کەنەکە: دۆخی پەنابەران تراژێدیەکی مەزنە و دەبێت چارەسەر بکرێت

کەنەکە ڕایگەیاند: دۆخی پەنابەران لە سنورەکانی بێلاڕوسیا و پۆڵۆنیا تراژێدیەکی مەزنە و مامەڵەی ئەو دوو ووڵاتە دژی مافەکانی مرۆڤە و دەبێت ئەوروپا بێتە سەر خەت و چارەسەر بکرێت. وەک کەنەکەش هەرچی بکەوێتە سەرشانمان بەجێیدەهێنین.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پرسی کۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیانی کوردی باشوری کوردستان و نەتەوەکانی دیکە بۆ بێلاڕوسیا و لەوێشەوە بۆ پۆڵۆنیا و ووڵاتانی دیکەی ئەوروپا دەربڕی. کەنەکە ڕایگەیاندوە : جارێکی تر جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا ڕووبەڕووی پرسی پەنابەران دەبێتەوە! دۆخی پەنابەران لە سنورەکانی بێلاڕوسیا و پۆڵۆنیا تراژێدیەکی غەمناکی مەزنە و مامەڵەی ئەو دوو ووڵاتە بەرامبەر بە پەنابەران دژی مافەکانی مرۆڤە. بۆ ڕێگرتن لە گەورەبوونی ئەو تراژیدیایە وەک کەنەکە هەرچی بکەوێتە سەرشانمان بەجێیدەهێنین. کەنەکە ڕەخنە لە بانگەوازی یەکێتی ئەوروپا و جیهان دەکات و ئاشکرای دەکات: هۆکارەکانی ئەو کۆچە چی بن و چ سیاسەتێکی تورکیا، ڕوسیا و بێلاڕوسیا لە پشتیەوە بێت،ئەم هەڵسوکەوتە بە هیچ شێوەیەک جێگای قەبوڵ کردن نیە! ئێمە بانگ لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەوڕۆپا و کەسایەتی خاوەن ویژدانی دونیا دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتە دژە مرۆڤایەتییە بێدەنگ نەبن و چارەسەریەک بۆ ئەو پەنابەرانە بدۆزنەوە. 

تەواوی دەقی ڕاگەیەنداروەکەی کەنەکە:

جارێکی تر جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا ڕووبەڕووی پرسی پەنابەران دەبێتەوە!

بە هەزاران پەنابەر، کە زۆربەیان خەڵکی باشوری کوردستان، عێراق و سوریان و لە سەر سنوری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بێچارە لەناو دارستانەکان بێهیوا ماونەتەوە. ئەم دۆخە ناهەموارەیان مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو پەنابەرانە دروست دەکات. لەناویان دا بە هەزارەها منداڵ و ژن هەیە.
رایەدارانی یەکێتی ئەوروپا لە ئاستی باڵادا، دەسەڵاتدارانی تورک و بێلاڕووس و رووسیا تاوانبار دەکەن بەوەی کە ئەردۆگان، ئلێکساندەر لۆکاشانکا و ڤیلادێمێر پووتین پەنابەران بۆ ئامانجەکانی خۆیان وەک فشارێکی سیاسی لە دژی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردێنن.
ئامانجی ئەم دەوڵەتانە لە بەرامبەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە چ هۆکار و نیازێک بێت، لە پرسی پەنابەران و ئەو هەڵسوکەوتەی کە رایەدارانی بێلاڕووس و پۆڵۆنیا لە دژی پەنابەران دەکەن، بۆ مرۆڤایەتیی و بۆ ژیانی پەنابەران تراژێدیەکی غەمناکی مەزنە و لە دژی مافەکانی مرۆڤە. 
ئەم هەڵسوکەوتە بە هیچ شێوەیەک جێگای قەبوڵ کردن نیە! 
ئێمە بانگی هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەوڕۆپا و کەسایەتی خاوەن ویژدانی دونیا دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتە دژە مرۆڤایەتیە بێدەنگ نەبن و چارەسەریەک بۆ ئەو پەنابەرانە بدۆزنەوە. ئێمە ئامانجی نیازی ئەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەوڕۆپا دەزانین. لە ساڵانی رابردووشدا بینیمان کە چۆن دەوڵەتی تورکیا پرسی پەنابەرانی وەک کارتێک لە دژی یەکێتیی ئەوڕۆپا بەکارهێنا. لە هەمان کاتدا، داواکارین بە تایبەتی کە رای گشتی سەرنجڕاکێشی سەر ئامانج و نیازە سەرەکیەکانی ئاردۆگان و دەوڵەتی تورکیا بکەین. کە ئەوەیە رێ لەبەر خەڵکی کوردستان دەکاتەوە بۆ ئەوەی  هەرێم لە کوردان چۆڵ بکات و بە ئاسانی دێمۆگرافیی کوردستان بگۆڕێ. ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا ستراتیژی یە! دەیەوێ تەوای کوردستان چۆڵ بکات و دێمۆگرافیی هەرێم بەگشتی بگۆڕێت و هەموو گروپ و پێکهاتە جیاکانی ناوچەکە بە ئاسانی ملکەچی سیاسەتەکەی بن و بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوەوە. ئەو ستراتێژیە بۆ دێمۆگرافیای هەرێم و کوردستان مەترسیدارە.
بەوەی کە نیازەکانی دەوڵەتی تورکیا و رێمە دیکتاتۆرەکەی لای ئێمە روون و ئاشکرایە، لە هەمان کاتدا داوا لە رایەدارانی باشوری کوردستان دەکەین کە هەرچی زووە ئەم پرسە بە جیددی و بە بەرپرسیاریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی کاری بۆ بکەن و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک بۆ هاوکاری و چارەسەری دۆزینەوە بۆ پرسی پەنابەران، پێش ئەوەی ئەو تراژێدییە گەورەتر و مەترسیدارتر نەبێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانی ئێمە، هەوڵی جیدی  بۆ بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانمان دەکەین. بۆ ئەم مەبەستە هەیئەتێکی ک ن ک، لە دوارۆژێکی نزیکدا سەردانی سنورەکانی بێلاڕووسیا و پۆڵۆنیا و بۆ شوێنی پەنابەران دەکات.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
2021.11.10 برۆکسل/ بەلجیکا

هـ.هـ