کەنەکە: سیاسەتی کورد دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان بخاتە پێش هەموو شتێکەوە

کەنەکە دەستنیشانی کرد لەم قۆناغە مێژووییەدا دەبێت سیاسەتی کورد بەرژوەندییە نەتەوەییەکان بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان (کەنەکە) پەیوەست بە ڕووداو و پێشهاتەکانی سوریا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

"پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە سوریا، کۆتایی بە ڕژێمی بەعسی ئەسەد هێنا. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەتیش دەستەی ئەحرار شام و هەندێک گروپی وابەستە بە دەوڵەتی تورکەوە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی سوریا و لە ناویشیدا دیمەشقی پایتەختدا گرت. .تل ڕەفعەت و ناوچەی شەهبا لە کاتی شەڕ و ململانێدا لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیاوە داگیرکران دەیان هەزار کەس لە خەڵکی هەرێمەکە جارێکی تر ئاوارە بوون. لە ئێستاشدا ئەو هێزانە بە مەبەستی داگیرکاریی زیاتر ڕووی هێرشەکانیان کردۆتە منبج و ناوچەکانی دەوروبەری. ئامانجی تورکیا و چەتەکانی داگیرکردنی تەواوی رۆژئاوای کوردستانە. پێشهاتەکان لە سەرانسەری سوریادا دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە. هەرچەندە کۆتایی بە ڕژێمی بەشار ئەسەد هێناوە، بەڵام هێشتا هەڕەشە و هێرش لە ئارادایە. مەترسی لەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زیادی کردووە و دەکرێت کۆمەڵکوژیی و کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە. کارنامەی سەرەکیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی خۆی بە هەموو شێوەیەک چڕکردۆتەوە.سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشە و ترسانەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، ئاشکرایە کە قۆناغێکی نوێ دەستپێکردووە. هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا ببنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لێکتێگەیشتنەوە. هەروەها هیوادارین هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک کە سوودی بۆ هەموو لایەک و هەموو پێکهاتەکانی سوریا هەبێت. دەوڵەتی تورکیا خۆی بۆ هێرشی بەرفراوان ئامادە دەکات. ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتە سەر منبج. ئامانج ئەوەیە دوای داگیرکردنی منبج بەرەو بەشەکانی دیکەیی رۆژئاوا هەنگاو بنێن. بۆ ئەمەش پێویستە گەلەکەمان لەم قۆناغەی مێژوودا و لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی ولات هۆشیاربن، سیاسەتی کوردیی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە و لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش هەوڵەکانی زیاتر چڕ بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هێزە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکەوە لەکاردا بن. هەروەها پێویستە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و راگەیاندنەوە بە ئاشکراو بە روونی پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپات بکەنەوە.

لە لایەکی ترەوە گەلانی رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێویستی زۆریان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە بۆ سەدان هەزار پەنابەر هەیە. زۆر گرنگە خەڵکی هەموو کوردستان بە دەنگیانەوە بچن و ئەرکی خۆیان لەم رووەشەوە چیبەجێ بکەن.ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییە. شکستی ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوچوونی دەستەکەوتەکانی، شکست و لەناوچوونی هەموو دەستەکەوتەکانی گەلی کوردستانە بەگشتی. هیوادارین هەموو پارت و ڕێکخراو و دەزگا و کەسایەتییە کوردستانییەکان و هەمووگەلی کوردستان ئەمە بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان بزانن و بەپێی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن."