبوونی باجوەر و یارانی، داوا لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەریوان دەکەین کە وەک ساڵی ٢٠١٨ بە شێوەیەکی بەربڵاو یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدە گەورانەی ژینگە، بەرز ڕابگرن و بە شێوەیەکی کردەوەیی و وەک جاران، هەمیشە پارێزوانی لە ژینگەی زاگرۆس بکەن، پێویستە ڕۆڵە میراتگرەکانی باجوەر و یارانی، وەک ئەوان ڕێگەی ئەخلاقیی و مرۆییان، وەک ئەرکێکی گەورە بەردەوام بکەن، خاکی نیشتمان، مرۆڤ، کۆمەڵگا و ژینگەی مرۆڤ خۆی لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئازادیی و بەختەوەریی، شکۆ و نرخی هەیە”.

ف.ق