کەمپینی 'دادپەروەری بۆ کوردان' لە کەرکوک ڕاگەیاندرا

بە دەستپێشخەری کەسایەتی رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، چالاکوان و پارێزەران لە شاری کەرکوک، داواکرا ناوی (پەکەکە) لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت و عەبدوڵلا ئۆجەلان ڕێبەری گەلی کورد ئازاد بکرێت.

ئێوارەی ئەمرۆ شەممە، لە ناوەندی دیالۆگ لە شەقامی کۆماری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ژمارەیەک لە کەسایەتی رۆشنبیر، سیاسەتمدار، چالاکوان و پارێزەران، کەمپەینی 'دادپەروەری بۆ کوردان'یان ڕاگەیاند.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک، داوایان لە هاوڵاتیانی شارەکە کرد بە تەواوی چین و تۆێژەکانەوە بەشداربن لە کەمپەینی دەرکردنی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر. هەروەها داوایان لە هەمووان کرد پشتیوانی کەمپینی (ئازادی بۆ ئۆجەلان) بکەن.

تیرۆرستی ڕاستەقینە تورکیایە، نەک (پەکەکە)

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، لەتیف فاتح فەرەج نووسەر و رۆشنبیر و چاودێری سیاسی دیاری شاری کەرکوک، قسەی کرد و وتی: "ماوەیەکە کەمپەینێکی نێودەوڵەتی بە دەستپێشخەری چەندین فەیلەسوف، نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری جیهانی بەناوی کەمپینی(دادپەروەری بۆ کوردەکان) دەستی پێکردووە، کە ئەمانج لەم کەمپینە دەرخستی ناوی (پەکەکە)یە لە لیستی تیرۆر، کە بەداخەوە پەکەکە تیرۆرست نیە بەڵام ئەو بارودۆخە نادادپەروەریە نێودەوڵەتییە ناوی بزوتنەوەی ئازادیخوازەکانی خستۆتە  ئەو لیستەوە، کە لەساڵانی هەشتاکانەوە نەتەوە ئازادیخوازەکانیان خستۆتە ناوی لستی تیرۆرەوە بەڵام دەوڵەتە ستەمکارەکان دەکەنە فریادڕەس، ئەوەی تیرۆرستی ڕاستەقینەیە تورکیا نەک (پەکەکە)".

داوای ئازادی بەرێز ئۆجەلان دەکەین

سەبارەت بە هەوڵە جیهانیەکان بۆ پالپشتی کەمپینی(دادپەروەری بۆ کوردان)، ئەو رۆشنبیرەی شاری کەرکوک وتی: " لەئیستاشدا ژمارەیەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران و سیناتۆرەکان لە جیهاندا کار لەپێناو دەرخستنی ناوی پەکەکە دەکەن لە لیستی تیرۆردا و هەروەها داوای ئازادی بەرێز ئۆجەلانیش دەکەین کە بەناحەق لە دورگەی ئیمڕاڵی زیندانیکراوە".

هەڵگرانی خەڵاتی نۆبل داوای ئازادی ئۆجەلان و دەرخستنی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەکەن

هەروەها لەتیف فاتح فەرەج داوای کرد کە کوردان رۆڵی زیاتر بگێرن لەم کامپینەدا و وتی: "لەئیستادا فەیلەسوف و رۆشنبیرە دیارەکانی جیهان و هەڵگرانی خەڵاتی نۆبل لەسەر ئازادی ئۆجەلان و دەرخستنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەنگی خۆیان بەرزکردۆتەوە ناکرێت کوردان بێ دەنگ بن بەتایبەتی کوردانی کەرکوک کە بەدرێژایی مێژوو ستەمیان لێکراوە، پێویستە رۆڵی زیاتر لەم کەمپینە ببینن".

