خۆبەڕێوەبەریی شەنگال: ئێمە لەسەر ئەو فەلسەفەیەین کە ئێمەیان لە فەرمانەکە ڕزگار کرد

خۆبەڕێوبەریی شەنگال ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامی بەرخۆدانی یەک ساڵەی خەڵکی شەنگال، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، هەڵوەشاوەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ خەڵکی شەنگال ببەسترێت و بە ئیرادەی شەنگالییەکان واژۆبکرێت.

خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال، لە ساڵیادی ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، کە لەنێوان حکومەتی عێراق و پەدەکە لەدژی شەنگال و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکرا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی، کە پیلان لەدژی شەنگال لە بنەمادا پیلانگێڕییەکی چەپەڵ و بەردەوامیی فەرمانەکەی ٢٠١٤ بوو، هاتووە: خەڵکی شەنگال لە بەرامبەر ئەو پیلانەدا ساڵێکی بە بەرخۆدان تێپەڕاند و لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانەدا، پیلانگێڕییەکە تێکشکاوە.

هەروەها ئاماژە بە سیاسەتی دوای هەڵبژاردن لە بەرامبەر شەنگال کراوە و تیایدا هاتووە: پێویستە ئیرادەی سیاسیی و حکومەتی نوێ، کە دەستی بەکار کرد ئەم ڕێککەوتنە لە ڕۆژەڤی خۆی دەربخات، کاتی ئەوە هاتووە، ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ خەڵکی شەنگال و لەگەڵ ئیرادەی شەنگال واژۆ بکرێت، ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و کۆمەڵگای ئێزدیی شەنگال، ڕێگە بۆ عێراقێکی نوێ و بەهێز دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە ڕێککەوتنێک وەک ئەوەی پێشوو بەسەرماندا بسەپێت، ئێمەش جارێکی دیکە بەرخۆدان دەکەین.

ف.ق