خەلیل ڕەحیم: "تورکیا هەوڵی سڕینەوەی گەلی کورد دەدات"

بەرێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک دەلێت: " دوژمنان بەشێوەیەک ئێمەیان لە یەکدی دابڕاندووە، تەنانەت لە ئاستی کۆمەڵکوژی و تاوانەکانیشدا ناتوانین ڕای ناوخۆیی ماڵی کوردی دروست بکەین."

لە رۆژانی ڕابردوودا بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سوپای تورک دژی هێزەکانی گەریلا لە ئاڤاشین و مەتینا بووەتە بابەتی رۆژ، بە پێ لێدوانی هەپەگە "لە شەش مانگی رابردوودا تورکیا لانیکەم ٣٢٣ جار دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان چەکی کیمیایی بە کارهێناوه"،

بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بە پێ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان وەک تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت و گەلی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا، بەردەوام قوربانی ئەم چەکە بووه، کورد یەکێکە لە قوربانیە سەرەکییەکانی چەکی کیمیایی لەجیهاندا.

پێش زیاتر لە سێ دەیە کە بۆردومانی کیمیایی گەلی کورد لە لایەن رژیمی سەدام حوسێن ئەنجامدرا، کارەساتی گەورەی بۆ گەلەکەمان بەدوای خۆیدا هێنا، دوای زیاتر لە ٣٣ ساڵ دیسان جارێکتر باشوری کوردستان بووەتە ئامانجی چەکی کیمیایی سوپای تورک و هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەئاستی ئەم تاوانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورک دژی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان لە باشوری کوردستان و کاریگەری ئەو چەکە لەسەر ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە، هۆکاری بێدەنگی حکومەت لەبەرامبەر ئەم پێشەڵکاریانەی سوپای تورک، خەلیل ڕەحیم کەریم بەرێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک، بە تایبەتی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

پێویستە ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بکرێت، تورکیا هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدات

سەبارەت بە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە باشوری کوردستان، خەلیل ڕەحیم کەریم بەرێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک، گوتی :"ئەگەر بابەتی بۆردومانی ئەو ناوچانە بەچەکی کیمیاویی راست بێت، ئەوە پێویستە ئاستی نارەزایەتییەکان فراوانتر بکرێت، حکومەتی تورکیا تادێت دژایەتییەکانی دژی گەلی کورد زیاتر دەکات کە جگە لەهەوڵدان بۆ سرینەوەی ئەم گەلە هیچ هۆکارێکی تری نییە."

بەهۆی بەرژەوەندییە هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکان تاوانەکانی دژ بە گەلەکەمان پەردەپۆش دەکرێت

سەبارەت بە هۆکاری بێ دەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر هێرشی کیمیاباران و جینۆسایدی گەلی کورد، خەلیل ڕەحیم ئاماژەی بەوەدا،" نەک رای گشتی نێودەوڵەتی، دوژمنانی ئەم گەلە ئەوەندە بە ژیرانە مامەلە دەکەن و بەشیوەیەک لەتمانیان کردووە تەنانەت خەریکە لە ئاستی کۆمەڵکوژی و تاوانەکان ناتوانین رای ناوخۆیی ماڵی کوردیش دروست بکەین, هۆکارەکان دیارن و هەموان دەزانین کە چ لەرابردوو و چ لە ئێستا نەمانتوانیوە و ناشتوانین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بجوڵێنین کە رەنگە بەرژەوەندییە هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکانیش وا بخوازێت کە تاوانەکانی دژ بەم گەلە پەردەپۆش بکرێت."

بۆ بێدەنگکردنی عێراق لەبەرامبەر هێرشەکانی، تورکیا کارتی ئاو بەکاردەهێنێت

سەبارەت بە هۆکاری بێ دەنگبوونی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر هێرش و هەوڵە داگیرکەرییەکانی تورکیا،  ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات گوتیشی: " حکومەتی فیدراڵ وەک پارێزەری سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق، بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵدەگرێت کە ئەویش بەهۆی بەرژەوەندییەکانی و ترسی لە شەڕی ئاو کە هەمیشە تورکیا وەک فشار بەکاریدەهێنێت، بێ دەنگە."

بۆیە کورد ناتوانێت لەسەر هیچ پرسێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوروژێنێت

لەکۆتایدا سەبارەت بە هەڵوێستی گەلی کورد و هەوڵی ڕاکێشانی سۆزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر هێرشی کیمیایی بەپی ئەوەی کە گەلی کورد وەکو قوربانی سەرەکی چەکی کیمیایی لە جیهان ناسراوە، بەرێوەبەرەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک دەڵێت" تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی کوردی پارچە پارچە بێت و ئامادەی دانیشتن لەگەڵ یەکتر نەبێت، لەچوارچێوەی کۆنگرەیەکی نیشتیمانی سەرتاسەری و یەک نەگرێت و هەوڵ و هەڵوێستەکانی یەک نەخات، ئەوە ناتوانێت لەسەر هیچ پرسێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوروژێنێت."

ف.ق