کەجەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بانگەوازێکی ئاڕاستەی رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کرد

کۆمیتەی تەندروستی کەجەکە لەبارەی کاریگەری گاز و چەکی کیمیایی کە دەوڵەتی تورک بەکاریدەهێنێت بانگەوازێکی ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی OPCW و MSF کرد.

کۆمیتەی تەندروستی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بانگەوازێکی ئاڕاستەی رێکخراوی قەدەغەکردنی جەکی کیمیایی (OPCW)، پزیشکانی بێسنور (MSF)، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە (CPT)، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی مافی مرۆڤ کرد.

کۆمیتەکە داوای لەو رێکخراوانە کرد کە لێکۆلینەوە لەبارەی گازی ژەهراوی و چەکی کیمیایی بکەن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئامادەن، لەمبارەیەوە هاوکاری رێکخراوەکان بکەن.

راگەیەنراوەکەی کۆمیتەی تەندروستی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

" ڕێبەرمان ماوەی 23 ساڵە لە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمڕاڵی لە گۆشەگیرییەکی سەختدا بە دیلگیراوە ڕێبەرمان کە لە هەموو مافە یاساییەکانی بێبەش کراوە، بە سیاسەتی گۆشەگیری دەستبەسەر دەکرێت کە جێگەی لە هیچ یاسا و ئەخلاقێکدا نییە و مافی ئازادی لێ زەوت دەکرێت. چەندین ساڵە ناتوانین زانیاری لە ڕێبەرەکەمانەوە بەدەست بهێنین. ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی دۆخی تەندروستی ڕێبەرەکەمانەوە نییە. زۆر نیگەرانین لەم بارەیەوە. پێویستە لەلایەن هەمووانەوە ئاماژە بەوە بکرێت کە کێشە تەندروستییە جدییەکان لە هەلومەرجێکی سەختدا روودەدەن و پێویستە بە بەردەوامی پشکنینی تەندروستی ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا دەرفەتێکی لەو شێوەیە پێشکەش بە ڕێبەرەکەمان نەکراوە. لەم بارەیەوە هیچ دامەزراوەیەکی بەرپرس ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکردووە. ئەوان هێشتا خۆیان بێدەنگ دەکەن. لەم ڕووەشەوە دەبێت دەستبەجێ دەرفەتەکان دروست بکرێن و دەزگا پەیوەندیدارەکان و کەسایەتیەکان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

مرۆڤێکی ئاسایی بۆ ماوەی ساڵێکیش ناتوانێت لەو دۆخەدا بژی، بەڵام ڕێبەرمان ماوەی 23 ساڵە بەرهەڵستی دەکات. نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ گەلانی جیهان و هەموو مرۆڤایەتیش ئایندەیەکی ئازاد پێشکەش بە هەمووان دەکات. هێزەکانی سیستەمی سەرمایەداری کە لە ترسی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا لەسەر بنەمای پارادیگمای دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن کە ڕێبەرمان پێشکەشی کردووە، گۆشەگیریی زیاتر دەکەن. گۆشەگیریی سەر ڕێبەرمان زیاتر دەکەن و بەو شێوەیە لە ناو گەلاندا بڵاوی دەکەنەوە، بەتایبەتی لە کوردستان و لە زیندانەکاندا، بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە بەردەم چاوی هەموو جیهان ئەنجامی دەدەن.

بێدەنگی لە بەرامبەر کردەوە قڕکەرەکان

هەرچەندە کردەوە قڕکەرەکان بە ڕوونی ئەنجام دەدرێن، بەڵام جیهان بە بێدەنگی سەیری دەکات. ئەشکەنجەدانی زیندانیانی نەخۆش و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەسەر گەلی کورددا، تەنیا چەند نموونەیەکن. پێشتر چەندین جار چەکی کیمیایی لەدژی گەلی کورد بەکارهێنراوە و کاریگەریەکەی لەسەر هەڵەبجە بەردەوامە. چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی کە دەوڵەتی قڕکەری تورک لەم ساڵانەی دواییدا دژی گەلی کورد بەکاری هێناوە، نابینرێت و رەوایەتی پێدەدرێت.

ئێدی بە پێویستی نابینن کە بیشارنەوە

دەوڵەتی قڕکەری تورک، چەندین ساڵە چەکی کیمیایی و ژەهراوی لە دژی گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادی بەکاردێنێت. تا ئێستا بە نهێنی ئەم کارەی دەکرد. لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا شەڕی قورس لە چیاکانی کوردستان بەردەوامە و هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک گورزی قورسیان لە لایەنگەریلاکانەوە بەرکەوتووە. هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک، کە لە بەرامبەر هێزەکانی گەریلای ئێمەدا بێچارە بوون، سەرەڕای دەرفەتە تەکنیکیەکانیان، دەستیان بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی کردووەتەوە کە پێشتر چەندین جار بە دۆکیومێنتەکان سەلمێنراوە کە چەکی کیمیایی لە ڕۆژئاوا بەکارهێنراوە. هەروەها هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە حەفتانین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین چەندین جار چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوییان بەکارهێناوە و ئەوەش سەلمێندراوە دەوڵەتی قڕکەری تورک چیتر ناتوانێت ئەو چەکە کیمیاییانەی بەکاری دەهێنێت بشارێتەوە و هێزەکانی ناتۆ و پەدەکەش ناتوانن ئەوە بشارنەوە کە گەورەترین لایەنگری دەوڵەتی تورکن، بۆیە ئێدی بە پێویستی نابینن کە بیشارنەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا بەکاری دەهێنن.

