کەجەکە: دەبێت هەمووان ئیرادەی گەلی کورد لەبەرچاو بگرن و بەو پێیە بجوڵێنەوە

کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد لە هەڵبژاردندا لە دژی گۆشەگیریی ئیمراڵی، رژێمی قەیوم، سیاسەتی نکۆڵی و قرکردنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستی روونی نیشانداوە و رایگەیاند، "دەبێت ئەو هەڵوێستەی گەلی کورد ببینرێت و لەبەرچاوبگیرێت".

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار لە تورکیا و کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەجەکە بەبۆنەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی مێژوویی لە هەڵبژاردنی خۆجێیی پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و رایگەیاند، کە دەبێت هەموان هەڵوێستی گەلی کورد، رۆڵی ئەو و سەرکەوتنە مێژووییەکەی ببینن و بە دروستی لێی تێبگەن.

راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەم جۆرەیە:

"لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئاداری ٢٠٢٤دا لە باکووری کوردستان و تورکیادا گەلەکەمان ئیرادەی خۆی نیشاندا و سەرکەوتنێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بەدەستهێنا. لەبەر ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان، بەتایبەتی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان دەکەین.

ئەو سەرکەوتنە کە گەلی باکووری کوردستان بە دەستیهێنا هەموو پارچەکانی کوردستانی دڵخۆش کرد، هەموو گەلی کوردستان بەو سەرکەوتنەوە سەربەرزن. سەرکەوتنێکی مێژوویی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا جێگەیەکی گەورەی گرتووە و تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردی بەهێزکردووە. بێگومان لەم قۆناغەدا رۆڵ و هاوکاری ئەوانەی شانیان دایە بەر باری بەرپرسیارێتی و رەنجیان کێشا، بۆ ئەو ئەنجامە مێژووییە یەکلاکەرەوە بووە. هەموومان بینی کە رەنجێکی بێهاوتا درا. خۆی لە خۆیدا گەلەکەمان ئەنجامێکی مێژوویی وەرگرت و بەم جۆرە هەمووان بە باشی وەڵامی ئەو رەنجەیان دایەوە. ئێمەش پیرۆزبایی لەو هەڤاڵانە دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لە دایکانی کورد، گەنجان و ژنان دەکەین. دایکانی کورد لە رێگەی چالاکییەکانی پشتیوانی لە زیندانیان ویژدانی کۆمەڵگایان وشیار کردەوە و خستیانە ناو جموجۆڵەوە. وەک ویژدانی کۆمەڵگا رۆڵی خۆیان بەجێگەیاند. لەو ئەنجامانەی وەرگیراون، ئەو رۆڵە مێژووییەی دایکان بووەتە خاوەن جێگەیەکی گرنگ. بە رێزەوە سڵاویان لێدەکەین. هەروەها بۆ سەرکەوتنی مێژوویی کە بە دەستهێنراوە، هەڵوێستی ژنان و گەنجان بۆ پێشکەوتن و پاراستنی کۆڵەکەکانی ئازادی، بووەتە خاوەن جێگەیەکی گرنگ. هەڵوێستی ژنان و گەنجان گەمەکانی ناوەندەکانی شەڕی تایبەتی پوچەڵکردەوە، بووە مایەی ئەوەی فەلسەفەی ژیانی ئازادی ئێمە لە سەر بنەمای ئازادی ژن سەربکەوێت. لەو رووەوە ئێمە سڵاو پێشکەش بە هەموو ژنان و گەنجان دەکەین و پیرۆزباییان لێدەکەین.

