کەنەکە لەبارەی "شەڕی ناوخۆوە" هۆشداریی دا و داوای دیالۆگی کرد

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند، دەوڵەتی تورک ئەیەوێ هێزە کوردییەکان بکات بەگژ یەکترداو شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسێنێت. بۆ ئەوەش هۆشداریی لە بارەی "شەڕی ناوخۆوە" دا و داوای دیالۆگی کرد.

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى گرژییەکانی ئەمدواییەى باشووری کوردستان و هەوڵە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی تورکیا بۆ هەڵگیرساندنی "شەڕی ناوخۆ" لە نێوان هێزە کوردییەکان و جموجوڵەکانی هێزەکانی پارتی بەرەو گارە و لێدوانەکانی کەجەکە و قەرەیلان بۆ رێگریکردن لە روودانی "شەڕی ناوخۆ" راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

 بانگەوازیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەسەر گرژییەکانی باشوور

ماوەیەکی درێژە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش ئەکاتە سەر باشووری کوردستان. چەند ناوچەیەکی داگیرکردووەو لە زۆر شوێنیش بنکەو بارەگای دامەزراندووە. تورکیا نەک هەر بە رێکاری سەربازیی هێرش ئەکاتە سەر باشوور، بەڵکو بە رێگاو شێوازی جیاواز و لەڕێی هاوکار و سیخوڕەکانییەوە، هەواڵی چەواشە و تێکدەرانە بڵاو ئەکاتەوە. ئەیەوێ هێزە کوردییەکان بکات بەگژ یەکترداو شەڕێکی ناوخۆیی هەڵگیرسێنێت.

ئەوەی جێی سەرنجە، هەر رێک لەم کاتەدا هەندێک هێزی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی گارا رووەو بنکەکانی گەریلا جووڵەیان پێکراوە. لە هەندێك شوێن خاڵی کۆنترۆڵیان داناوەو لە هەندێک شوێنی تریش لە نزیک سەنگەرەکانی گەریلا جێگیرکراون. ئەم دۆخەش بووە هۆی درووستبوونی کێشە و ئاڵۆزیی. ئەم کێشەو ئاریشانەش لە کاتێکی ئاوادا دەهێنرێنە پێش، کە ناوچەکەو دەستکەوتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانیش ئەخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە. ئەم کێشانە لەم چەند رۆژانەی دواییدا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، کە ئەشێ لە هەر کاتێکدا شەڕێکی لە نێوان هێزە کوردییەکاندا لێبکەوێتەوە. شەڕێکی لەو چەشنەش کارەسات و ماڵوێرانییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. هیچ گومانی تێدا نییە کە شەڕێکی ئاوەها ئەبێتە هۆی لەدەستدانی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا. ئەم کێشەو ئاڵۆزیانە تەنیاو تەنیا دڵی دوژمنانی کوردستان خۆش ئەکات و دۆستان ئەڕەنجێنێت.

بانگاوازی کۆما جڤاکێن کوردستانێ -کەجەکە-، بە تایبەتیش بانگەوازی بەڕێز موراد قەرەیلان کە داوای دیالۆگی تێدا کردووە، لە جێی خۆیدایە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهایەکی زۆر بۆ ئەو هەڵوێستی دیالۆگە دائەنێت. ئێمە هیوای هەمان هەڵوێست لە رێبەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەخوازین و چاوەڕێی هەڵوێستێکی ئەرێنین لێیان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییەوە ئەیەوێ سەرنجی رای گشتیی کوردستان راکێشێتە سەر رووداوێکی لەو چەشنەو ئەو کارەساتانەی لە ئەنجامیدا بەسەر خەڵکی کوردستاندا دێن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهیچ شێوەیەک هیچ بەرژەوەندییەکی کوردستان لە کێشە و ئاڵۆزییەکی ئاوەهادا نابینێ و لە بەرامبەریدا ئەوەستێ. لەبەرئەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان ئەکات بە هیچ شێوەیەک رێگا نەدەن کارەساتێکی لەو چەشنە رووبدات. داوا ئەکەین لە زووترین کاتدا کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.

هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بانگەوازیی لە گەلی کورد، لە پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان ئەکات، بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان هەستن و بەر لە رووداوێکی ماڵوێرانکەر بگرن.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەر لە ئێستاوە شاندێک لە رێبەرایەتی ك ن ك، نوێنەری پارت و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکان پێکدێنین، بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەری و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ بدەن. ئێمە بەهیواین و هەموو هەوڵێک ئەدەین لە زووترین کاتدا ئەو کارە بگاتە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ.

ژ.ت