ڕێکخراوەکانی جینۆساید: پێویستە هەموو تاوانبارانی کۆمەڵکوژی شەنگال دادگایی بکرێن

ڕێکخراوەکانی جینۆساید دووپاتیان کردەوە، پێویستە هەموو تاوانبارانی کۆمەڵکوژی شەنگال دادگایی بکرێن.

ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوەکانی جینۆساید

ڕێکخراوەکانی جینۆساید لە شاری سلێمانی بە درووشمی " ١٠ ساڵە ئازارەكانی شنگال ساڕێژ نەبوون" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن ئاراس خەلیل خوێنرایەوە، ئاراس گوتی: "لە داگیرکردنی شنگالدا جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دەستی پێ کرد،  پیاوانی ئێزدی بەدڕندانەترین شێوە کوژران و کچان و ژنانیش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە وەک کاڵایەک مامەڵەیان پێوە کرا".

خەلیل داوای کرد لێکۆڵینەوەکان دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "هەموو ئەو هێز و گرووپە چەکدارانەی کە بەرپرس بوون لە پارێزگاریکردن لە ئاسایشی شەنگال و بەرگرییان نەکرد و هەڵاتن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و لەبەردەم دادگادا حكومه‌تی عێراقی قه‌ره‌بووی مادیی و مه‌عنه‌ویی قوربانییانی ئێزدیی بکاتەوە."

هەروەها دووپاتکرایەوە دەبێت پەلە بکرێت لە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و هاوکاری مادیی بکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان و دووبارە بونیادنانەوەی ماڵەکانیان.

لە کۆتاییدا گوترا: "پێویستە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال هەڵبدرێنەوە و سیاسەتی ئاشتی و ئارامی بچەسپێت".