ئاپۆچییەکان بوون رۆژهەڵاتی ناوەراستییان بەخۆێنی خۆیان لە داعش پاراست

هەژار کاکەیی شارەزای یاسا نیودەوڵەتییەکان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا وتی: " ئێمە ئەمرۆ ئامادەبووین بۆ ڕاگەیاندنی پشتیوانی کردن لە کەمپینی (دادپەروەری بۆ کوردان) بۆ دەرکردنی ناوی پەکەکە لە (لیستی تیرۆر). هەروەها ئازادکردن یاخود گواستنەوەی بەرێز ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵییەوە بۆ زیندانێکی ئاسایی.

ئەم هەنگاوە بۆ کورد گرنگە کە لەسەر ئاستی جیهان کار بۆ ئەم کەپینە دەکرێت، ئێمە وەکو سەرکردەی پارتێک تەماشای بەرێز ئۆجەلان ناکەین بەلکو گەورەتر لە سەرۆکی پارتێک تەمەشای بەرێز ئۆجەلان دەکەین، چونکە بەرێز ئۆجەلان سەرکردەیەکی دیاری کوردە، لەدوای ساڵی(٢٠١٤)ەوە ئەوەی شەری داعشی کرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەخۆێنی شەهیدانی پاراست (ئاپۆچییەکان) بوون، ئەو دەوڵەتانەی کە باس لە دیموکراسی دەکەن ئاشکرا بوو کە هاوکاری تیرۆرستانی داعش بوون کە لەهەموو جیهان ئەو بەڵگانە ئاشکرا بوون".

لەشاری کەرکوکەوە بانگەواز دەکەین

هەروەها سەبارەت بە ڕاگەیاندنی کەمپینی (دادپەروەری بۆ کوردان) لەشاری کەرکوک، هەژار کاکەیی، باسی ئەوەی کرد: " ئێمە ئەمرۆ لەشاری کەرکوکەوە بانگەوازی ڕاگەیاندنی کەمپینی(دادپەروەری بۆ کوردان دەکەین) و هیوادارین هاوڵاتیان لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەشداربن لەم کامپینەدا و بەرەو پیری کامپینەکە بێن، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین واژۆ بکەن بۆ دەرکردنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و هەروەها پشتیوانی دەرکردنی بەرێز ئۆجەلان بکەن لە زیندانی ئیمڕالی" .

تورکیاش چارەنووسی لە رژێمی بەعسی عیراق باشتر نابێت

مەلا فەرمان محەمەد، چاودێری سیاسی و سیاستمەداری دیاری شاری کەرکوکیش ئاماژەی بەوەکرد: "لابردنی ناوی پەکەکە لەلیستی تیرۆر کە زۆر بە ناڕەوایی دانراوە، لادانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هەرچەندە لە قازنجی پەکەکە بێت ئەوەندە لە قازانجی تورکیایە و پێویستە تورکیا وانەیەک لە ئەزموونی حکومەتی عیراق وەرگرتبایە کە چۆن حکومەتی عیراق نەیتوانی هیچ ئەنجامێك بەدەستبهێنێت لە لەناوبردنی شۆرشەکانی کورد، تورکیاش بەهەمان شێوەیە چارەنووسی لە رژێمی بەعس لە عێراق باشتر نابێت" .

تا ئۆجەلان لە زیندان بێت، تورکیا ئازاد و دیموکرات نابێت

لە کۆتایدا، لەتیف فاتح فەرەج کەسایەتی رۆشنبیر و نووسەری شاری کەرکوک ، وتی:  "پێویستە تورکیا و گەلی تورک بزانن تا بەڕێز ئۆجالان لە زیندانا بێت، دەوڵەتێک نیە بەناوی تورکیای ئازاد و دیموکرات، تا بەڕێز ئۆجالان لە زیندان بێت تورکیا لە زیندان دەبێت، چونکە بە ئازادبوونی ئۆجالان تورکیاش ئازاد دەبێت، داوا دەکەم هەمووان بەشداربن لە پرکردنی فۆرمی ئازادی بۆ ئۆجالان و دەرکردنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، چونکە تا ئۆجالان ئازاد نەبێت ئاشتی نایاتە دی."

ف.ق