ڕێکخراوەکان و لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک دژی شەری کورد بە کورد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا

لە کەرکوک بەسەرپەرشتی گروپی هۆشیاری گەنجان و بە بەشداری ژمارەیەک ڕیکخراو و لایەنی سیاسی و کەسایەتی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی شەری کورد بە کورد ئەنجامدرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە لە شاری کەرکوک لە باخچەی شەهید (مارف بەرزنجی) لە گەرەکی ئیسکان  بەدروشمی (نا بۆ شەری ناوخۆ، بەڵێ بۆ ئاشتی) بەسەرپەرشتی رێکخرای هۆشیاری گەنجان بەئامادەبوونی ژمارەیەک ڕێکخراو لایەنی سیاسی وەکو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و بەرەی دیموکراتی کوردستان و گروپی شەقام ڕێکخراوی ساتندەرت و چەند لایەنێکی دیکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا، لە گردبوونەوەکەدا هەوڵەکانی تورکیا بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی شەری کورد بە کورد ئیدانە و شەرمەزار کرا.

لە گردبوونەوەکەدا چالاک لەتیف یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گروپی هۆشیاری گەنجان بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاند خوێندەوە و تییایدا هاتبوو: " وەک هەمووان دەزانن کوردستان لەقۆناغێکی هەستیاردا گوزەر دەکات، بوونی چەندین قەیرانی وەک (قەیرانی مووچە و بژێوی ژیانی خەلک، بوونی پەتای کۆرۆنا، بوونی داعش وەک هەڕەشە، کێشەی کەرکوک و جوتیاران و گوندنیشینان، بوونی پرۆسەی بەعەرەب کردن لەسنوری کەرکوکدا) و چەندین قەیرانی دیکە کە هێشتا چارسەر نەکراون، لەگەل هەموو ئەمانە خەریکە قەیرانێکی دیکەش دەخوڵقێت کە جیاوازترە لە قەیرانەکانی دیکە ئەمەیان دابەش بوونی کوردە و بە دوژمنکردنی براکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بە دوای خۆیدا دێنیت و برینێکی دیکە دەخەنە جەستەی پارچە پارچە بووی نیشتیمان، کە سارێژبوونی ئاستەمە."

 سەبارەت بە ئەزموونی پێشووی شەری ناوخۆی کورد، چالاک لەتیف وتی: "وەک دەزانن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سێ بەشی کوردستان هەڵمەتێکی گەورەی داگیرکاری و قرکردن و جینوساید و توانەوەی کەلتوری دەستپێکردووە. ئەو شەرەی هێناوەتە باشووری کوردستان لە دوای شکستی ئۆپەراسێۆنی حەفتانین وەک پیلانی (ب) بۆ ناشرینکردنی رووی کوردان لە جیهاندا و کردنەوەیان بە دوژمنی یەکدی و خوێنی کورد بە کورد برێژێت، تورکیا دەیەوێت ئەو شەرە بەخودی کورد خۆی ئەنجامبدات کە لەکاتێکدا کە هەموو لایەنە کوردیەکان بە ئەزموونی شەری براکوژیدا تێپەربوون و ئەیانەوێت ئەو ئەزموونە تاڵەی کە جگە لەماڵ وێرانی و کاولکاری و سووتانی جەرگی هەزاران دایک نەک هەر نایانەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە ببێتەوە بەلکو شەری کورد بە کوردی حەرام کردووە."

هەروەها سەبارەت بە لێدانی دەهۆڵی شەری ناوخۆ لەلایەن چەند بەرپرس و چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی حزبێکی باڵادەستی باشوور، چالاک لەتیف وتیشی: "بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین و دەیبیستین لە میدیای بەشێک لە حزبەکان و لێداوانی بەرپرسان، لێدانی دەهۆڵی شەری کورد بە کوردە، بۆیە لەسەر هەموو لایەک پێویستە لە پێناوی پاراستنی ئەم گیانە و ئەزموونە رێگە لەو شەرە بگرین، داواکرین لەسەرجەم چین و توێژەکانی لایەنە سیاسی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتی، نوخبەی رۆشنبیری، مەلا و پیاوانی ئایینی ....هتد، کە بە هەلوێستی مرۆڤانە  و ئەخلاقی کوردانەی خۆیان هەڵستن و ریگری لە هەڵگیرسانی شەر بکەن."

لە کۆتایی بەیاننامەکەی گروپی هۆشیاری گەنجاندا هاتبوو: " داواکرین چی زووە دەهۆڵی شەر لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕابگرن و ئەوانەی رێگە بە خۆشکردنی شەری کورد بە کورد دەکەن لە نەفرەتی مێژوو دەربازیان نابێ، دەچنە زبڵدانی مێژووەوە."

ف.ق