کەجەکە رایگەیاند، گەلی کورد لە دژی گوشار، گۆشەگیری و سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵی لە تێکۆشانی بێ وچاندایە. دەبێت ئەو تێکۆشانە گەورەتر بکرێت، گۆشەگیریی ئیمراڵی و گوشاری سەر زیندانیان تێکبشکێنرێت و لەسەر ژیان و تەندروستیی رێبەر ئاپۆ زانیاری بە دەست بهێنرێت.
هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی سیستمی گۆشەگیری، گوشار و ئەشکەنجەى ئیمراڵییەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
راگەیاندراوەکەى کەجەکە:
"٢٣ ساڵە گۆشەگیریی لەسەر رێبەر ئاپۆ هەیە. لە تەممووزی ٢٠١١ەوە و ماوەى ١٠ ساڵە ناتوانێت پارێزەرەکانی ببینێت. تەنها لە کاتی هەڵبژاردنی خۆجێی (شارەوانییەکاندا) بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردان رێگایان دا پارێزەران چەندجار چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ەوە و بەهۆی ناڕەزایەتیی رای گشتییەوە رێگادرا، کە بنەماڵەکەى جاروبار چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەن. ساڵەهای ساڵە سزای دیسیپلین دەکرێت بە پاساو و بەو هۆیەوە رێگری لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان دەکەن. سزای دیسیپلین بە پاساو و بیانوی بێ بنەما دەسەپێنرێن. ئەو رەفتارەش نیشانی دەدات، کە سیستمی ئیمراڵی نەک بەپێی مافەکان، بەڵکو بە پێی سیاسەت دروستکراوە. سیستمی ئیمراڵی بە هەستی تۆڵەکردنەوە دامەزراوە. یەکێک لە نیشانەکانی ئەو راستییەش ئەوەیە، کە بە پاساوی ئەوەى لە کاتی پیاسەکردندا قسەى کردووە، سزای دیسیپلینی بەسەردا سەپێنراوە و بەو پاساوەش رێگری لە چاوپێکەوتنەکانی بنەماڵە و پارێزەران دەکەن.
سەرەتا سزا و رەفتارە فاشیستییەکانیان لە ئیمراڵی دەستپێدەکەن و دواتر بەسەر تەواوی تورکیایدا دەسەپێنن
ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتەى لە ئیمراڵی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، راستیی سیستمی دەسەڵاتی فاشیستیی تورکیای دوژمنکارانەی بەرامبەر بە کورد دەخاتە بەرچاو و روونی دەکاتەوە. سزا و رەفتارە فاشیستییەکانی تورکیا لە ئیمراڵی دەستپێدەکات و لە تەواوی تورکیادا جێبەجێی دەکەن. ئەو دەستنیشانکردنە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەسەلمێت. ئۆزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەى مافەکانی مرۆڤی تورکیاش لە راگەیاندراوەکانیدا ئەو راستییەی روون کردەوە. رایگەیاند، ئەو گوشار و زۆرداریی ئیستا لە هەموو زیندانەکاندا بەرامبەر بە زیندانیەکانی کورد دەکرێت، لەو عەقڵییەتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو راستییەش بە بەردەوامی لەلایەن هەدەپەوە بڵاودەکرێتەوە. سزا و رەفتارەکان لە ئیمراڵی دەستپێکرد و بە زیندانەکاندا بڵاوکرایەوە و ئێستا وەرچەرخاوە بۆ سیاسەت لە دژی گەلی تورکیا و ئەو سیاسەتە بە ڕێوەدەبرێت. دەبێت ئیدی ئەو راستییە لەلایەن هەموو هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ببینرێت و باس بکرێت. ئەگەرنا ئەستەمە، کە لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە دروست ببێت. ئەگەر دەیانەوێت لە تورکیا دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ مسۆگەر ببێت، دەبێت رەفتار و هەڵسوکەوتەکان بەرامبەر بە کورد و رێبەر ئاپۆ بگۆڕدرێت. بێ چارەسەرکردنی کێشەى کورد لە تورکیا دیموکراسیی مسۆگەر نابێت، ئەو شوێنەش، کە ئەوەى تیایدا زەق بووەتەوە ئیمراڵییە. تاوەکو رەفتار و هەڵسوکەوت لە ئیمراڵی نەگۆڕدرێت، لە بابەتی کێشەى کورد لە تورکیادا هەنگاوێک نانرێت و تورکیا دەبێتە مەحکومی دەسەڵاتی فاشیستی.
