تێکۆشەری خاوەن ڕەنجی باشووری کورستان عومەری حاجی حسێن پێشمەرگەی دێرین و وڵاتپارێز، کە ٤٥ ساڵی تەمەنی لەناو تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کورددا بووە و تا دوا هەناسەی لە خەباتی نەتەوەیی و ڕەنج و وڵاتپارێزیی دانەبڕا، لە شەوی ٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ بە هۆی خوێبەربوونی جگەریەوە پاش مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە ژیانئاوایی کرد.
کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، پەیامێکی سەرەخۆشی بە هۆی ژیانئاوایی تێکۆشەری نەتەوەیی “عومەر حاجی حسێن” بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی کەجەکە بەمشێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتیی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ژیانئاوایی کەسایەتی تێکۆشەر و خۆڕاگر، پێشمەرگەی دێرین و نیشتمانپەروەری هێژا “عومەری حاجی حسێن”ـمان پێگەیشت، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی باشووری کوردستان، گەلەکەمان لە کەرکووک و لە چەمچەماڵ و بەتایبەتیش بنەماڵەی بەڕێزی هەڤاڵ عومەر دەکەین.
هەڤاڵ عومەری حاجی حسێن لە لووتکەدا نوێنەرایەتی هەستی شۆڕشگێڕیی و نیشتمانپەروەریی دەکرد و بە درێژایی ٤٥ ساڵ هەمیشە لە پێناو ئازادیی و یەکێتی گەلی کورددا، بە بێوچان خەبات و تێکۆشانی کرد و بە درێژایی تەمەنی خۆی لە دژی داگیرکەرانی سەر کوردستان خاوەن هەڵوێست بوو، ئەو وەک قوتابییەکی بە ئەمەکی شەهیدی پێشەنگ و سەرکردەی گەلەکەمان هەڤاڵ ئارام، وەک پێشمەرگەیەکی نەبەرد و نەبەز، بە هەست و بە ئیرادە و بە جەستەی خۆی بەرگەی زیندانیی کردن و ئەشکەنجە و گوللەبارانی ڕژێمی سەدامی گرت و لە بەرامبەر زوڵم و داگیرکاریی سەدامی سەردەم واتە ئەردۆغانی فاشیست و چەتە بەکرێگیراوەکانی بە هەمان هەست و ئیرادە درێژەی بە تێکۆشان و خۆڕاگریی دا، ژیانی هەڤاڵ عومەری حاجێ حسێن داستانی ئازایەتیی و گیانبازیی و قارەمانیی و سەرچاوەی ورەیە، هەستی نیشتیمانپەروەریی و نەتەوەیی هەڤاڵ عومەر تەنیا بە باشووری کوردستانەوە سنووردار نەبوو، بەڵکو سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاندبوو و لە ناخی دڵەوە بڕوای بە یەکێتی نەتەوەیی هەبوو، هەر بۆیە لە دژی شەڕی داسەپاوی ناوخۆ لە باشووری کوردستان هەڵوێستی وەرگرت، ئەو زیهنییەت و سیاسەتەی ڕەتکردەوە کە ڕێگەی بۆ خۆش دەکات و لە دڵە مەزنەکەی خۆیدا جێگای بۆ هەموو گەل و هەموو کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی کردەوە، لەسەر ئەم بنەمایە بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە فەلسەفە و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ، بە پارادایم و بیرێکی نوێیەوە، لە پێناو هێنانە ئاراوەی زیهنییەت و سیاسەت و کەلتوورێکی نوێ لە باشووری کوردستان و ئازادیی و یەکێتی نەتەوەیی لە هەر چواربەشی کوردستان درێژەی بە تێکۆشانێکی هەمەلایەنە دا و لە هیچ فیداکارییەک و لەخۆبوردووییەک درێخی نەکرد.
ژیانئاوایی هەڤاڵ عومەر خەسارەتێکی مەزنە بۆ گەلەکەمان و ئەو وەک شەهیدێکی سەربەرز و خاوەن میراتێکی مەزنی شۆڕشگێڕیی هەمیشە لە یاد و بیرەوەری گەلی کورستان و شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزاندا دەمێنێتەوە و دەبێتە ڕێنیشاندەری خەبات و تێکۆشان، جارێکی دی پرسە و سەرخۆشی خۆمان پێشکەش دەکەین، هیوادارین گیانی هەڤاڵ عومەر بە بەهەشتی بەرین شاد بێت و سەبووری و دڵنەوایی بۆ گەل و هاوڕێیان و بنەماڵەکەی بێت".