کەجەکە: مەسعود بارزانی نیەتی خۆی بۆ شەڕ ئاشکرا کرد
کەجەکە رایگەیاند، لێدوانەکەی سەرۆکی پەدەکە بۆ رەواکردنی سیاسەتە شەڕانگێزەکانیەتی و ئاشکرا بوو کە ئەو پرۆپاگەندەی رەشکردنە کە دەکرێت، درۆییە.
کەجەکە رایگەیاند، لێدوانەکەی سەرۆکی پەدەکە بۆ رەواکردنی سیاسەتە شەڕانگێزەکانیەتی و ئاشکرا بوو کە ئەو پرۆپاگەندەی رەشکردنە کە دەکرێت، درۆییە.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە، کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە لێدوانەکانیاندا رایانگەیاند کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان-پەدەکە و بەرپرسانی باشوری کوردستاندا نیە. رایانگەیاند کە، پەدەکە بە هۆی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و فشارەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی کورد، کەوتووەتە ناو هەڵویستێکی نەرێنیەوە.
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە وڵامی ئیدیعاکانی بارزانی دایەوە کە وتبووی،' کاتێک پێشمەرگە لە دژی داعش شەڕی دەکرد، پەکەکە چەند هەرێمێکی داگیر کرد' و بەم شێوەیە وڵامی بارزانی دایەوە:
"گەریلا شەنگالی لە هێزێکی تر داگیر نەکردووە، بەڵکو شەنگالی لە داعش رزگار کرد. بەم شێوەیەش پەدەکەی لەوە رزگار کرد کە ببێت بە بەرپرسیاری قڕکردنێکی گەورە. ئەم دەستوەردانەی گەریلا، بەر لە هەموو شتێک شکۆی پەدەکەی پاراست. دوای ریفرادۆمەکەی ٢٠١٧ کاتێک لە کەرکوک شەڕ روویدا، ئەوانەی تا دواجار کەرکویان پاراست و دوایین جاریش ئەوێیان بەجێ هێشت، هیزی گەریلا بوو.
هاوڕێ موراد قەرەیلا فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پەدەکە بە گواستنەوە و جێگیرکردنی چەک و هێزی سەربازی، دەیەوێت گەریلا گەمارۆ بدات. راشیگەیاند، ئەمە ئامادەکاری و فشاری شەڕە و بانگەوازیشی ئاڕاستەی رای گشتی و گەلی کورد کرد کە ئاگاری بارودۆخەکە بن. داوای لە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە کرد کە رێگری لەم بارودۆخە بکات. رای گشتی کورد چاوەڕێی وڵامی دەکرد و لە بارودۆخێکی وەهادا مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە بە بڵاوکردنەوەی لێدوانێک، بیانووەکانی خۆی بۆ رەواکردنی بڕیاری شەر ئاشکرا کرد. ئەو بیانووانەی گەلی کورد باش پەی پێدەبات، ویستی پێچەوانەی بکاتەوە و هەوڵیدا رای گشتی بە لاڕێدا ببات.
لێدوانەکە، نیەت و بڕیارەکەیانی بۆ شەڕی دژ بە پەکەکە خستەڕوو
مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە لە لێدوانەکەیدا، بیانووەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکانی گەریلا و نیەتی گەمارۆدانی ئاشکرا کرد. بەم شێوەیە ئەوەی خستەڕوو کە مەبەستیانە لە دژی پەکەکە شەڕ بکەن، ئەوان بڕیارێکی بەم شێوەیەیان داوە و بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەشیان چاوەڕێی زەمینەسازی و دەرفەتێکن. دوای ئەو قسەیە کە 'شەڕێ ناو ماڵی کوردمان حەرام کردووە، بەڵام...' چەند بیانوویەکی خستەڕوو و بەم شێوەیە رایانگەیاند کە بە هۆی ئەو بیانووانەوە، شەڕ دەکەن. گەلی کورد چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرد کە بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەوە واز لە شەڕ بێنن، بەڵام بە رێگای ئەو لێدوانەوە بانگەوازی ئەوەیان کرد کە گەریلا واز لە هەرێمەکانی خۆی بهێنێت، واز لە تێکۆشانی مان و نەمانی کورد لە دژی دەوڵەتی تورک بهێنێت. بەم شێوەیە ئاشکرا بوو کە ناوچەکانی گەریلا بە چی مەبەستێک گەمارۆ دراون.
