خەڵکی مەخمور دژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان کرد

لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا.

ڕێپێوان دژی گۆشەگیری

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە، بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی دادگای سزادانی ٢ هەمینی بۆرسایان کرد، پارێزەران زانیان لە ٣ ی ئایاردا، سزای ٦ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران بەسەر موەکیلەکەیاندا سەپێنراوە. هیچ زانیارییەک دەربارەی هۆکاری سزاکە بە پارێزەران نەدراوە. دانیشتووانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) دژی قەدەغەی دیدار ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوان لەبەردەم دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخمور بە ئامادەبوونی گەل دەستی پێ کرد و تا بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەخمور بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "کەس ناتوانێت ڕۆژەکەمان تاریک بکات" و "بمرێ خیانەت" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە.

پاشان لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان، هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی مەخمور، فلیز بوداک قسەی کرد.

فلیز بوداک تیشکی خستەسەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند لەگەڵ ئەم گۆشەگیرییە سیاسەتی پاکتاوکردن و نکۆڵی بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنرێت، ئەوە سێ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە و لە ٢٠ ی ئایار بۆ ماوەی ٦ مانگ قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران سەپێنراوە، گوتی: "بەم کارە وا دەزانن دەتوانن گەلی کورد لە ڕێبەرێتی داببڕن و ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی فیکری ڕێبەرێتی بگرن. ئەوە ٢٦ ساڵە گەلی کورد، بەتایبەت ژنان و گەنجان و دۆستانی کورد دژی پیلانگێڕییەکان دەوەستنەوە. بۆ شکاندنی گۆشەگیری هەموو جۆرە چالاکییەک ئەنجام دەدەن. بەڵێن دەدەین، ڕێبەرێتیمان بەشێوەی جەستەیی ئازاد دەکەین و ژیانی ئازاد لەگەڵ ڕێبەرێتیمان بەدی دەهێنین".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.