کەنەکە لەگەڵ کەسایەتیی و ڕۆشنبیرانی ڕاپەڕیندا کۆبووەوە

شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە میانەی سەردانەکانیان لە باشوری کوردستان، لەگەڵ کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی ڕاپەڕین کۆبوونەوە و سەبارەت بە مەترسییەکانی شەڕ لەدژی کوردان و پرسی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان، گفتوگۆیان کرد.

ئەمڕۆ شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەنە لەگەڵ کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی دەڤەری ڕاپەڕین لەشاری ڕانیە کۆبوونەوە.

ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ئامانج لە سەردانەکەیان بۆ باشوری کوردستان دەستنیشانی کرد:” ئێمە ئامانجمان ئەوەیە سەردانی هەموو لایەنەکانی باشور بکەین بۆئەوەی ڕێگریی بکرێت لەهەر جۆرە شەڕ و ماڵوێرانییەکی دیکە کە بەسەر کورداندا بێت، هیچ تاکێکی کورد لەگەڵ شەڕی کورداندا نییە و سەردانەکانمان لەم پێناوەدا بۆ لای لایەنەکان ئەرێنی بووە”.

قەرەمووس لەسەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ هەڵگیرسانی شەڕی کوردان وتی:”دەوڵەتی فاشیستی تورک بە هاوکاریی چەتەکانی داعش و بەرەی نوسرە لەدژی گەلی کورد شەڕ دەکات و ئێستاکەش دەیەوێت لەنێوان هێزە کوردییەکاندا شەڕ ڕووبدات، کە ئەم شەڕە تەنها قازانجی بۆ داگیرکەران دەبێت”.

دواتر ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی شاندی کەنەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند، کە هەروەک چۆن ڕانیە بووە دەروازەی ڕاپەڕین لەدژی ڕژێمی بەعس، ئەمڕۆش دەبێت دەستەکەوتەکانی ڕاپەڕینی کوردان لە باشور و لە ڕۆژئاوا بە هەموومانەوە هەوڵ بۆ پاراستنیان بدەن و هەوڵەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان پووچەڵ بکەینەوە.

ئاسیا وتیشی”وەک چۆن پێکەوە هەموومان لە کۆبانێ داعشمان تێکشکاند، ئەمڕۆش دەبێت لەدژی داگیرکەران کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین و هەوڵ بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بدەین”، ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستمان پێکردووە و ئەنجامی باشی لێکەوتووەتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا زۆربەی ئامادەبووان لەسەر ئەو ڕایە کۆک بوون، کە تەنها بە یەکێتی نەتەوەیی دەتوانن هەموو پیلانەکانی دووژمنانی گەلی کورد پووچەڵ بکەنەوە و پێگەی کوردستان بەهێزتر بکەن.

ف.ق