تەنها لایەنێک کە کێشەی هەیە لەگەڵ پەکەکە، پەدەکەیە
کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە راگەیێنراوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ پەدەکە و بەرپرسانی باشووردا نیە. رایانگەیاند کە پەدەکە بە هۆی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی کورد کەوتووەتە ناو هەڵوێستێکی نەرێنیەوە. بە پێچەوانەی لێدوانەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە، پەکەکە نە کێشەی لەگەڵ پێگەی باشوری کوردستانەوە هەیە، نە لە رووی سەربازیشەوە خۆی دەسەپێنێت. بە پێچەوانەوە، ئەوەی بە هۆی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکەوە، کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە، ئەوەی بە گۆمارۆدانی هەرێمەکانی گەریلا لە رووی سەربازییەوە خۆی دەسەپێنێت، خودی پەدەکەیە. هەموو جیهان ئەوە باش دەزانێت کە پەدەکە بە بێ دژایەتیکردنی پەکەکە، مەحاڵە بتوانێت پەیوەندیەکی خۆش لەگەل تورکیا دروست بکات. دەوڵەتی تورک کاتێک لەگەڵ بزوتنەوەیەکی سیاسی کوردی پەیوەندی دروست دەکات، ئەوا بێگومان لەسەر دژایەتیکردنی پەکەکەیە.
بە وتنی، ' پەکەکە کێشەی لەگەڵ پێگەی باشوری کوردستان هەیە و زیان لەو پێگەیە دەدات' هەوڵ دەدرێت لە ناو رایگشتی کورددا تێگەیشتنێکی هەڵە بخوڵقێنرێت و بەم شێوەیە هێرشەکانیان رەوا بکەن و خۆیان بە خاوەن ماف پیشان بدەن. ئەگەر ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان کورد خاوەنی چەندین دەستکەوتە، ئەوا لێرەدا پەکەکەش خاوەنی پشکێکی گەورەیە. پەکەکە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانەدا. ئەگەر پەکەکە بە تیکۆشانە ٥٠ ساڵیەکەی، بە دەیان هەزار شەهید، بە دەیان هەزار کەمئەندام و بریندار، بە سەدان هەزار زیندانیەوە لە چوار پارچەی کوردستان و سەرتاسەری جیهان کەشوهەوایەکی سیاسی کوردیی نەخوڵقاندبا، ئەستەم بوو ئەم دەستکەوتانە بدەست بهاتانا و پارێزراو بوونایا. بۆیە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی باشوری کوردستاندا تەنها پەدەکە خاوەنی پشک نیە، بەڵکو هەموو پارتە سیاسیەکانی تری باشوری کوردستان و تێکۆشانی پارچەکانی تری کوردستانیش خاوەنی ئەو پشکەن کە نابێت نکۆڵی لێبکرێت. بێگومان لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانە ئێمەش بەرپرسیارین لێی. چەندین جاریش بە هەڵوێست و کردەوەمان ئەم بەرپرسیارێتیەمان خستووەتەڕوو کە گەلی کوردیش ئەمە باش دەزانێت.
پەکەکە تا کۆتایی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەپارێزێت
ئەوانەی لە هەموو لایەنەک زیاتر هەڕەشە لە دەستکەوتەکانی کوردستان دەکەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک داعشن. داعش لە ڕۆژئاوا، باشوور و باکوور، هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد. لە پشت ئەو هێرشانە دەوڵەتی تورک هەبوو کە سەرکێشی بۆ دوژمنانی گەلی کورد دەکات. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان، مەترسی دروست بوو کە دەستکەوتەکان هەمووان لەدەست بچن. لەبەرانبەر ئەو مەترسیە، هێزەکانی گەریلا بێ دوودڵی یەکسەر دەستیان بە پاراستنی باشووری کوردستان کرد. هێزەکانی گەریلا دەروازەی هەولێریان پاراست و بۆ ئەوەی کەرکوک نەکەوێتە دەستی داعش شان بە شانی پێشمەرگە شەڕیان کرد. هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بۆ پاراستنی باشووری کوردستان بانگەوازیان ئاڕاستەی گەریلا کرد. ئەو بانگەوازیە بە ئاگاداری و قبوڵکردنی بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە کرا.