کوردستان رێگەی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەدا

لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا گەلەکەمان لە دژی گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ، رژێمی قەیووم کە ئیرادەی گەلی کوردی زەوت کردووە، سیاسەتی بکۆڵی و قڕکردنی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستێکی راشکاو و روونی نیشاندا. ئیرادەی گەورەی نەورۆز لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداریشدا نیشاندرا، گەلی کورد وتی کە گۆشەگیری و فاشیزم جێگەیان نابێتەوە و بەهێزترین وەڵامیان دایەوە. کوردستان رێگەی بە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەدا. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کە ٩ ساڵە ناتوانێت سەر بە گەلی کورد دابنەوێنێت، گەلی کورد لە رێبەر ئاپۆ و هەڵوێستی ئازادی داببرێت و کۆمەڵگەی تورکیا بکاتە دوژمنی کوردان، لە کۆمەڵگەی تورکیاشەوە زلـلەیەکی مێژوویی بەرکەوت و بەرەو هەڵدێر هەڵیگێڕایەوە. ئەو هێڵەی تێکۆشانی هاوبەش و یەکێتیی دیموکراتیکی گەلی کورد، سەرکەوت کە لەگەڵ گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکانی پێش خست. ئەو سەرکەوتنەی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار وەرگیراوە، پێشکەوتنی هۆشمەندی نەتەوەی دیموکراتیک دەردەبڕێت. ئەقڵیەتی فاشیستی نەتەوە-دەوڵەتپەرستی شکستی هێناوە و وشیاری نەتەوەی دیموکراتیک کە گوزارشت لە خوشک-برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش دەکات، سەرکەوتووە. هەربۆیە ئەو سەرکەوتنە مێژووییە، سەرکەوتنی تێکۆشانی هاوبەشە کە گەلی کورد و گەلانی تورکیا ئەو تێکۆشانە هاوبەشە بە ئەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراتیک پێکەوە بەرەوپێشیان برد. ئەو تێکۆشانە هاوبەشەی گەلی کورد، گەلانی تورکیا، ژنان، هێزە سۆسیالیست و دیموکراتیکەکان، ئیکۆلۆژیست، باوەڕمەندان، عەلەوی و رەنجدەران، هەموو ئەوانەیە کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن. لەلایەکی دیکەوە ئەو ئەنجامەی بەدەستهێنراوە، بۆ هێزە دیموکراتیکەکان، کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن بووەتە بانگەوازێک کە هەڵوێستی تەسکی خۆیان تێپەڕێنن و یەکێتیی و هاوپەیمانی خۆیان زیاتر بەرەوپێش ببەن.

هەڵبژاردن لە کوردستان بە تەواوەتی لە کەشێکی دژەدیموکراتیکدا ئەنجامدرا

بێگومان وەک پێشتریش باسمان کردبوو، هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراتیکدا ئەنجام نەدرا. بە تایبەتیش لە کوردستان بە تەواوەتی لە کەشێکی دژەدیموکراتیکدا ئەنجامدران. لە کوردستان هەڵبژاردن بەتەواوەتی لە ژێر گوشاردا ئەنجامدرا. خۆی لە خۆی کوردستان ٩ ساڵە لەلایەن پشکنەرە کۆلۆنیالیستیەکانەوە لە ژێر یاسای سەربازی بەڕێوەدەبرێت. قەیوم تەنیا لایەنێکی ئەوەیە. لە کوردستان بە تەواوەتی کەشێکی سەربازی- فاشیستی لە ئارادایە. هەڵبژاردن لەو کەشەدا ئەنجامدرا و گەل لەناو کەشێکی گوشار، هەڕەشە، تۆقاندن و توندوتیژیدا بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. بە دەیان هەزار کەس وەک سەرباز، پۆلیس، مەدەنی، کارمەند و هتد گواسترانەوە بۆ کوردستان و دەنگیاندا. ئەو کردەوەیە دەریدەخات کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە خاوەن چ ئەقڵیەتێکە و چەندە لە دوژمنداری بەرامبەر کوردان قووڵە. تا رۆژی ئەمرۆش هیچ سیستمێک پەنای بۆ شێوازێکی لەو جۆرە نەبردووە. سەرکەوتنی مێژوویی لە کوردستان وێڕای هەموو ئەو گوشارانەش دەستەبەر بووە. ئەوەش بە شێوەیەکی راشکاو دەریدەخات کە ئەو ئەنجامانەی گەلی کورد بەدەستیان هێناون، لەو ئەنجامانەی بە راگەیاندراوی فەرمی خراونەتەڕوو، زیاترن. ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست کە دوژمنی کوردانن، لە هیچ شارێک، شارۆچکەیەک و گوندێکی کوردان جێگەیان نابێتەوە. لە کوردستان بە تایبەتی ناوەند و ناوچەکانی شڕنەخ، ناوچەکانی جۆلەمێرگ، قەرس، بەدلیس و چەولیگ، هەموو ئەو شوێنانەی بە ناوی ئاکەپە نوسران، شوێنی زەوتکراون. گەلی کورد بە دڵنیاییەوە ئەو دۆخە قەبوڵ ناکەن و لە دژی زەوتکردنەکە دەوستنەوە.

دەبێت هەموو کەس ئیرادەی کوردان ببینێت

هەڵوێستی گەلی کورد لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا، رۆڵێک کە گێڕاویەتی و سەرکەوتنی مێژوویی کە بەدەستهێنراوە دەبێت لەلایەن هەموو کەسەوە بە دروستی خوێندنەوەی بۆ بکرێت و تێیبگەن. دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە بە وتن و سیاسەتی نەژادپەرستی، نەتەوەپەرستی، ئاییپەرستی کە لە سەر بنەمای دوژمنایەتی لەبەرامبەر کوردان پەیڕەوی دەکات، گەورەترین زیانی بە تورکیا گەیاندووە. لە نێوان ٢٢ ساڵ دەسەڵاتداری خۆیدا بە تایبەتی لە ٩ ساڵی رابردوودا ئەو دۆخەی کە تورکیای پێگەیاندووە، بە کورتی قەیرانێکە و گەلانی تورکیا بەرەو هەژاریەکی گەورە دەبەن. تورکیا گۆڕدراوە بۆ هێلانە و حەشارگەی سیخوڕ، مافیا، چەتە، رانت و تاڵانکاران. گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی کورد چەندین ساڵە لە دژی ئەو ئەقڵیەتە فاشتیە دژە مرۆڤایەتیە تێدەکۆشێت. ئەو تێکۆشانە ئەنجامی مێژوویی لێکەوتووەتەوە، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەشدا بینرا، سیاسەتی داگیرکەری و کۆلۆنیالیستی ئاکەپە-مەهەپە رووخان و دەسەڵاتداری فاشیستی لە تورکیا شکستدا. لەو قۆناغەیدا ئێمە پێیگەیشتووین ئێمە لەو بڕوایەداین کە واتای تێکۆشانی گەلی کورد باشتر درکی پێدەکرێت. بێگومان گەلانی تورکیا و هێزە سۆسیالیستە دیموکراتیکەکانیان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بوونە پارچەیەکی گرنی تێکۆشان. لەئێستا بەدواوە بە دسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە تورکیا زیاتر لەمە لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەنابرێت. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەناو هەوڵ و ئامادەکاریدایە بۆ قووڵترکردنەوەی شەڕ لە دژی کوردان. ئەوەش دۆخی خراپی تورکیا خراپتر دەکات. دەبێت رۆشنبیران، نوسەران، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی تورکیا ئەوە ببینن و قەبوڵی نەکەن. تورکیا پێویستی بە قوڵترکردنەوەی شەڕ لە دژی کوردان نییە. پێویستە بە دیموکراتیکبوونی تورکیا، چارەسەری سیاسی دیموکراتیکی پرسی کورد هەیە. گەلی کورد هەم لە نەورۆزدا و هەمیش لە هەڵبژاردندا بەشێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی خۆی نیشاندا و رایگەیاند کە دەبێت بە زوترین کات گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ کۆتایی پێبهێندرێت، ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت و لە چارەسەری پرسی کورددا رێبەر ئاپۆ وەک بەردەنگ و موخاتەب دابندرێت. دەبێت هەمووان ئەو هەڵوێست و ئیرادەیەی گەلی کورد ببینن و بەهەندی وەربگرن.

بانگەوازمان بۆ دەوڵەتانی هەرێمی و هێزە نێونەتەوەییەکان ئەوەیە؛ با کەس پشتیوانی لە پلانەکانی ئاکەپە-مەهەپە نەکەن کە قڕکردنی کوردان قووڵتر دەکاتەوە و لە نێوان گەلاندا شەڕ و پێکدادان ساز دەکات. دەبێت هەمووان ئیرادەی گەلی کورد ببینن و بە گوێرەی ئەوە بجوڵێنەوە.

ئێمە دووبارە سەرکەوتنی مێژوویی گەلی باکووری کوردستان، دایکانی کورد، گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراتیکەکان، ژنان و گەنجان لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار پیرۆز دەکەین و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین".

هـ . ب