ئەوانەى بۆ دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن دەبێت لە دژی گوشارەکانی سەر ئیمراڵی و زیندانەکان دەنگ هەڵبڕن
لە دوورگەیەک و زیندانێکدا قسەکردن بۆ کەسێک لە کاتی پیاسەکردندا بە تاوان بزانرێت، ئەوا روون دەبێتەوە، کە لە ماوەی ٢٣ ساڵ مانەوەیەدا لەو دوورگە و زیندانەدا چ جۆرە گوشارێکی لەسەر بووە. هەموو پاساوێک دەهێنرێتەوە و لەو رێگەیەوە رێگری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵە دەکرێت. ئاشکرایە، کە ئەوە زوڵمە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. عەقڵییەتی فاشیستی پاکتاوکار بەو شێوەیە دەیەوێت هەموو رۆژێک رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجە بکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە رێبەر ئاپۆ کوردان هۆشیار دەکاتەوە، لە دژی سیستمی نکۆڵی و پاکتاوکردن خستونیتییە سەر پێ. ئێمەش و رێبەر ئاپۆش دەزانین، کە چ عەقڵییەت و ئامانجێک ئەو سیاسەتە لە ئیمراڵی و هەموو زیندانەکاندا بەڕێوەدەبەن. هەر خۆی گەلەکەشمان، رێبەر ئاپۆش، زیندانیانیش لە زیندانەکاندا بەو تێگەیشتنەوە لە دژی ئەو کردار و رەفتار و سیاسەت و عەقڵییەتە پاکتاوکارە بەرەنگاری دەکەن. تاوەکو ئەو عەقڵییەت، سیاسەت و رەفتار و کردارانە هەبن، ئەوا دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا بەدی نایەت. بە ئامانجی پاکتاوکردنی گەلی کورد ئەو کردار و رەفتارانە ئەنجام دەدرێن. بۆیە ئەوانەى لە تورکیا بۆ دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن دەبێت لە دژی گوشار لە ئیمراڵی و زیندانەکان دەنگ هەڵبڕن.
پارێزەران بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بەرپرسیارییان هەیە. گەلی کوردیش چاوەڕوانی ئەوە دەکات، کە پارێزەران ئەو بەرپرسیارێتییە بەجێ بهێنن. گەلی کورد داوا لە پارێزەران دەکات، کە لە ژیان و تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام پارێزەران ئاگاداری دۆخی ڕێبەر ئاپۆ نین، چونکە ناتوانن بڕۆن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بۆیە ناتوانن بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن.
رێگە نەدان بە بنەماڵەکان، کە زانیاری وەربگرن تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە
خێزانەکان ناتوانن لەگەڵ براکانیان و رۆڵەکانیان کۆببنەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. نەک تەنها ڕێبەر ئاپۆ، خێزان و پارێزەرانی ٣ زیندانی دیکەش لە ئیمراڵی ناتوانن چاوپێکەوتن و دیدار ئەنجام بدەن. بنەماڵەکان دۆخی تەندروستیی برا و رۆڵەکانیان لە ئیمراڵی نازانن. تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە، کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ڕێگە بە بنەماڵەکان نادرێت چاوپێکەوتن و دیدار ئەنجام بدەن. ئەو بنەماڵانە مافی ئەوەیان هەیە بڕۆنە ئیمرالی و لە دۆخی برا و رۆڵەکانیان ئاگادار بن. لە ڕێگەی ئەو قەدەغەکارییەوە نەک تەنها زیندانیان لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدەن، بەڵکو بنەماڵەکانیان و کەسوکاریشیان ئەشکەنجە دەدەن.
ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی-یش لەو سیستمە ستەمکاری و زاڵمانەیە بەرپرسیارن
بێگومان ئەو دەوڵەتانە، کە بەشدارییان لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا کرد و ئەو دەزگا و رێکخراوانە، کە تورکیا تیایاندا ئەندامە لەو دۆخ و پێشێلکاریانە بەرپرسیارن. هەرچەندە دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی بەپێی هیچ پێوەرێک هەڵسوکەوت ناکات و سیستمێکی ئەشکەنجەی دامەزراندووە، بەڵام ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی بە ڕوونی هەڵوێستیان نییە. خاوەنداری لە مافەکانی مرۆڤ ناکەن. هەرچەندە ئەو پێوەرە یاساییانە، کە دەوڵەتی تورک ئیمزای کردوون و مافەکانی مرۆڤ نابێت ببنە بابەتی سەوداکاری و مامەڵە، بەڵام ئەو تاوانانە، کە دەوڵەتی تورک ئەنجامیان دەدات لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسی پشتگوێ خراون و نابینرێن. دەوڵەتی تورکیش سوود لەو هەڵوێستە وەردەگرێت و سیستمی زوڵم و زۆرداری لە ئیمراڵی و زیندانەکان بەردەوامی پێدەدات، بۆیە ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تیش بەرپرسیارن لەو دۆخ و پێشێلکارییانە.
سیستمی زوڵم و زۆرداری لە ئیمراڵی لە ئێستادا بە شێوازی جیاواز لە زیندانەکاندا بەردەوامە. ئامانج لە زوڵم و زۆرداریی سەر ئیمراڵی چی بێت، بە هەمان ئامانجیش زوڵم و ستەم لە زیندانیانی کورد و زیندانیانی تری سیاسی لە زیندانەکاندا دەکرێت. زوڵم و ئەشکەنجەى ئێستا لە زیندانەکان لە گوشار و زوڵم و ستەمی لیژنەى سەربازیی فاشیستی ١٢ی ئەیلول فراوانترە، چونکە داگیرکەری چەوسێنەر بە شێوازی نوێ و جۆراوجۆر زۆرداری و ستەم لە زیندانیان و گەلی کورد قورستر دەکات. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ماوەی ٦ ساڵە بە سەختترین شێوە سیاسەتی زوڵم و ستەمی فاشیستیی لە زیندانەکاندا پەیڕەو دەکات. ئەو زوڵم و ستەمە لە ئیمرالی و لە زیندانەکان دا لە زیندانیان دەکرێت ڕووی ڕاستەقینەی حکومەتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ئاشکرا دەکات. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، کە لە لێواری ڕووخاندایە، هەر چۆن لە دەرەوە گوشار و زۆرداری ئەنجام دەدات بە هەمان شێوەش لە زیندانەکاندا ستەم و زۆرداری ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ گەلانی تورکیا، هێزە دیموکراسییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە بەرامبەر چەندین سیاسەتی ئاکەپەدا دەوەستنەوە. پێویستە هەمان هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی لە دژی فشارەکانی سەر ئیمراڵی و هەموو زیندانەکانیش نیشان بدرێت.
ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی لە بابەتی ئیمرالی و زیندانەکاندا بەرپرسیارییان هەیە، پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و کۆمسیۆنی زیندان لە پەرلەمان بڕۆن بۆ ئیمرالی و سەردانی هەموو زیندانەکان بکەن و لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و چاودێرییەکانیان ئاشکرا بکەن. هیچ زانیارییەک لە ئیمرالیەوە نییە و ئەم دۆخەش لەلایەن بنەماڵەکەی و گەل و هەمو کەسێکەوە دەبێتە هۆی ترس و نیگەرانی سەبارەت بە ژیان و تەندروستیی ڕێبەر ئاپۆ.
هەر کەس بە خۆیی بڵێت 'من مرۆڤم' دەبێت دەستبەکار بێت
زیندانیانی ئیمرالی و هەموو زیندانیان شەرەفی گەلی کوردن. گوشاری سەر ئیمراڵی و زیندانەکان لە بنەڕەتدا گوشارە بۆ سەر گەلی کورد. گەلی کورد لە دژی سیستمی گوشار و گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمراڵی لە تێکۆشانێکی بێ وچاندایە و پێویستە ئەو تێکۆشانە زیاتر گەورەتر بکرێت، دەبێت گۆشەگیری لە ئیمراڵی و گوشارەکانی سەر زیندانەکان تێکبشکێنرێن و زانیاری لەسەر ژیان و تەندروستیی رێبەر ئاپۆ بەدەست بهێنرێت. لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی و گوشاری سەر زیندانەکان، لە پێش هەموانەوە گەلی کورد و دۆستەکانیان، هەموو ئەو کەسانەی ویژدانیان هەیە و خۆیان بە مرۆڤ پێناسە دەکەن، پێویستە هەنگاوی زیاتر بگرنە بەر و دەست بە جموجوڵ بکەن".
ژ.ت