کاتێک داعش دەستی بە جووڵە کرد، نیوەی هەولێر چۆڵ بوو و ئەو کاتە هێزەکانی گەریلا دەروازەی هەولێریان پاراست. بۆ ئەوەی سپاسی گەریلا بکات، مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە چووە کەمپی مەخموور. سپاسی فەرماندەی گەورەی هەپەگە شەهید تێکۆشەر گەڤەر کرد. مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکە رەخنەی لە دەوڵەتی تورک گرت کە هاوکاری ئەوانی نەکرد و بە تەنها ڕۆڵی تەماشەکەری بینی. لەم دۆخەکە کە ڕاستیەکە دیارە، ئایا ئەو قسەیەی کە دەڵێت 'کاتێک داعش هێرشی کرد، پەکەکە هەندێک شوێنی داگیرکرد' بە واتای گاڵتەکردنی بە مێشکی گەلی کورد نایەت؟
پەکەکە لە شەنگال شەرەفی پەدەکەی ڕزگار کرد
پەدەکە ئێستا ئەو هێزەی کە دەروازەی هەولێری پاراست وەک هێزێکی دەرەوەی یاسا لەقەڵەم دەدات و بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی ئەو هێزە دەکات کە لە شەنگال شەرەفی پەدەکەی پاراست. بەپێی قسەکانی مەسعود بارزانی، کاتێک پەدەکە لەدژی داعش شەڕی دەکرد، گەریلا چووە و شەنگالی داگیر کردووە! جیهان هەمووی دەزانێت: کاتێک گەریلا بە فریای شەنگال کەوت و دەستوەردانی لەبەرانبەر هێرشەکەی داعش کرد، لە شەنگال نە هێزی سەربازی عێراق و نە هێزی سەربازی پەدەکە هەبوو. گەریلا شەنگالی لە هەندێک هێزی جیاواز پاکنەکردەوە، گەریلا شەنگالی لە داعش رزگار کرد. بەم شێوەیە پەدەکەشی رزگار کرد کە نەبێتە بەرپرسیاری قڕکردنێکی گەورە. ئەم دەستوەردانەی گەریلا بەر لە هەموو شتێک شەرەفی پەدەکەی ڕزگار کرد. دوای ریفراندۆمی ٢٠١٧ کاتێک لە کەرکوک شەڕ دروست بوو، ئەوانی کە تا دوایی کەرکوکیان پاراست و دوایین کەس لە کەرکوک چوونە دەرەوە، گەریلا بوون.
پەکەکە و گەریلا بۆ تێکۆشانی دژی داعش، گەنجانی ئێزدیان پەروەردە کرد، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن هێزی پاراستن هاوکاری ئەوانیان کرد و دواتر کشانەوە. هێزەکانی یەبەشەدا جگە لە ژمارەیەک گەنجی عەرەب، هەمووان ڕۆڵەی کۆمەڵگای ئێزدین. ئێزدی لێقەوماوترین بەشی گەلی کوردە، لە تێکۆشانی دژی داعشدا ئەوانەی هاوکاری ئێزدیەکانیان کرد و فریایان کەوتن، گەنجانی سونی و عەلەوی کورد بوون. بۆیەش ئەو شتانەی لەبارەی شەنگالەوە دەگوترێت ڕاست نین. ئەوانی ئێستا ئێزیدخان دەپارێزن و بەڕیوەدەبەن، گەلی ئێزدی و ڕۆڵەی ئەوانە.
گەریلا کاتێک داعش هێرش کرد لە کوێ بوون، ئێستاش لە هەمان شوێنن. لە ساڵەکانی ١٩٨٠، ١٩٩٠ و ٢٠٠٠ لە کام هەرێم بوون، ئێستاش لەو هەرێمانەن. بۆیە ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێن 'کاتێک داعش هێرشی کرد گەریلا هەندێک هەرێمی بەدەست هێنا' بێ بناغەن و بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتیە و هەوڵێکە بۆ رەوایەتیدان بە هێرشی دژی گەریلا.
گەریلا ڕێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ گوندەکانیان نەکردووە
بانگەشەیەکی تری پەدەکە ئەوەیە کە پەدەکە گوندەکان چۆڵ دەکات و ڕێگا نادات گەل بگەڕێتەوە سەر گوندەکانیان. ئەمەش هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانەکردنی راستیەکانە. گوندەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدامدا چۆڵکراون. لەو جێگایانەی کە گەریلای لێیە، ژمارەیەکی زۆر گوند بوونیان هەیە و ژمارەی دانیشتووانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. بەڵام بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە کەس ناچێتە گوندەکان و پەدەکەش بە بیانووی ئەوەی پشتگیری لە پەکەکە دەکەن، هاتوچووی گوندەکان ئاستەنگ دەکات. بەتەنها گوندێکیش نییە کە پەکەکە و گەریلا ڕێگایان لێگرتبێت، کەس نەگەرێتەوە. ڕاست نییە کە لەو گوندانەی گەریلا هەیە، فشار هەیە و بە زۆر باج وەردەگیرێت. قەندیل کە سمبوڵی گەریلا و تەڤگەری ئازادیە، بووەتە هەرێمێک کە زیاترین گەلی تێدا نیشتەجێ بووە و ئاڤەدانکراوەتەوە. بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورک گوندنشینان دەکوژرێن، مال و باخچەکانیان هەڵدەوەشێنرێتەوە، لەجیاتی ئەوەی لەدژی هێرشەکان بووەستنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەکەکە ڕێگا نادات گوندنشینان لە هەرێمەکە نیشتەجێ ببن و ڕێگا نادات خانوو و ماڵ دروست بکرێن، ئەوەش بە واتای رەوایەتیدان بە هێرشەکان دێت.
