لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی کورد بەکورد و کۆتاییهێنان بەو بارگرژییەی لەباشوری کوردستان هاتووەتە ئاراوە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی کوردستان ئاشکرایان کردووە: ڕێککەوتی ٢٠٢٠/١١/٢١، بە دروشمی "ڕاوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی"لە سەر تۆڕی زووم بەشێوازی ئۆنلاین کۆنفڕانسێک ڕێکدەخەن و بۆ بەشدریکردن تێیدا، بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەن و کەسایەتی و ڕاگەیاندنەکانی کوردستان دەکەن.
دەقی ڕەگەیاندنەکەی کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان:
لەسەر ئەو گرژیانەی لە باشووری کوردستان لە نێوان هێزە کوردستانییەکان هاتوونەتە ئاراوە و بە مەبەستی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان پێیان، هەرەوەها بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە، نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە پێکەوە و لەو پێناوەدا دەست بە کارو تێکۆشان بکەن.
بە مەبەستی پەرەپێدانی دیلۆگ و ئاشتی و زیاتر ئاگادارکردنی ڕای گشتیی کوردستان لە دۆخەکە، هەردو لایەن بڕیارمان دا کۆنفرانسێکی بەرفراوان لە ژێر درووشمی "ڕاوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی" رێکبخرێت. بۆ ئەو مەبەستە هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسیی سەربەخۆ، میدیاکار و هونەرمەندان بانگهێشتی کۆنفراسی ڕاوێژ ئەکرێن.
کۆنفرانسی راوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی، رۆژی شەممە ڕێککەوتی ٢٠٢٠/١١/٢١، لەسەر تۆڕی زووم بەڕێوەئەچێت. لەو بارەیەوە کارنامەو ئاگاداریی زیاتر لە بانگهێشتنامەکەدا بۆ بەشداربووان ئەنێردرێت.
ئێمە دڵنیاین ئەو کۆنفرانسە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگ ئەکات.
هـ.هـ