کەجەکە: دێرسیم بە ناسنامەى عەلەویبوون و کوردبوونەکەیەوە ئازاد دەکرێت

کەجەکە رایگەیاند، با سەید رەزا  و هەڤاڵەکانی بە ئارامی سەر بنێنەوە! کچان و کوڕانی کوردی عەلەوی و سونی سەریان بەرامبەر بە داگیرکەران نانەوێنن. تاوەکو ئافراندنی کوردستانی ئازاد و دێرسیمی خۆسەر درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەن.

هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ٨٣هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی سەید رەزا و هەڤاڵەکانیدا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "٨٣ ساڵ لەوە پێش لە ھێرشی پاکتاوکاریدا بۆ سەر دێرسیم، ٧٠ هەزار کەس لە ژنان، منداڵان، بە تەمەنەکان و گەنجانی کوردی عەلەوی کوژران و سەید رەزا پێشەنگی ئەو کۆمەڵگەیەش، کوڕەکەى و پێشەنگەکانی تری خەڵکی دێرسیم لە سێدارە دران. لەبەر ئەوەى ئەوە هێرشی پاکتاوکردن و سڕینەوە بوو، ئەو شوێنەى کە سەید رەزا و هەڤاڵەکانی تیایدا لەسێدارەدران و تیایدا شاردرانەوە، تاوەکو ئێستاش ئاشکرا نەکراوە. ئێمە سەید رەزا و هەڤاڵە لەسێدارەدراوەکانی، لەگەڵ هەزاران شەهیدیاندا بە رێز و بە حورمەتەوە یادیان دەکەینەوە و یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێن و پەیمانی خۆمان دووبارە دەکەینەوە، کە ئێمە کوردستان و دێرسیم ئازاد دەکەین.

بە زۆرێک لە راپۆرت و بەڵگەکاندا ئەوە سەلمێندراوە، کە دەوڵەتی تورک بۆ لە دێرسیم کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی ئەنجامداوە، چونکە بە چاوی مرۆڤ سەیری خەڵکی دێرسیم نەدەکرا و بۆ ئەوەى خەڵکی دێرسیم بەپێی ویستی خۆیان رابهێنن و بیانکەن بە تورک، ئەو هێرشە پاکتاوکارییەیان ئەنجامدا. ٢٣ ساڵ دوای پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکان، ئەوە بووە گەورەترین پاکتاوکاریی سەدەی ٢٠.

سەید رەزا و هەڤاڵەکانی وەک هێمایەک بۆ سەلماندنی سڕینەوەی دێرسیم لەسێدارەدران

لە بەڵگەکانی دەوڵەتی تورکدا باسی ئەوە کراوە، ئیدی دێرسیمییەکان لە دێرسیم منداڵیان نابێت و لەوێ پەروەردە ناکرێن. لە بەڵگەکانی دەوڵەتی تورک دا وەک کێویی دوور لە شارستانیەت باسیان کراوە و وتویانە، جلوبەرگی مرۆڤ ناپۆشن و ژیانیان تەنها بریتییە لە خواردنی بنجی گیا و خواردنی جۆ و گەنمەشامی. کوردە عەلەوییەکان، کە لە بە کۆمەڵگەیبوون و بەها مرۆیەکاندا بەهێز و تۆکمەن،  راستییەکان بەو شێوەیە شێوندرابوو و بەو شێوەیە بۆ خۆیان پێناسەیان کردبوون تاوەکو بیانکەن بە تورک و بۆ ئەوەی لە دۆخە دووریان بخەنەوە دەستیانکرد بە هێرشی پاکتاوکردن بۆ سەریان. لە بەرامبەردا دێرسیمییەکان کە خاوەنی ژیانێکی جوان و کۆمەڵایەتی و بەها قوڵەکانی مرۆڤ بوون، لەلایەن عەقڵییەتی دەوڵەتی پاکتاوکەر و عەقڵییەتی بەدەر لە مرۆڤایەتی و بە شێوەی دڕندانە کۆمەڵکوژی و زوڵمێکی زۆر گەورەیان بەرامبەر ئەنجامدرا، کە هەرگیز لە بیر ناچێتەوە. خەڵکی دێرسیم ئەو پاکتاوکردن و سڕینەوە و کوشتارە لە بیر ناکات، بە گۆرانی، حەیران و لاوک ئەوەیان بە نەوەی نوێ گەیاند تاوەکو لە بیر نەچێتەوە. بەو شێوەیە مێژووی زارەکی لە دێرسیم بوو بە مێژووی راستەقینە و بەهێز.