ناڕەزایی لەبەرانبەر هێرشە سەربازیەکانی تورک پیشان نادریت
پەدەکە بە گەریلاکان کە لە چوار پارچەی کوردستان ٤٠ ساڵە تێکۆشان دەکەن دەڵێت داگیرکەر، بەڵام لەدژی قەرەقوڵ و بارەگای دەوڵەتی تورک کە هەرێم و خاڵە ستراتیژیەکانی باشووری کوردستانی داگیر کردووە و وەک ئەوەی لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرا کرابوو کە ئە پێشەنگی دوژمنایەتی کوردە، بێدەنگە. لەگەڵ ئەوەش هەبوونی ئەو هێزانەی دوژمنایەتی کورد دەکەن بە ڕەوا لەقەڵەم دەدات.
پەکەکە هیچ کاتێک لەگەڵ هێزی سەربازی داگیرکەر هاوکاری نەکردووە. بەڵام پەدەکە زۆر جار لەگەڵ دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر هەرێمەکانی گەریلا. ٢٠ ساڵە لەنێوان پەدەکە و پەکەکە هیچ شەڕێکی سەربازی ڕووینەداوە و هێرش ئەنجام نەدراون. ڕاگەیەنراوە کە لەنێوان هێزە کوردیەکاندا بە هیچ شێوەیەک نابێت شەڕ دروست ببێت، بەڵام لە ڕووی هەواڵگیریەوە هاوکاری تورک دەکرێت و بە سەدان گەریلا شەهید کراون. دەڵێت لەنێوان کورد و کورد شەڕی ڕوونادات، بەڵام لەدژی گەریلاکان شەڕێکی بەم شێوەیە دەکرێت.
پەدەکە هەڵوێستی لەبەرانبەر سیاسەتی قڕکردن لە پارچەکانی تری کوردستان نییە
لە ئێستادا دەوڵەتی تورک بە تەنها لە باکووری کوردستان هێرشی داگیرکەری شەڕ ئەنجام نادات. لە ڕۆژئاوا داگیرکەری دەکات، هێرش دەکاتە سەر شەنگال کە هەبوونی کۆمەڵگای ئێزدیە. زۆر پیشەنگی کۆمەڵگای ئێزدی وەک زەکی شەنگالی، زەردەشت شەنگالی و زۆر شەڕڤانی تری ئێزدی شەهید کران. پەدەکە لە جیاتی ئەوەی لەدژی سیاسەتی دەوڵەتی تورک و هێرشەکانی لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەڵوێستێ هەبێت، هێرشەکان ڕەوا دەکات و هانی دەدات. ئەرکی وڵاتپارێزی ئایا پاراستنی بەردەوامی دەسەڵاتی پەدەکە لەسەر کۆمەڵگای کوردە؟ پەکەکە و گەریلا لە هەموو کاتێی سەختدا باشووری کوردستانی پاراستووە، پەدەکە هیچ کاتێک هەڵوێستی لەبەرانبەر سیاسەتی قڕکردن لە پارچەکانی تری کوردستان پیشان نەداوە، باشە ئایا ئەوە پەیوەندی بە وڵاتپارێزیەوە هەیە؟
بانگەشەکانی پەدەکە و تورکیا یەکن
دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر هەولێر و سلێمانیدا بگرێت. پەدەکەش هەمان بانگەشە دەکات. مرۆڤ پێکەنینی دێت کە دەبیستێت، پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر ئەم شارانەدا بگرێت.بە پێچەوانەوە هەموو کاتێک گەریلا بە بەرپرسیاریەکی گەورەوە هەڵوێستی پاراستنی ئەم شارانەی پیشانداوە. خوداوەندە زاڵمەکانی ناو میتۆلۆشیش ناتوانن نکۆڵی لەم ڕاستیە بکەن.