کاریگەری چەکی کیمیایی

چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی کە بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە زۆر ئاسانە بۆ بەرهەم هێنان و شاردنەوە و هەڵگرتن و بەکارهێنانی زۆر ئاسانە و کاریگەری و دەرئەنجامەکانی بە ئاسانی نازانرێت، بەڵام هەموو کەس دەزانێت کە پێویستی بە زۆر ئامراز هەیە بۆ ئەمە. لەبەرچاویشە کە چۆن کاردەکات و زیان دەگەیەنێت و داتای پێویست بۆ هەموو کەسێک روون دەکاتەوە کە لێکۆلینەوە بکرێت.

چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی کە دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی گەریلامان بەکاریان هێناوە، ئەو چەکانەن کە دەخنکێنن، دەسوتێنن، کاریگەریان لەسەر دەمارەکان هەیە، زیان بە ئەندامانی ناوەوەی لەش دەگەیەنن و کاریگەری ڕزاندنیان هەیە. لەو شوێنانەی کە بەکاردەهێنرێت ژینگە و زیندەوەران لەناو دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا تێکەڵ بە هەوا و خاک و ئاو و ڕووەکی ناوچەکە دەبێت و تا چەند ساڵێکیش کاریگەریەکەی دەمێنێتەوە و هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی خەڵکی ناوچەکە دەکات.

هەروەها دژی هاوڵاتیانی مەدەنیش بەکاردێت

دەزانرێت کە ئەو چەکە کیمیاییانە نەک تەنها لە دژی گەریلا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئێمەش لە هەرێمەکە بەکاردەهێنرێت. بۆیە پێشتر کێشەی تەندروستی جدی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیمان دروست بووە و ژمارەی ئەو کەسانەی کێشەی تەندروستیان بۆ دروست بووە کەم نییە. ئەو کەسانەی کە بە هۆی کاریگەری ئەو چەکە کیمیایی و گازە ژەهراویانەوە دەیانەوێت بچنە نەخۆشخانەکان لەلایەن پەدەکە و دەوڵەتی تورکەوە ڕێگریان لێکراوە و بە نهێنی لە نەخۆشخانە سەربازییەکاندا چارەسەر دەکرێن. سەرەڕای ئەو ڕاستییە کە روون و ئاشکرایە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک نابینرێت و بە بێدەنگی یان بە پشتیوانییەکی ئاشکرا پاساوی بۆ دەهێنرێت.

ئەو چەکە کیمیایی و گازە ژەهراویانەی هێزەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک دژی هێزەکانی گەریلا بەکاریان هێناوە، نەک تەنها زیان بە گەریلاکان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە هەموو جیهان و مرۆڤایەتی دەگەیەنێت. دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە لەم کاتەدا بۆ کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوا کۆبوونەتەوە، بە ئاگادارکردنەوەی "ئزەنگی سوور بۆ مرۆڤایەتی" و "دوا دەرفەت بۆ مرۆڤایەتی" دەیانەوێت مرۆڤایەتی و جیهان ڕزگار بکەن. ئەگەر ئەو زیانانەی کە بەهۆی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی دەوڵەتی تورکەوە بە مرۆڤ و ژینگە گەیشتووە نەبینن، دەبێت بزانن کە ناتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن و ئەو هەوڵانە هیچ سوودێک بە مرۆڤایەتی ناگەیەنێت و کاریگەری ئەرێنی نابێت.

بێدەنگی واتە هاوبەشی تاوانەکە

بەناوی کۆمیتەی تەندروستی کەجەکە، ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگەوازی دەکەین. بە تایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی کە خۆیان وەک گەرەنتی دوارۆژی مرۆڤایەتی دەبینن، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی سروشت و ئاژەڵان دەپارێزن، بۆچی بەم ئەندازەیە بێدەنگن؟

ئێمە بانگەوازی خۆمان ئاڕاستەی رێکخراوی قەدەغەکردنی جەکی کیمیایی (OPCW)، پزیشکانی بێسنور (MSF)، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە (CPT)، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دەکەین کە بۆچی لەبەرانبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێدەنگن؟ بێدەنگی لە بەرانبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە واتای هاوکاری و پشتگیری لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دێت.

بانگی ئێمە بۆ ڕێکخراوەکانی OPCW و MSF ئەمەیە: بە زوترین کات ئەرکی خۆتان جێبەجێ بکەن و لێکۆلینەوە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و گازی ژەهراوی بکەن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەکاریهێناوە و ڕێگری لێبکەن. ئێمە ئامادەین کە لەم رووەوە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری و هاوکاری بکەین."

ف.ق