دێرسیم و دێرسیمییە راستەقینەکان حەیران و لاوک و مەقام لە ناویاندا مێژووی زارەکییە. لە دەرەوەی ئەوە هەر هەوڵێکی داگیرکەری پاکتاوکار بۆ چەواشەکردن و هەڵگەڕانەوەى مێژووە. بێگومان ئەرشیڤەکانی دەوڵەتی تورک ئەوە بە روونی دەخەنە پێشچاو، کە ئەو کۆمەلکوژییە بەدەر لە مرۆڤایەتی بووە. تەیب ئەردۆغان چەند ساڵ لەوە پێش بەوە رەخنەى لە جەهەپە دەگرت و ئیدانەى دەکرد، کە لە دێرسیم تاوانی گەورەی نا مرۆڤانە و کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە. سەرۆک وەزیرانی تورک لەو کاتەدا دانی بەوەدا نا، کە لە دێرسیم کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن ئەنجامدراوە. پێش ئەوەش ئێحسان سەبری چاغلایانگیل، کە ماوەیەکی زۆر وەزیری دەرەوەی دەوڵەتى تورک بوو، دانی بەوەدا نابوو، کە لە ئەشکەوتەکاندا وەک مشک ژەهریان بە دێرسیمییەکان داوە.

سەید رەزا و هەڤاڵەکانی وەک هێما و سیمبول بۆ سەلماندنی ئەو پاکتاوکاری و سڕینەوەیە لە دێرسیم لە سێدارەدران.  بەڵام نەوەکانی سەید رەزا، کە سەریان بۆ دوژمنانی مرۆڤایەتیی پاکتاوکەر دانەنەواند، بە دڵسۆزیی پێشینانی خۆیان، دەستیان لە تێکۆشانی لێپرسینەوە لە پاکتاوکەران و هەروەها ئازادکردنی دێرسیم هەڵنەگرتووە.

پیر سەید رەزا بە وتنی "من دەرەقەتی فێڵ و تەڵەکەکانی ئێوە نەهاتم، با ئەوە بۆ من ببێتە دەرد" و بەوە راستیی دوژمنی خستە پێشچاو و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "منیش سەرم بۆ ئێوە نەنەواند، با ئەوەش بۆ ئێوە ببێتە دەرد" و بەو شێوەیە بانگی لە دێرسیمییەکان و گەلی کوردستان کرد، کە دەبێت بە چ هەڵوێستێکەوە بەرامبەر بە دوژمن بوەستنەوە.  

با سەید رەزا و هەڤاڵەکانی بە ئارامی سەر بنێنەوە و بنون! کچان و کوڕانی کوردی عەلەوی و سونی سەریان لە بەرامبەر داگیرکەران نەچەماندووە، تاوەکو ئافراندنی کوردستانی ئازاد و دێرسیمی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەر درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەن. بە دڵنیاییەوە دێرسیم بە ناسنامە عەلەوی و کوردییەکەیەوە ئازاد دەبێت.

سەعید قرمزی تۆپراک، عەلی حەیدەر یڵدز، حوسێن جەوهر، سولەیمان جیهان، مەزڵوم دۆغان، ساکینە جانسز، هێڵین موراد، جەعفەر جانگۆز و هەزاران شەهیدی تری دێرسیم پێشەنگایەیتیان بۆ ئەو تێکۆشانەى ئازادی کرد و دەیشیکەن. بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆیان وەک سەید رەزا دوژمنی پاکتاوکەریان تووشی دەردێکی گەورە کردووە.

ئەوان هەرگیز لە یاد ناکرێن، دێرسیمی ئازاد و کوردستانی ئازاد خەونی ئەوان بوو و بە دڵنیاییەوە ئەو خەونەیان بەدی دێت".

ژ.ت