هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە راگەیێنراوێکدا سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان بومەلەرزەکەی دوێنێی ئیزمیر کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداری کارەساتەکەی خواست.
لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:" کارەساتی وەکو بومەلەرزە، بارودۆخێکی وەهای دەوێت کە لە ئاستێکی باڵادا پێویستی بە پشتیوانی کۆمەڵایەتی هەیە. هۆشمەندیی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بە تایبەت لە کارەساتێکی وەهادا دەردەکەوێت. بۆیە لە بارودۆخێکی وەهادا بڕوا و ناسنامە چی دەبێت با ببێت، زۆر گرنگە لە ئاستێکی باڵادا پشتیوانی بکرێت. کۆمەڵایەتیبوون و نەتەوەییبوونی دیمۆکراتیک ئەمە دەسەپێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیزمیر روویداوە، دەکرێت کاتێکی تر لە ناوچەیەکی تری کوردستان و تورکیا رووبدات. ئەو پشتیوانییەی ئەمڕۆ دەخرێتەروو، هەم مەرجی دراوسێیەتیە هەم پشتیوانی و چاکەیە لە خودی خۆی.
لە وڵاتێکی وەکو تورکیا کە گەل و بڕواکان هێنراونەتە بەرامبەر یەکدی، پشتیوانی دەرمانی نەخۆشیەکی لەم چەشنەیە. لە کاتی کارەساتەکاندا، بە پشتیوانیەکی لەم چەشنە دەکرێت خراپە کەم ببێتەوە و کۆمەڵگا زیاتر لە یەکدی نزیک ببێتەوە. بۆیە پشتیوانی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگ و هێژایە.
بەر لە کاپیتالیزم، کۆمەڵگاکان هەموویان پشتیوانی یەکدی بوون. کاپیتالیزم، کارەکتەری پشتیوانی ناو کۆمەڵاگای لاواز کرد و تاک و کۆمەڵگای ناچاری بەر دەستی دەوڵەت کرد. لە مێژوودا مرۆڤایەتی هیچ کاتێک لەم ئاستەدا ناچاری بەردەستی دەوڵەت نەبووە. چونکە پێشووتر، برینەکانی لە لایەن دراوسێکانیەوە بۆ تەداوی دەکرا. کارەساتەکان، لە دژی کاپیتالیزم کە مرۆڤایەتی لە ناو مادیەت و خۆپەرەستیدا دەخنکێنێت و لە دژی ئەو کلتورەیە، نرخ و رەسەنایەتی کۆمەڵگاپارێزی جارێکی تر دەخاتەوەروو.
گەلی کوردیش لە هەر جێگایەک کە هەیە، بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ساڕێژکردنی برینی خوشک و برا و دراوسێکانی، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی، جێبەجێی دەکات. ئێمە لەو بڕوایەداین کە کارەساتی لەم چەشنە نرخی کۆمەڵایەتی و برایەتی گەلان بەهێزتر دەکات. خوای گەورە لەو کەسانە خۆش بێت کە گیانیان لەدەستداوە، ئێمە لەو بڕوایەداین کە بە پشتیوانی کۆمەڵایەتی برینەکان لە کەمترین کاتدا ساڕێژ دەبن."
ز.ش