کۆمیتەی ١ی ئایار: لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە باشووری کوردستان ١٢ کرێکار گیانیان لەدەستداوە
سەندیکای کرێکاران و کۆمیتەی ١ ی ئایار لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانیان بڵاوکردەوە.
سەندیکای کرێکاران و کۆمیتەی ١ ی ئایار لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانیان بڵاوکردەوە.
سەندیکای کرێکاران و کۆمیتەی ١ ی ئایار لە سەنتەری میترۆی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانیان بڵاوکردەوە. ئەندامی کۆمیتەی ١ ی ئایار، شاباز مەحمود ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا، ١٢ کرێکار گیانیان لەدەست داوە، کە چواریان لە سلێمانی، پێنجیان لە هەولێر و سێ کرێکاریش لە دهۆک.
شاباز مەحمود ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە شوێنی کار، نەبوونی پێداویستی خۆپارێزی و هۆشیارنەکردنەوەی کرێکاران لەلایەن کۆمپانیا و خاوەنکارەکانەوە، ژیانی کرێکاران لە مەترسیدایە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی سلێمانی و ئەندامی کۆمیتەی ١ـی ئایار، عوسمان زیندانی لە کۆنگرەکەدا وتی: "ئەمڕۆ ٢٨ـی نیسان ڕۆژی جیهانیی قوربانییانی شوێنی کارە و لە جیهاندا بە ڕۆژی سەلامەتی شوێنی کار ناسراوە، ئێمە وەک کۆمیتەی ١ـی ئایار و بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری جیهانیی یادی ئەم ڕۆژە لەم ساتەوەختەدا کە دنیای سەرمایەداری لە خراپترین حاڵیدایە و ستەمکاری و نادادی لە مەترسیدارترین حاڵیدایە دەکەینەوە و بەرز ڕایدەگرین".
هەروەها گوتی: "لە عێراقیشدا بەپێی ئاماری ناوەندی نیشتیمانی تەندرووستی و پیشەیی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا ١٣ هەزار و ١٣٦ ڕووداوی کار بە هەموو جۆرەکانییەوە ڕوویداوە، بەڵام تەنها ٦٩ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم ڕەوشە ناوەندی نیشتیمانی بۆ سەلامەتی تەندرووستی و پیشەیی کرێکاران درووست بکەن".