هەواڵی درۆیان بڵاوکردەوە کە گوایە ژمارەیەک پەکەکەیان دەستگیرکردووە کە لە نوێنەرایەتی و بەرێوەبەرەکانی دەرەوە دەدەن، لە هەمانکاتدا پرۆپاگاندەش بۆ ئەوە کراوە و ویستوویانە زەمینەی شەڕ دروست بکەن. ڕاگەیەنراوی سەرۆکی گشتی پەدەکەش بۆ رەوایەتیدان بە سیاسەتی شەڕە کە دەیانەوێت بیکەن. دەرکەوتووە کە ئەم پرۆپاگاندە دژە درۆیە. ڕاگەیەنراوەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی گشتی پەدەکەش دوای ئەو درۆیەیە.
بەهۆی ئەوەی پەیوەندیەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پەدەکە لەم ماوەیەی دواییدا بەهێز بووە، دوژمنایەتی و هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە و گەریلا زیاتر کردووە. لەم سەردەمەدا دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی تەڤگەری ئازادی هەموو ڕێگایەک تاقیدەکاتەوە و لە هەموو پەیوەندیەکیدا تەئکید دەکاتەوە کە پێویستە پشتگیری لە سیاسەتی لەناوبردنی پەکەکە بکرێت. پەدەکەش کەوتووەتە ناو ئەو هەوڵدانەوە. لەبەرئەوەی کێشە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان وایکردووە کە شەڕەکە فراوان ببێت. وادیارە بە شەڕی دژی پەکەکە دەیانەوێت ئەو کێشانە پەردەپۆش بکەن. ئەم هەڵوێستە لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەیە کە دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لەدژی کورد و سیاسەتی قڕکردن داپۆشین و ئەو ڕۆژەڤە بگۆڕن.
هیچ نیەت و بریارێکی شەڕمان نییە
هیچ نیەت، بڕیار و هەڵوێستێکمان نییە کە لەدژی پەدەکە یان هێزێکی تری کورد شەڕ بکەین. پەدەکە لە زینی وەرتێ هاتە بەرانبەر هەرێمەکانی گەریلا، لەگەڵ ئەوەی بە فڕۆکەی تورک ناوچەکە بۆردومان کرا، ئێمە بە هەستیاری جووڵاینەوە، ئێمە ڕامانگەیاند کە ئێمە شەهیدەکانمان بکەینە وەسیلەی راستکردنەوەی پەیوەندیەکان. لە خنێر و بادینان لەدژی هەڵوێستی پەدەکە کە شەڕ دەسەپێنێت، ئێمە خاوەنی ئەم هەڵوێستەین. بەڵام پەدەکە لە ئاستێکی بەرزدا هەرێمەکانی گەریلای گەمارۆداوە، هەوڵ دەدات ڕێگری لە جووڵەی گەریلا بکات و خۆڕادەستکردنەوەیان لەسەر بسەپێنێت. دەوڵەتی تورکیش بە هێرشی ئاسمانی پشتگیری لە هەنگاو و گەمارۆکانی بەم شێوەیەیەی پەدەکە دەکات. پەدەکە بەم شێوەیە بڕیاری شەڕیداوە.
گەمارۆی پەدەکە لەسەر گەریلا و بەئامانجگرتنی گەریلا بۆ دەوڵەتی تورک، پەیوەندی بە هەموو گەلی کورد و هێزە سیاسیەکانەوە هەیە. پەدەکە دەیەوێت لە لایەن خۆیەوە سیاسەتی قڕکردن و هێرشی لەناوبردنی کورد لە هەموو پارچەکان بگەیەنێتە ئەنجام، ئەوەش لاوازکردنی دەستکەوتەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و مەترسیەکی گەوە لەگەڵ خۆی دەهێنێت. بۆیەش ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە کێشەکە وەک کێشەیەکی نێوان پەکەکە و پەدەکە ببینین. بۆیەش بانگەوازیمان بۆ هەموو کورد، ڕای گشتی، هێزە سیاسیەکان، ژنان، گەنجان، رۆناکبیران، هونەرمەندان و دۆستانی گەلی کورد ئەمەیە کە لەبەرانبەر سیاسەتی شەڕی پەدەکە کە دەیەوێت دەوری گەریلا بگرێت، هەڵوێست پیشان بدەن. ئێمە داوا دەکەین کە ڕێگری لەم شەڕە بکرێت کە دەبێتە زیانێکی گەورە بۆ کورد و هێزە دیموکراتەکان."
ف.ق